دەرخستنی چەند رەهەندێکی خەباتی جاماوەری و مەدەنی و تێگەیشتنی بابەتی لەو مێتۆدە

20:05 - 4 بەفرانبار 2714
Unknown Author
کەیوان دروودی

خەباتی بۆ رزگاری لە سەرکوت، ژێردەستی و چەوسانەوە لە قۆناغەکانی مێژوودا پرۆسەیەکە کە بەردەوام لە رسکان و نوێبوونەوەدا بووە. بزووتنەوەی رزگاری خوازانە، مێتودی جۆراوجۆری هەیە کە پەیوەندیی بە دۆخی خودی نەتەوە، ئەو وڵاتەی کە تێیدا دەژی و هەروەها هەلومەرجی جیهانییەوە هەیە.

ئەوەی بەرخودانی مەدەنی یان خەباتی مەدەنی جیا دەکاتەوە، تێکۆشانی جەماوەرییەکەیەتی لەسەر بنەمای ماف و داواکاریی رەوای کۆمەڵگە بۆ پێشپێگرتن لە سەرکوتی حاکمییەت بەپشت بەستن بە زۆرینەی خەڵک.

تۆقین و هەڕەشەی دەسەڵات لە کۆمەڵگە تۆتالیتێرەکاندا، وادەکات کە ئەوانەی لە بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدا بەشدار دەبن؛ بەشێکی تایبەتی ـــ چین و توێژی جیاواز یان پێکهاتەیەکی هاوچەشن ــ بن، بەرخودانی مەدەنی کە دەکرێ وەک خەباتی مەدەنی ناوی لێببرێ بەهۆی روونیی ئامانجەکانی و قازانجی گشتگیری دەتوانێ فاکتێکی کۆکەرەوە بێت تاکوو زۆرینەی خەڵک لە جووڵەیەکی جەماوریدا یەک بخات.

ئەم جۆرە لە بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات پشت بە دەفرایەتیی نێو یاسای بنەڕەتی دەبەستێت و ئەوە دەقۆزێتەوە بە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان و هەروا ئەو هێزانە کە هەڵسوورانی سیاسییان هەیە؛ دەکێشێتە نێو جەرگەی کۆمەڵگە و بەم شێوە دوو لایەنی گەورەی شوێندانەر دەخاتە پاڵ جووڵەی خۆی و لە راستیدا بە سێ هێزی شاراوە بەرەوڕووی دەسەڵات دەبێتەوە. کەوابوو سێ هێزی سەرەکی لەبەرامبەر دەسەڵاتدا سەرهەڵدەدەن: یەکەمیان لە نێوەوەی بازنەی دەسەڵات و وەک نموونە لایەنی رادیکاڵ و بناژۆخواز کە لە زۆرینەی حکوومەتە تۆتالیتێرەکاندا هەن، دووەم تاک و کۆمەڵەکانی دژ بە دەسەڵات (ئۆپۆزیسیۆن) و سێهەم ئەو لایەنە دەرەکییانە کە ناراستەوخۆ دەکەونە نێو ئەم بابەتە (وڵاتانی دراوسێ یان کۆڕوکۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان).

بۆ لێکدانەوەی باشتری بابەتیی ئەم چەمکە مودێڕنە بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە لەژێر دەستی رێژیم نادێموکراتیکەکاندان، دەکرێ گرینگییەکی بەرچاوی لەوێدا ببینینەوە کە ئەم هێزە جەماوەرییە بۆشاییەکی هەرە گەورە بە نێوی \"شەقام و کۆڵان و شوێنە گشتییەکان\" پڕ دەکاتەوە، رێک ئەو کاتەی هێزە سیاسییەکان خەریکی رێکخستنی \"ژێرزەوینی\" دەبن؛ سەهۆڵبەندانی کەشی داخراوی سیاسی بە جووڵەی مەدەنی دەتوێتەوە.

لێرەدا باس لە پەیوەندییەکی تایبەت دەکرێ واتە هێزی سیاسی لە کاتی رێکخستندا، بەشێوەیەک ئامانجی خۆی بۆ دوارۆژی خەباتی مەدەنی تەرخان بکات. بۆیە پێویستە هێزی سیاسیی دێموکراتیک هەبێت کە باوەڕی بە بنەما دێموکراتیکەکەن بەتایبەت بەشداریی جەماوەری لە رێختمانەی دامەزراوەی مەدەنی هەبێت.

ئەم شێوە پەیوەندییە لەسەر دوو شێوازی جیاوازە:

١. شاردنەوەی ئامانجی سیاسی لەژێر ئامانجێکی سیاسیی سێبەر
٢. شاردنەوەی ئامانجی سیاسی لەژێر ئامانجی ناسیاسی
کە لە رێژیمە سەرکوتکەرەکاندا شێوازی دووهەم باوترە.

تێگەیشتنە هەڵەکان لەسەر خەباتی مەدەنی:

ــ کۆمەڵێک لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەم مێتۆدە درێژخایەن دەبێت.
ــ زۆربەی رەخنەگران وا بیر دەکەنەوە کە هەڵسووڕان لە چوارچێوەی ماف و یاسا لاوازیی ئەم جۆرە خەباتەیە.
ــ زۆر کەس لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەم جۆرە تێکۆشانە تەنیا لە چوارچێوەی وڵاتە دێموکراتیکەکاندا وڵامدەر دەبێت.
ــ بەشێک لە رەخنەگران بۆچوونیان ئەوەیە کە خەباتی مەدەنی پێویستی بە بەزەیی و هاتنە هانای خەڵک لەلایەن دەسەڵاتەوەیە.

