راگەیاندنی موسوڵمانبوونی ژمارەیەک لە کاکەییەکانی کەرکووک؛ زەنگی مەترسی یان لۆمەکردن؟

13:48 - 22 خەرمانان 2714
Unknown Author
سۆران حەمەڕەش*

کە هەواڵی بە موسوڵمان بوونی کۆمەڵێک لە کاکەییەکانی کەرکووکم بیست، زۆر دڵتەنگ بووم. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەمیشە ئایینە کەمینەکانی کوردستان لە ژێر فشار و دڵەڕاوکێدان و من حەزم دەکرد کەئەو فشارە نەگاتە ئەو ئاستەی پەیڕەوانی ئەو کەمینە ئایینیە کوردیە دێرینانە بخاتە ژێر مەترسیەوە. بۆیە سەرەتا ویستم گورج بابەتێکی لەسەر بنووسم، بەڵام بەباشم نەزانی منێک کە یارسانی (کاکەیی) نیم و ڕۆژێک بەو فشار و ئازار و ترسەدا نەڕۆیشتووم کە خوشک و برایەکی یارسانی یان ئێزدی پێیدا دەڕوات پێش ئەوان لەسەر ئەو بابەتە بدوێم.

بۆیە چاوەڕوان بووم هەتاوەکو بزانم هاوڕێ یارسانیەکان بە باشی دەزانن قسە لەسەر بابەتەکە بکرێت. خۆشبەختانە وەک زۆرینەمان سەرنجمان دا، خۆ بە موسوڵمان دانانی ئەو بەڕێزانە، بووە مایەی نیگەرانی ژمارەیەکی زۆر لە یارسانەکان و هەندێک زۆر بە توڕەیی ئەو ڕاگەیاندنەی کاکەییەکانی ناوچەی کەرکووکیان رەتکردەوە. بۆیە منیش وەک کوردێک و وەک کەسێک کە ئەوپەڕی خۆشەویستیم بۆ ئەو ئایینە هەیە، حەزم کرد چەند سەرنجێک لەسەر ئەو بابەتە بنووسم.

سەرەتا ئەگەر گوێ لە ڤیدیۆکە بگریت، دەستبەجێ کۆمەڵێ شتت بۆ ڕوون دەبێتەوە. لە ڕاستیدا ئەو بەڕێزانە موسوڵمان بوونی خۆیان ڕانەگەیاندووە و ناڵێن هاتوونەتە سەر ئایینی ئیسلام، بەڵکوو ئەوان دەڵێن ئێمە موسوڵمانین و ئایینی کاکەیی هەر ئایینی ئیسلامە. جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەوەی کە بڵێیت ئەمڕۆ هاتووین ببین بە موسڵمان و لەوەی کە بڵێیت ئایینەکەمان ئایینێکی ئیسلامیە و کاکەییەکان موسوڵمانن. ئەوەی کە ئەوان ڕایانگەیاند، هەوڵی خۆگونجاندن و خۆپارستن لە مەترسی بوو. لەبەر ئەوەی کە بۆ هەموان ڕوونە کە ئایینی یارسانی، ئایینێکی سەربەخۆیە و بۆچوونی تایبەتی هەیە بۆ سەرەتای دروستبوونی ژیان و دەستپێکردنی سەرەتای مرۆڤایەتی. هەروەها ڕێوڕەسم و زۆر لە بۆنە کۆمەڵایەتیەکان و ڕێگای خواپەرستیان جیاوازە لە ئایینی ئیسلام و کریستیان و ئەم ئایینە هەڵقوڵاوی ناو فەرهەنگی کوردییە و بە بۆچوونی من کورد لە زۆر ڕووەوە قەرزاری یارسانەکانە. هەر ئەوانن کە بە هەزاران شیعری کوردی ئایینیان پاراستووە و هەر ئەوانن کە مۆسیقای کوردی رەسەنیان پاراستووە و ئامێری تەمبوریان وەک خۆی بۆ زیاتر لە سێ هەزار و پێنج سەد ساڵە هێشتۆتەوە. گەر هەوڵ بدەین لە فیکر و ئەدەب و فەرهەنگی کوردی بگەین و لە ئایینی یارسانی تێنگەیشتبێتین، ئەوا بە دڵنیایی دەبێت ئەوە بزانین ئەو هەوڵەمان هەوڵێکی تەواو کوموکووڕ و بێهوودە دەبێت. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هیچ کام لە ئایینەکانی یارسان و ئیسلام کەمتر یان زیاتر بن، هەردووکیان دوو ئایینی جیاوازن و دەبێت رێزلێبگیرێن.

