راپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی چالاکانی خوێندکاریی کوردستان

18:32 - 11 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کۆمەڵێک لە چالاکانی خوێندکاریی کوردستانی دەستبەسەر و بۆ شوینێکی نادیاری راگواستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێران لە شارەکانی پارێزگای کوردستان ٥ چالاکی خوێندکارییان دەستبەسەر و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەڕەشەیان لە چالاکێکی خوێندکاریی دیکەش کردووە.

\"شاهۆ مەحموودی\" یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی شاری مەریوان لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی كوردپا، وێڕای پژڕاست كردنەوەی ئەو هەواڵە وتی: لە درێژەی ساز کردنی دۆسیەی ناوەندە ئەمنیەتییەکان بەدژی چالاکانی خوێندکاری و مەدەنیی کورد، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٩ی رێبەندان ٥ چالاکی خوێندکاری لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون.

ئەو چالاکە خوێندکارییەی زانستگەی ئازادی مەریوان ئاشکرای کرد، سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە چەندین چالاکی خوێندکاری بە ناوەکانی؛ \"داود قەسیمی\" کوڕی قادر خوێندکاری کارناسیی رشتەی کۆمەڵناسیی زانستگەی ئازادی تاران – ناوەند، \"سامان مەحموودی\" کوڕی حوسێن خوێندکاری کارناسیی باڵای زانستگەی ورمێ، \"خالید محەممەدی\" خوێندکاری کارناسیی باڵای رشتەی جۆغرافیا، \"سۆران دانیشوەر\" خوێندکاری رشتەی ماڵ و شارسازی زانستگەی کوردستان، \"محەممەد کۆنەپۆشی\" کوڕی عەلی خوێندکاری زانستگەی ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

شاهۆ مەحموودی لە درێژەی لێدوانەکەدا رایگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بە تەلەفۆن پەیوەندییان بە بنەماڵەی ئێمەوە کردووە و هەڕەشەیان لە من کردووە.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە سەرلە ئێوارێی رۆژی سێشەممە زیاتر لە ٥٠ کەس بنەماڵە و کەس وکاری ئەو دەستبەسەر کراوانە لە بەر دەرکەی فەرمانداری شاری مەریوان کۆبوونەوە و خوازیاری روون پێراگەیشتن بە چارەنووسی ناڕوونی رۆڵەکانیان بوون.

داود قەسیمی و خالید محەممەدی لە شارۆچکەی کانی دیناری سەربە شاری مەریوان دەستبەسەر کراون.

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە ئەو دەستبەسەر کراوانە هاوکات ماڵەکەیان لەلایەن ئەو هێزانەوە پشکێندراوە و کامپیوتێر وزۆربەی کەرەسە شەخسییەکانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات راگوێزراون.

لەلایەکی دیکەوە \"سامان مەحموودی و سۆران دانیشوەر\" پێشتریش لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و لێپرسینەوەیان لێکرابوو.

هاوکات هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە چالاکێکی دیکەی خوێندکاری بە ناوی \"زانا موعینی\"ش دەستبەسەر کرابێت، بەڵام هەتا ئێستا راست بوونی ئەم هەواڵە پژڕاست نەکراوەتەوە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا هیوا تاسە چالاکی خوێندکاری کورد لە زانکۆی \"عەلامە تەباتەبایی\"ی تاران بە بڕیاری راستەوخۆی وەزارەتی ئیتلاعات لە خوێندن بێبەری کرا.