راپۆرتی حەفتانەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران

12:46 - 17 بەفرانبار 2712
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەر ٢ حەفتە جارێک راپۆرتێک لە ژێر ناوی \"روانگەی حەفتە\" لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاو دەکاتەوە.
حەفتەی دووەمی مانگی بەفرانبار ١٣٩١

ئێعدامەکان، بارودۆخی زیندانیانی سیاسی، بانگهێشت و دەستبەسەر کرانەکان و نەبوونی چاوەدێری و خزمەتگوزاریی پزیشکی مژاری سەرەکیی راپۆرتەکان پێک دێنن.


سەرلە ئێوارێی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٧ی بەفرانبار، ١٢ هاووڵاتیی ئێرانی لە زیندانی قزلحەساری کەرەج ئێعدام کران کە ٧ کەسیان هاووڵاتیی کورد بوون و ناوی ٤ کەسیان \"حامید ئەحمەدی، کەماڵ مەولایی، جهانگیر دێهقانی و جەمشید دێهقانی\" بوو، بە مەبەستی ئیعدام کردن لە زیندانی \"گەوهەر دەشتی کەرەج\"ەوە بۆ ژووری تاکە کەسیی زیندانی قزلحەسار راگوێزرابوون.

\"10589.jpg\"
ئەو هاووڵاتییە ئێعدام کراوانە خەڵکی گوندی \"قەرەیان\"ی سەر بە شاری سنە بوون کە ٣ کەسیان بەناوەکانی \"بێهنام رەحیمی\" کوڕی عەزیز، \"ئەسغەر رەحیمی\" کوڕی عەزیز، \"مەردان ئەحمەدی\" کوڕی عەبدوڵڵا هاوڕێ لەگەڵ ٤ هاوڵاتیی دیکەی کورد سەرلەبەیانی رۆژی ٧ی بەفرانبار لە زیندانی قزلحەسار ئێعدام کران.

ئەو هاووڵاتییانە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لە شاری سنە دەستبەسەر کران و دواتر لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بۆ زیندانی ئەوین راگوێزران و پاش ماوەیەک رەوانەی زیندانی رەجایی شاری کەرەج کران.

سەرجەم ئەو ١٢ کەسە لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی شاری تارانەوە بە تاوانی ئەندامەتی لە رێکخراوە ئیسلامییەکان بە ئێعدام مەحکووم کران و دواتر ئەو حوکمە لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پژڕاست کرایەوە و چووە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

بارودۆخی زیندانیانی سیاسی
\"10588.jpg\"
بێهرووز ئاڵخانی
جێبەجێ‌ كردنی حوكمی ئیعدامی بێهرووز ئاڵخانی بە دوور لە چاوەڕوانی نیە
حوکمی ئێعدامی بێرووز ئاڵخانی لەبەرەبەری جێبەجێ کردن دایە و حوکمەکەی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پژڕاست کراوەتەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە رێکەوتی ٧ی رێبەندانی ١٣٨٨ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ ٧ کەسی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری سەڵماسەوە بە تاوانی هاوکاریی حیزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامییی ئێران دەستبەسەر کران و دواتر بەبەشداری کردن لە کوشتنی دادوەری شاری خۆی تۆمەتبار کرا و لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری \"ورمێ\"وە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و کوشتنی دادوەری شاری خۆی حوکمی ئێعدامی بۆ بڕایەوە.

بێهرووز ئاڵخانی ماوەی زیاتر لە ١ ساڵ و نیو لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لە دەستبەسەریدا بوو و بە وتەی براکەی خۆی \"پەیمان ئاڵخانی\" لەو ماوەیەدا بە توندترین شێوە ئەشکەنجە کرابوو بە شێوەیەک کە بە هۆی خراپ بوونی باری تەندروستیی بێهرووز لەسەر داوای دادوەر دانیشتنی دادگاکە بۆ ماوەیەک دوور خرایەوە.

بێهرووز ئاڵخانی پاش ماوەیەک ناڕەزایەتیی بەو حوکمە دەربڕی و دۆسیەی ناوبراو رەوانەی دیوانی بەرزی وڵات کرا کە حوکمەکە لە دیوانی بەرزی وڵات پەسند نەکرایەوە و پاشان رەوانەی لقی ١٠ی دادگای پێداچوونەی پارێزگای ورمێ کرایەوە کە ئەو حوکمە بۆ جارێکی دیکە پەسند کرا.

دەستبەسەر کردنەکان

\"10587.jpg\"
لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد، حەفتەی رابردوو لە یەکێک لە گوندەکانی سەربە شاری سەرپێڵ‌زەهاو، ٣ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون.

ئەو ٣ هاووڵاتییە خەڵکی گوندی \"دەنگی\"ی سەربە بەخشی \"پشت تەنگ\"ی شاری سەرپێڵ‌زەهاون و یەکێک لەو دەستبەسەر کراوانە زیاتر لە ٨٠ ساڵ تەمەنی هەیە.