لە ڕاستیدا لە ناو قسەکانی ئەو بەڕێزانەدا، وا دەردەکەوێت کە تووشی ترس بووبێتن و بیانەوێت لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆلە بەهێزە ئایینیەی ڕۆژهەڵاتدا خۆیان بپارێزن. دەبێت ئەوە بزانرێت کە بە درێژایی مێژوو، پەیڕەوانی ئایینە کوردیە ڕەسەنەکانی وەک ئێزدی، یارسانی، دروز.... سەرەرای ئەوەی کە بیروبۆچوونی ئایینی خۆیان تا ڕادەیەکی باش بە شاراوەیی هێشتۆتەوە و بە ڕوونی بە ئەندامانی خۆیان ڕاگەیاندووە کە نابێت بیروبۆچوونی خۆیان لای خەڵکانی تر بدرکێنن، لە هەمان کاتدا لە قۆناغە جیاوازەکاندا وازیان لە بەشێک لە دابونەریت و بیروباوەڕی ئایینی خۆیان هێناوە بۆ خۆ پاراستن و خۆ هێشتنەوە لەو ژینگە نادۆستەی کە تێیدا دەژین. بەڵام ئەوەی کە لەو راگەیاندنەی ئەم جارەدا جیاوازە ئەوەیە کە لە رابردوودا ئەم پرۆسەیە زۆر لەسەر خۆ روویداوە و ئەو هەوڵانە بە جۆرێک لەسەرخۆ بووە کە هەندێک جار بەشێک لە پەیڕوانی ئایینەکانیش خۆشیان دەرکیان پێ نەکردووە؛ ڕاگەیاندنەکەی ئەمجارە زۆر بە کتوپڕ ڕوویدا بە شێوەیەک کە هەموانی سەرسام کرد.

ئەوەی کە مایەی سەرنجە ئەم هەوڵی خۆ گونجاندن و سەرکزکردنە، زیاتر لە ناو یارسانەکانی باشووری کوردستان و نیشتەجێی ناوچەکانی کەرکووک و خانەقین و موسڵ دا دەردەکەوێت کە لە ناوچەیەکدا دەژین بەربەستی سرووشتی نیە کە لە کاتی لێقەوماندا بەهۆیەوە خۆیان لە سایەیدا لە مەترسی بپارێزن. ئەگەر سەرنج بدرێت، لە وڵاتی ئێراندا کە وڵاتێکی ئایینی توندە، کوردە یارسانەکان زۆر بە ئاشکراتر و ڕوونتر پەیڕەوی ئایینەکەیان دەکەن و بۆنە ئایینیەکانیان دەگێڕن، بەشێوەیەک کە هەندێک جار خۆپیشاندانیان لە دژی حکوومەتی ئێران کردووە کاتێک کە سووکایەتیان لەلایەن ئەو ڕژێمەوە بەرامبەر کراوە. واتە سەرەڕای ئەوەی کە چاوەڕوانی ئەوە دەکرا کە یارسانەکانی باشوور زیاتر و ئاشکراتر خۆیان وەک یارسانی بناسێنن، کەچی بەشێوەیەکی چاوەروان نەکراو، ئەوان ئەوەیان نەکردووە. بە دڵنیایی هۆکاری زۆر و ئاڵۆز هەیە کە بەهۆیەوە ئەو جیاوازیە ڕوونە دەبینین و تێگەیشتن لەو جیاوازیە هاوکاریمان دەکات لە پارێزگاریکردن لە ئایینی یارسان و پەیڕوانی لە باشوردا.

سەرەڕای ئەوە دەبێت ئەوە بزانرێت، کە ئەم هەوڵی خۆگونجاندنە هەوڵێکی تەنها نیە و هەوڵی لەو جۆرە لە هەندێک شوێنی تری جیهاندا ڕووی داوە. لێکۆڵەری بەرازیلی، پاوڵۆ فرێری، کە ئەو زیاتر لەسەر پەیوەندی نێوان خەڵکی ژێر دەست و باڵادەست لە پەیوەست بە بەرازیلیەکانی ژێر سایەی پرتوگالیە داگیرکەرەکاندا کاری کردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر جار خەڵکی بندەست واز لە دابونەریتی خۆیان دەهێنن و دەچنە سەر دابونەریتی خەڵکە باڵادەست و داگیرکەرەکە بۆ ئەوەی کە \'ئاسایی\' دەربکەون. ئەمەش لە ئەنجامی ئەوەدایە کە خوێندن و فەرهەنگی کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی، بە ئاڕاستەی سەپاندنی بۆچوونی زۆرینە دادەڕێژرێت و وا لە پەیڕەوانی ئایینە کەمینەکان دەکرێت کە هەست بکەن ئەوان بیروباوەڕێکی نائاساییان هەیە و لەگەڵ کۆمەڵگەدا نەگونجاوە.

