راپۆرتێکی ئاماریی ١ ساڵ پێشێلکاریی مافی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران

13:23 - 14 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: ئاماری ١ ساڵ پیشێلکاریی مافی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن بەشی تایبەتیی ژنان لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ئامادە کراوە و بڵاو دەکرێتەوە کە بەشێوەی راپۆرتی ئاماری دەخرێتە بەر دیدی بەردەنگانی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا.

ئەم ئامارە بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ئامادە و بڵاو دەکرێتەوە کە بەهۆی دۆخی ئەمنیەتیی زاڵ بەسەر ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و نەبوونی دەنگدانەوە لە میدیاکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

لەم راپۆرتەدا خۆکوشتن و کوژرانی ژنان وەک حاڵەتەکانی پێشێلکاریی ژنان، ئاماژەی پێ دەکرێت.

دەستبەسەر کرانی ژنە چالاکانی کورد لە ناوچە کوردنشنەکانی ئێران

لە ساڵی ١٣٩١ سەرجەم ٧ ژنی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون.

رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕ ساڵی ١٣٩١ \"ئەدیبە کەلانتەری\" یەکێک لە چالاکانی خوێندکاری لە شاری رونسەر دەستبەسەر و بۆ زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان راگوێزرا.

یەکێکی دیکە لە چالاکانی خوێندکاریی شاری روانسەر بەناوی \"نگین تەیبی\" لە رۆژی \"قودس\"دا پاش ئەوەی لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان تووشی کێشە هاتبوو، لەلایەن ئەو هیزانەوە دەستبەسەر و رەوانەی شاری کرماشنا کرابوو.

هاوکات لەو رۆژەدا ژنیکی دیکەش دەستبەسەر کرابوو کە شوناسی نەزانراوە.

لە کۆتایی خەزەڵوەری ئەمساڵدا ٣ ژنە چالاکی کوردی خەڵکی ئوستانی خۆراسان بەناوەکانی \"مەحبووبە خەبووشانی، مینا خەبووسانی و بێهناز رەزا زادە\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرابوون.
ئەو ٣ ژنە خەڵکی شاری \"قووچان\"ی سەربە ئوستانی خوراسانی رەزەوی و دانێشتووی شاری \"مەشهەد\" بوون.

بانگهێشتی ژنانی کورد بۆ دەزگا ئەمنیەتی و قەزاییەکان

لە کۆتایی مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، کچێکی بەناوی \"پەریا . ع\" خەڵکی کرماشان لەلایەن پۆلیسی ئینتێرنێتی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرابوو.

ناوبراو کە تەمەنی ١٤ ساڵ بووە، لە وێبلاگی شەخسیی خۆیدا، دۆخی هەنووکەیی کۆمەڵگەی دابوویە بەر رەخنە کە لەلایەن ئەو ناوندەوە هەڕەشەی لێکرابوو کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی، لە درێژەدان بە خوێندن بێبەس دەکرێت.

لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٧ی خەزەڵوەر یەکێک لە چاکانی ژنان دانیشتووی مەشهەد بەناوی \"گوڵێ شادکام\" بانگهێشتی حیراسەتی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی مەشهەد کرابوو.

گوڵێ شادکام یەکێک لە چالاکانی ژنانی کوردی خەڵکی ئوستانی خوراسانی باکوورە و لە پێناو پەرە پێدانی کولتوور و ئەدەبی کوردی هەوڵ و خزمەتێکی بەچاوی ئەنجام داوە.

رۆژی ١٥ی رەشەممە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان \"کەژاڵ هوژبەری\" دانێشتووی گوندی بەردەرەش\"ی سەربەو شارە بانگهێشت و وێڕای لێپرسینەوە پێیان راگەیاندبوو کە بە زووترین کات لە هاوسەرەکەی جیا ببێتەوە.

کەژاڵ هوژبەری هاوسەری \"عەلی دانش\"ـە کە بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشتووە.

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١١ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی \"شیوا گەنجی\" هاوسەری \"مادێح نەزەری\" رۆژنامەنووسی کورد، کەبەهۆی زەخت و گوشاری هیزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە وڵاتی ئێرانی بەجێهێشتووە و لە وڵاتی تورکیە گیرساوەتەوە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرابوو و بەتوندی لێپرسینەوەی لێکرابوو.

شیوا گەنجی بەهۆی لێدوان بۆ مێدیاکان لەسەر بارودۆخی هاسەرەکەی لێپرسینەوەی لێکرابوو و هەڕەشەیان لێکردبوو کە لە ئەگەری لێدوان بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، بەرەوڕووی زیندان دەبێتەوە.

لە ناوەڕاست مانگی رەشەممەدا، \"ئازەر تایرئابادی\" ژنە رۆژنامەنووسی خەڵکی شاری \"کەنگاوەر\" بانگهێشتی دەفتەری پەیگیریی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری تاران کرابوو.

دەگوترێ ئەو چالاکە فەرهەنگییە بەهۆی بڵاوکردنەوەی وتار و راپۆرت لە حەفتەنامەی \"غەرب\" و \"ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان\" بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرابوو.

دەرکردنی حوکمی دادوەری بۆ چالاکانی ژنانی کورد لە ناوچەر کوردنشینەکانی ئێران

\"سافیە سادقی\" تەمەن ٢٣ ساڵ و دانێشتووی شاری سەڵماس کە لە بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، رۆژی ٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری \"سنە\"وە بە تاوانی \"موحاربە\" و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە ١٥ ساڵ زیندان حوکم درا.

