راپۆرتێک لە سەردۆخی نالەباری نەخۆشخانە و زانکۆی شاری شنۆ + وێنــە

15:42 - 30 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: نەخۆشخانەی شاری شنۆ بەهۆی نەبونی ئیکاناتی پێویست و کەرەسەی تایبەت \"زایمان\"ی ژنان هاووڵاتییانی ئەو شارەی بەرەوڕووی کێشەو گرفت کردۆتەوە.

بەوتەی هاووڵاتییانی شاری شنۆ، نخۆشخانەی \"نەبی ئەکڕەم\" هەتا ئیستا ژوورێکی تایبەتی بە کەرەسەی پێشکەوتووە بۆ منداڵبوون تێدا نییە و ژنان لە کاتی منداڵبووندا بۆ شاری نەغەدە بەڕێ دەکرێن و ئەمەش هەڕەشە لە گیانی ژنانی دووگیان دەکات.

لەلایەکی دیکەوە نەبوونی کادر و پزیشکی شارەزاو پسپۆر لەو نەخۆشخانەیە، بۆتە گرفتێکی دیکەو بەو هۆیەوە هاووڵاتییان بەتەواوەتی لەو نەخۆشخانەیە هیوا بڕاو بوون و تەنیا لە کاتی ناچاریدا سەردانی نەخۆشخانەی \"نەبی ئەکڕەم\" دەکەن.

بەوتەی هاووڵاتیانی شاری شنۆ ئەو نەخۆشخانەیە دروست کراوی سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی شای ئیڕانەو بەشێوەیەکی ناسەردەمیانە دروست کراوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە پاش ئەوەی چەند ساڵ پێش ئێستا زەوییەکی تایبەتییان لە گەڕەکی \"سەیداوێ\" بۆ دروست کردنی بینای نەخۆشخانە تەرخان کردووە، هەتا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ کارێکی لەسەر نەکراوە.

بەوتەی یەکێک لە هاووڵاتییانی شاری شنۆ، فەرماندار لە کۆبوونەوەیەکدا کە لەگەڵ خەڵکدا بوویەتی رایگەیاندووە، لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا خەڵکی ئەم شارە هاوکاریی حیزبە کوردییەکانیان کردووە، هەر بۆیە ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانە وەک خۆیان ماونەتەوە.

زانکۆی شاری شنۆ بەشێوەی کاتی کار دەکات
زانکۆی شاری شنۆ کەلە بینای \"دوخانیات\"ی ئەو شارەدا درێژە بەکارەکانی ئەدات، هەنووکە لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە داوای چۆڵ کردنی دەکرێت و ئەگەری ئەوە هەیە کە لە ماوەیەکی نزیکدا بەرەورووی داخران بێتەوە.

بەرپرسانی حکوومەتی رایانگەیاندووە کە ئە بینایە هیچ بەڵگەیەکی بەناوی زانکۆوە نییە، بۆیە دەبێ بەزووترین کات چۆڵ بکرێت.

زانکۆی شاری شنۆ ساڵی ١٣٨٤ بەهاوکاریی ئیمام جومعە شاری شنۆ و چەند کەسێکی دیکەی ئەو شارە لە بینای موخابراتدا دەستی بەکار کرد کە دواتر بەهۆی زۆربوونی رێژەی خوێندکارانەوە بۆ بینای دوخانیات گوازرایەوە، بەڵام هەنووکە بەرپرسانی حکوومەتی داوای چۆڵکردنی ئەو بینایەش دەکەن.
\"13368.jpg\"

\"13365.jpg\"

\"13364.jpg\"

\"13366.jpg\"