ئەوەتا ڕۆژانە بێژەرە کوردە لیبڕالەکانمان کە پرۆگرام سەبارەت سیاسەت و ئایین پێشکەش دەکەن، بە دەیان جار دەڵێن ئێمە کۆمەڵگەیەکی موسوڵمانین و کورد موسوڵمانە. ڕاست دەکەن کە ئیسلام ئایینی زۆرینەی کوردە و ئەو ڕاستیە بۆ هەموان ڕوونە، بەڵام دانانی هەموو کورد بە موسوڵمان کە هەموو ڕۆژێک لەلایەن بێژەرە ناهوشیارەکانەوە دەکرێت، تاوان و نەخوێندنەوە و بێڕێزیە بەرامبەر بە یارسانی، کریستیان، ئیزدی و شەبەک و دەربڕینێکی نادیموکراسیانەیە کە ئاستی ناهوشیاری هەندێک لە پرۆگرامە سیاسیەکانمان نیشان دەدات. لە کاتێکدا کە هەرچەندە هەندێک هەوڵ لە ناو پرۆگرامی خوێندن و میدیاکاندا دراوە بۆ ئاشناکردنی ئەو ئایینانە بە کۆمەڵگەی کوردی ، بەڵام هێشتا زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردی نا ئاشنایە بەو ئایینانە و هەلومەرجەکە وای کردووە تەنانەت هەندێک لە پەیرەوانی ئەو ئایینانەش بە تەواوی ئاشنای ئایینەکەی خۆیان نەبن. بە لایانی کەمەوە دەبێت هەمیشە دووپات بکرێتەوە کە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی فرە ئایینیە لە کاتێکدا کە لە کۆمەڵگەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو کوردی یارسانی، ئێزدی، شەبەک، شیعە، کریستیان... ی هەیە.

بۆیە ئەو راگەیاندنەی ئەو بەڕێزانە کە لە سەر شاشەی تەلەفزیۆن بینرا، سەرەڕای ئەوەی کە زۆر لە یارسانیەکانی ڕاچڵەکاند، بەڵام زیاتر دەبێت وەک زەنگی مەترسی سەیر بکرێت بۆ سەر ئەو ئایینە ڕەسەنە کوردیانە. هەرچەندە دەبوو کۆمەڵگەی کوردی زۆر زووتر هەستی بەم مەترسیە بکردایە و بە بۆچوونی من پێویست بە یاسا و ڕێسای نوێ دەکات بۆ ئەوەی کە لە سایەیدا یارسان و ئێزدی و شەبەک هەست بە ئارامی و ئاسایش بکەن. من خۆم هەرگیز ئەو ڕۆژەم بیرناچێتەوە کە کاتێک بەڕێز مامۆستا فەلەکەدین نێژرا و یارسانەکانی کرماشان لەسەر فەیس بوک هاواریان لێهەستا و گووتیان \"چۆن دەبێت کە کاک فەلەکەدین بێ تەمبور ژەنین بنێژرێت\" کەچی لە بەرامبەردا یارسانیەکانی باشور بێدەنگ بوون. لەبەر ئەوەی کە یارسانەکان لە کاتی ناشتندا بە گۆرانی و تەمبور ژەنین و بە مۆسیقای کوردی ڕەسەن مردوویان دەنێژن. دەبوو ئەو کاتە دەرکمان بە ترس و کزی کاکەییەکانی باشور بکردایە و هەموومان بهاتینایەتە دەنگ. بە داخەوە ئەو ڕۆح و جەستە کاکەییە، کە لە هەوڵی زۆردا بوو بۆ پاراستنی کاکەییەکان وئایینەکەیان، لە مردنیشدا لە ژێر کاریگەری و ترسی خۆجوداکردنەوە لە فەرهەنگی زۆرینە، نەیانهێشت کە یارسانیانە بنێژرێت. هیوام وایە کە من مردم، یارسانە خۆشەویستەکان گەر ئایینە پیرۆزەکەیان ڕێی پێدان، با بە تەمبور و مۆسیقای ڕەسەن و ڕێوڕەسمی یارسانی و کوردیانە بمنێژن، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت ئەوە پەیامێک بێت بۆ هەموان کە یارسانی بوون مایەی ئەوپەڕی شانازیە و لە هەمان کاتدا منیش ڕۆح و جەستەم بە شێوەیەکی کوردیانە لە ژێر خاکدا بحەوێتەوە.

تێبنی: مەبەست لە سێ هەزار و پێنج سەد ساڵ تەمەنی ئامێری تەنبور، ئەو پەیکەرانەیە کە لە ناوچەی ئیلام دۆزراونەتەوە کە هی سێ تەمبور ژەنن و تەمەنی پەیکەرەکان سێ هەزار و پێنج سەد ساڵە.

*ئەم بابەتە لە لاپەڕەی فەیسبووکی (سۆران حەمەڕەش) وەرگیراوە.