لە رێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ساڵی رابردوو، \"بەفرین حوجەتی\" خەڵکی شاری مەهاباد بەهۆی رٶڵ بینین لە درامایەکدا و بلاوبوونەوەی لە یەکێک لە کەناڵەکانی دەرەوەی وڵات، بەبێ ئامادە بوونی خۆی لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە حوکمی ٤ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.

نابراو بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەناچاری وڵاتی بەجێهیشت.

هەروەها لە سەرماوەزی ساڵی رابردوودا \"فاتمە پەرویزی\" تەمەن ٥٣ ساڵ، لەلایەن ‌یزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری \"کەرەج\" دەستبەسەر و بەتاوانی \"بێ‌ڕێزی کردن و سووکایەتی کردن بە سەربازانی بێ‌ناو و نیشانی ئیمام زەمان\" بە ٦ مانگ زیندانی لە زیندانی \"نەوشار\" حوکم درا و هەتا ئێستاش لەو زیندانە راگیراوە.

مردنی ژنان بەهۆی کەمیی دەوا و دەرمان و نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی

لە ساڵی ١٣٩١دا و ٤ ژنی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆی کمیی دەوا و دەرمان و نبوونی ئیمکاناتی پزیشکی، گیانیان لەدەست داوە.

رێکەوتی ٩ی رەزبەر ژنێکی کورد بەناوی \"گەلاوێژ نەقشبەندی\" تەمەن ٣٢ ساڵ، كچی شێخ جەماڵ ( كوڕی شێخ عوسمانی دوڕوو) و خەڵكی شاری سەوڵاوا بەهۆی لێدانی دەرزیی هەڵە لە نەخۆشخانەیەكی شاری سنە گیانی لەدەست دا.

هەروەها رێکەوتی ١٩ی سەرماوەز ژنێک بەناوی \"شیرین خەلقی\" تەمن ٤٠ ساڵ، پاش ٢٤ کاتژمێر لە دایک بوونی منداڵەکەی، بەهۆی خوێنڕێژیی زۆر و کەمتەرخەمیی گوێ نەدانی پەرەستاران بەو ژنە گیانی لە دەست دا
ئەو ژنە هاوسەری \"حەبیب حەیرانی\" و خاوەنی ٢ منداڵی دیکەیە و دانیشتووی گوندی \"بنچەڵێ\"ی سەر بە شاری روانسەر راگەیەندراوە.

لەلایەکی دیکەوە رێکەوتی ٧ی رێبەندان ژنێکی دووگیان بەناوی \"فەرانەک چووپانی\" خەڵکی شاری سنە، پاش گەیشتن بە نەخۆشخانەی تامین اجتماعیی ئەو شارە بەهۆی پێڕانەگەیشتن و کەمتەرخەمیی پزیشکی لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەست دا.

ئەو ژنە پاش گەیشتن بە نەخۆشخانە، سەرەتا منداڵەکە لە ناو زگیدا مردووە و پاشان بۆخۆشی لەبەر پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانی لەدەست داوە.

رێکەوتی ٢٣ی ریبەندان، شەمسی رەشیدی تەمەن ٤٣ ساڵ، کە خاوەنی ٤ منداڵ و دانێشتووی گوندی \"ئەویهەنگ\" سەربە شاری سنە بووە، کە بەهۆی پەستانی خوێن و نەبوونی پزیشک لەو گوندە، لەکاتی راگواستن بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

ئاماری ئەو ژنانەی کە بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان کوژراون

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا ١٤ ژن لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان گیانیان لێ ئەستێندراوە کە لەوم خشتەیەی ژێرەوەدا ئاماژە بە موشخەساتیان دەکرێت.

\"11838.jpg\"


ئاماری ئەو ژنانەی کە لە دەرەوەی ماڵەوە کوژراون


\"11842.jpg\"


ئاماری خۆ کوژی ژنانی کرد له‌ ساڵی ٩١

به‌ پێێ ئاماری تۆمارکراو له‌ ناوه‌ندی ئاماری هه‌واڵده‌ریی کوردپا، له‌ ساڵی ٩١ دا ٣٩ژن له‌ ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی ئێران ده‌ستیان داوه‌ به‌ خۆ کوژی که‌ له‌ دوو خشته‌ی جیاواز دا ئاماژه‌ به‌ ناو و موشه‌خه‌ساتییان دراوه‌.

\"11837.jpg\"

\"11836.jpg\"

شکڵی (١)
جیا کردنەوەی ئەم ئامارە بەپێی تەمەن

\"11835.jpg\"


نمووداری (١)
شێوەی خۆکوشتنی ژنان

\"11839.jpg\"


نمووداری (٢)
جیا کردنەوەی حاڵەتەکان بەپێی ئوستانەکان

\"11833.jpg\"


تێبینی: لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەسانەی کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن، بنەماڵە و کەسوکاریان لە ژێر ناوی \"پاراستنی حەیا و شەرەف\" خۆکوژییەکان بە مردنی ئاسایی لە قەڵەم ئەدرێن، کە ئەمە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ئەوەیە ئاماری راستەقینە لە خۆکووژیی ژنان بەدەر نەکەوێت.

هەروەها بەپێی زۆرێک لە کارناسان، ساڵانە زیاتر لە ٤٠٠ حاڵەتی خۆکوشتن لە ئوستانی ئیلام روو ئەدات، کەلەکۆی ئەو رێژەیە ٢٢٠ کەسیان ژنانن کە زۆربەشیان لە رێگەی خۆسووتاندنەوە کۆتایی بەژیانی خۆیان دێنن.

بڵاو کردنەوەی ئەم ئامارە بەهێنانی ناوی سەرچاوەکەی \"ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا\" رێگە پێدراوە.