ناسنامەی ئەو ٣ هاووڵاتییەی \"قارەمان رەحمانی\" کوڕی کەریم، \"فەرمان رەحمانی\" تەمەن ٣٩ ساڵ، کوڕی قارەمان و \"عەسکەر رەحمانی\" تەمەن ٤٦ ساڵ راگەیەندراوە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەوالە هیچ هەواڵێک لەمەڕ چارەنووس و شوێنی راگیرانیان لەبەر دەستدا نییە.

دەستبەسەر کردنی ٣٠ شۆفیری کورد لە بەندەر \"ئیمام\"
زیاتر لە٣٠ شۆفیری کورد کە ناڕەزایەتییان لەمەڕ کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پارکینگی \"بەندەر ئیمام\" دەربڕیبوو لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی بەفرانبار کۆمەڵێک لە شۆفیرانی ماشینە نەوتکێشەکان لەمەڕ کەمتەرخەمیی بەرپرسان و دۆخی قوڕ و چڵپاوی پارکینگی \"بەندەر ئیمام\" ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو کە دواتر هێزە ئینتزامییەکان دەستێوەردانیان کردبوو و لە ئەنجامدا توندوتیژی لە نیوانیاندا هاتبووە ئاراوە و زیاتر لە ٣٠ کەسیان کە هاووڵاتیی کوردی عێراقی و ئێرانی بوون لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکانی \"بەندەر ئیمام\"ەوە دەستبەسەر کراون.

دەستبەسەر کرانی ئەو شۆفیرانە لە کاتێک دایە کە بەرپرسانی پارکینگی ئیمام بە مەبەستی قیرتاو کردنی ئەو پارکینگە لە هەر شۆفیرێک بڕێکی بەرچاو پارەیان وەرگرتووە، بەڵام هەتا ئیستا هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ ئەو شۆفیرانە ئەنجام نەدراوە.
ئەو شۆفیرە کوردانە کە لە هەرێمی کوردستانەوە نەوتی رەش بۆ بەندەری ئیمام لە پارێزگای ئەهواز دەگوازنەوە، بەردەوام لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە ئازار و ئەزیەت دەکرێن و زۆرجار بەشێوەی زۆرەملی بڕێکی بەرچاو پارەیان لێ دەستێنن، بۆیە ماوەیەکە شۆفیرە کوردەکانی عێراق بە کەمی سەردانی \"بەندەر ئیمام\" دەکەن.

٣ هاووڵاتیی شاری سەقز دەستبەسەر کران

دادگای شۆڕشی شاری سەقز ماوەی ١ ساڵ زیندانی بۆ هەرکام لەو ٣ هاووڵاتییە بە ناوەکانی \"موختار ئەلیاسی\"، \"کەماڵ خزدر و یوسف عەبدی\" بڕییەوە.
ئەو ٣ هاووڵاتییە پێشتر بۆ ماوەیەک لە زیندانی شاری سەقز راگیرابوون و دواتر بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوون و هەنووکە لە زیندانی ناوەندی ئەو شارە ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن.

بانگ کردن و لێپرسینەوە لە هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ
رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی بەفرانبار حوسێن پیرۆتی چالاکی کرێکاریی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراو و لێپرسینەوەی لێکرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی رێکخراوە کرێکارییەکان، دوابەدوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ، خۆی بەو ئیدارەیە ناساندووە و بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لەمەڕ بەشداری کردنی لە کۆڕی گشتیی کەرەجدا لێپرسینەوەیان لێکردووە.

رۆژی چوار شەممە رێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ئەمساڵ ٥ کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندی رێکخراوە کرێکارییەکان دەستبەسەر و هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

کەمیی دەوا ودەرمان بووە هۆی گیان لەدەست دانی مامۆستایەکی خەڵکی نەوسوود
\"10590.jpg\"
عەلی مورادی
، یەکێک لە مامۆستاکانی بەخشی نەوسوود سەربە شاری پاوە کە تووشی نەخۆشی ببوو بە هۆی کەمیی دەوا و دەرمان و ئیمکاناتی پزیشکی گیانی لەدەست دا.

زۆربەی سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لەوە کردووە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین کەس بە هۆی کەمیی دەوا و ئیمکاناتی پزیشکیەوە گیانیان لەدەست داوە، بەڵام هەتا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕی پێویستیان لەو مەسەلەیە نەداوەتەوە.

رۆژانە رێژەیەکی بەرچاو لە نەخۆشە تایبەتییەکان بە هۆی نابەرپرسیارەتیی ناوەندە پزیشکییەکان و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەسەر حکوومەتی ئێران کە کەمیی دەوا و دەرمانی بە دواوە بووە، بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە و گیانیان لەدەست ئەدەن کە ئەو مەسەلەیە لە ناوچە پەراوێز خراوەکان دا چەندین بەرابەر زیاترە.

ئەوە لە کاتێک دایە کە بەخشی نەوسوود ١١ هەزار حەشیمەتی هەیە و لەسەر داوای بەردەوامی هاووڵاتییان تەنیا چەند رۆژ پێش ئێستا یەکەیەکی ددان سازی بۆ دانراوە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان
هەواڵدەریی مافی مرۆڤ هێرانا
ماڵپەڕی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی رێکخراوە کرێکارییەکان