دەستبەسەر كرانی لاوێك بە تاوانی گاڵتە بە كاروانی "راهیان نوور" لە روانسەر

16:20 - 29 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: لاوێكی تەمەن 19 ساڵ لە شەهرەكی \"سەریاس\"ی سەر بە بەخشی شاهۆ لە شاری روانسەر بە بیانووی گاڵتە بە كاروانی راهینانی نوور لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر كرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی 23ی پووشپەڕ سیرووس رەشیدی لاوێكی تەمەن 19 ساڵ بە بیانووی ئەوەی كە گاڵتەی بە كاروانی راهینانی نوور كردووە، لەولایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە قۆڵبەست كراوە.

شایەتحاڵان بە هەواڵنێری كوردپایان راگەیاندووە، كە هیچ چەشنە كردەوەیەكی گاڵتە ئامێزیان لەلایەن ئەو لاوە كوردەوە نەبینیوە، بەڵام هێزە نیزامییەكان لە كاتی گیرانی ئەو لاوەدا، جیا لە بێحورمەتی و سووكایەتی بە توندی داویانەتە بەر كوتان و لێدان.

سیرووس لە كاتی گیراندا ئەو تاوانەیان بە بێ‌بنەما لە قەڵەم داوە.

كەس و كاری نزیك بە بنەماڵەی سیرووس رەشیدی ئاشكرایان كردووە كەلە كاتی گیرانەوە هەتا ئێستا لە زیندان دایە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە سەرەتای مانگی پووشپەڕەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 76 هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تاوانی جۆراوجۆری وەك چالاكیی سیاسی، فەرهەنگی و مافی مرۆڤ دەستبەسەر كراون.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ‌ئاماری راستەقینە لەو رێژەیە زیاتر بێت.