دەنگدانەوەی بەرینی تراژیدیای سووتانی قوتابیانی کچ لە پیرانشار

15:15 - 16 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەی \"شین‌ئاوێ\" سەر بە پیرانشار ٣٦ قوتابی کچی قۆناغی سەرەتایی ئەو گوندەی تووشی سووتان کرد بە شیوەیەک زۆربەیان زیاتر لە ٥٠%ی لەشیان تووشی سووتان بووە.

هەواڵ و راپۆرتەکان ئەوە دەردەخەن کە رووداوی سووتانی قوتابیانی کچ لە شاری پیرانشار لەناو بیروڕای گشتیدا دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتۆتەوە.

\"10055.jpg\"
رۆژنامەی \"ئێعتماد\" لە راپۆرتیکدا بڵاوی کردەوە، سەعاتی ٨/٢٥ خولەکی سەرلە بەیانی رۆژی ٤ شەممە ٣٦ قوتابیی کچ چاوەڕێی هاتنی مامۆستا بۆ سەر پۆل و وانە وتنەوە بوون، لەپڕا کوورەی نەوتی پٶلەکە گڕی کێشا و تراژیدیای خولقاند و ٣٦ كچە قوتابیی پۆلی چواری سەرەتایی تووشی کارەسات کرد.

بەڵام پرسیار لێرە دایە ئاخۆ گوندێک کە ماوەی چەند ساڵە گازی سرووشتیی بۆ کێشراوە، بۆ دەبێ هەتا ئێستا قوتابخانەکانی بۆ گەرم کردنەوەی پۆلەکان لە کوورەی نەوتی کەڵک وەربگرن.

\"10056.jpg\"
ئەو قوتابخانەیە کە سەرلە بەیانیان کچان وانەی تێدا دەخوێنن و پاش نیوەڕۆیان تایبەتە بە کوڕان کەلە کاتی شیفتی کچانەدا لەناو پۆلێکی خوێندن ئاگرکەوتنەوەکە روی داوە و سەرپرستیاری ئەو قوتابخانەیە ویستوویەتی ئەو کووڕەیە بەرەو دەرەوەی پۆل ببات کە لەناو دەرگاکە گیر دەکات و رێگای دەرباز بوون لە منداڵان دەگیرێ و ٣٦ قوتابیی کچ توووشی رووداوی سووتان بوون.

\"مورتەزا رەییسی\" جێگری بەرپرسی وەزیری پەروەردە و بارهێنان بۆ پاساو هێنانەوەی ئەوەی کە هەتا ئێستا لە و قوتابخانەیە لە کوورەی نەوتی کەڵک وەردەگرن، رایگەیاندووە کە ئەو کوورەیە لە جۆری ستاندارد بووە، بەڵام ئێمە هۆکاری ئەو ئاگرکەوتنەوە نازانین.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پیرانشار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، دۆخی جەستەیی ٣ کەس لەو قوتابیانە ناجێگیرە، بەڵام \"محەممەد سەروەر\" بە هەواڵنێری رۆژنامەی ئێعتمادی راگەیاندووە کە ٨ قوتابی کچ باری تەندرووستییان جێگەی مەترسییە و بۆ چاوەدێریی زیاتر رەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کراون.

\"10053.jpg\"
لە بارەی چۆنیەتیی ئەو رووداوەوە هەواڵ و زانیاریی جۆراوجۆر و دژبە یەک بڵاو کراونەتەوە و بەهۆی لە گۆڕێدا نەبوونی رووماڵ کردنی سەربەخی هەواڵ و رووداوەکان لەو ناوچەیە وەک خۆیان بڵو ناکرێنەوە.

ئەو قوتابخانەیە٣٠ ساڵ پیش ئێستا بەیارمەتی کەسانی خێرخواز درووست کراوە و بەگشتی ٣٦٠ قوتابی کچ و کوڕ لە ٢ شیفتی بەیانیان و پاشنیوەڕۆیان دەرسی تێدا دەخوێنن کە سەرەڕای هەبوونی گازی سرووشتی لەو گوندە، بەڵام هەتا ئێستاش بۆ گەرم کردنەوەی پۆلەکانی خوێندن لە کوورەی نەوتی کەڵک وەردەگیرێت و تەنانەت پاش ئەو ٣٠ ساڵە دەرگا و پەنجێرەکانیان نۆژەن نەکراونەتەوە.

بنەماڵەی بەرکەوتوان لەو باوەڕە دان کە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی قوتابخانە، نەبوونی ئیمکانات و ناستاندارد بوونی کەلوپەلەکانی کۆنترۆڵ، کۆن و خراپ بوونی دەرگای پۆلەکە لە هۆکارەسەرەکییەکانیئەو کارەساتەن.

\"10054.jpg\"
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ساری پیرانشار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، سەرەڕای هاتنە ئارای ئەو رووداوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشارەوە ١٥ هاووڵاتییان بانگهێشت کردووە کە گوایە بە sms خەڵکتان لەو رووداوە ئاگادار کردۆتەوە کە بە بۆنەی ئەو رووداوەوە ئاڵۆزی و پشێوی بنێنەوە.

ئەوە لە کاتێک دایە کە خەڵکی ئەو گوندە بە نیسبەت خزمەتگوزارییەکانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان ناڕازین و بەڵام ناوەندە ئەمنیەتییاکان هەڕەشەیان لە هاووڵاتییان کردووە کەلە دانی هەرچەشنە زانیارییەک بە راگەیەنەکان خۆ ببوێرن.

سەرچاوە خۆجێییەکان لە پیرانشارەوە ئاشکرایان کردووە کە خەڵکی ناڕازی و چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی پیرانشار بڕیاریان داوە رۆژی هەینی لەو شارە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی رێک بخەن.