بەر لە پڕژانە سەر ئەم خاڵانە، تێبینیەکی بچووک بەڵام گرینگ پێویستە، ئەویش ئەوەیە کە خەباتی مەدەنی بەتەنیا بە هیچ شێوازێک گارانتیی وەدەستخستنی ئامانجەکانی جووڵەیەکی میللی ــ کۆمەڵایەتی ناکات.

یەکەم ئەوەی دەبێ روون بکرێتەوە کە ئەم شێوازە لە جووڵەی جەماوەری لەژێر هەر ناوێک بێت لە مەجارستان و ئیرلەند لە ئەورووپا هەتا هیند و ئازەربایجان و توونێس بە ئاکام گەیشتووە کە هەڵبەت ئەو پەیوەندییە تایبەتەی کە باسکرا تێیدا دروست بووە و شوێنی رێکخستنێکی سیاسی هاوتەریب و لەپاڵ ئەم جووڵە مەدەنیانە دیار و بەرچاوە.

ئەو جووڵە مەدەنیە وای کردووە کە ئێستا جۆرێ لە تلۆرانس و رەواداری لە توونێس بەدی بکرێت لە حاڵێکدا کە لە زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەکانی تێکهەڵچوونی و گرژی و ناسەقامگیری دەبینین بەڵام لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئەو وڵاتە \"قائد السبسی\" کە ٨٨ ساڵ تەمەنیە و وەک کەسایەتییەکی سێکۆلار لە مێژووی ئەو وڵاتە ناسراوە بە ٥٥% ی دەنگی خەڵک بووە سەرکۆماری ئەو وڵاتە و دواتر لایەن و کۆمەڵە جیاوازەکانی سیاسی و فیکری پیرۆزبایی ئەو سەرکەوەتنەیان لێکرد.

لە خاڵێکی دیکەدا باسمان لە رەخنەی بەرتەسک بوونەوەی خەڵک لە چوارچێوەی یاساییدا کرد، لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە لە پێناسی خودی ئەم شێوە خەباتەدا باس لەوە کراوە کە هەندێک شوێنی یاسای بنەڕەتی لە هەموو وڵاتە داخراوەکاندا هەن کە توانای مانۆڕ دەداتە خەڵک، بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە یاسای تایبەت بە \"زیندانیانی سیاسی و خوێندن بە زمانی دایکی\" لە ئێراندا بکەین کە تا ئێستا پشتگوێ خراون.

لە خاڵی کۆتاییشدا باس لە بەزەیی دەسەڵات کراوە کە دیسان هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ناشارەزایی لەسەر مێکانیزمەکانی ئەو شێوە خەباتە. بۆ روونکردنەوەی باشتر، چوار قۆناغی بنەڕەتی باس دەکەین:

١. گۆڕینی بۆچوون: لەو قۆناغەدا دەسەڵات بەو تێگەیشتنە دەگات کە وەرگرتنی بەشێکی داواکاری هەڕەشەیەکی قووڵی بە دواوە نابێت. یەکەم پووان کە حاکمییەت بیدات یەکەم خاڵی رەوایی یاسایی و نێودەوڵەتی دەبێت.

٢. پەزیرش: ١ــ حاکمییەت دەکەوێتە کایە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک و بەو شێوە خەڵکی زۆرتر دێنێتە ناو کایەکەوە ٢ــ بەکردەوە جێبەجێبوونی یەک خاڵ بەهێزیی جووڵەکە دەردەخات٣ــ بێ توندوتیژی ئەنجام دەدرێ و پانیک و تۆقاندنی حاکمییەت شوێندانەریی لەسەر باری رەوانیی خەڵک لە دەست دەدات.

٣. داسەپاندن: لە وڵاتی سێربستان لە ساڵی ٢٠٠٠ لەژێر تەوژمی داخوازییەکی جەماوەری هەڵبژاردنێک رێکخرا کە بوو بەهۆی ئەوەی میلۆسوویچ لەسەر دەسەڵات لابچێ، لەو پرۆسەیەدا میلۆسوویچ ئەو هەڵبژاردنەی بەلارێداچوو لە قەڵەم دا، بەڵام لەبەر ئەوەی هێزی نیزامی و ئەمنییەتی هەستیان بە رەوایی ئەو داخوازییە کردبوو بەدژی دەسەڵات وەستانەوە و لە کۆتاییدا داخوازییەکان سەری گرت.

٤. داڕمان: لێرەدا لەبەر ئەوەی سیستێم لە ململانێ لەگاڵ خەڵکدا لاواز دەبێت و کۆمەڵانی خەڵک بەسەر بڕیارەکاندا زاڵ دەبن سێبەرێکی بەهێز دەکەوێتە سەر هێزی دەسەڵات و کۆمەڵگە دەبێتە فاکتی یەکەم بۆ هەڵبژاردن و رەوایی هێزی سیاسیی دێموکراتیک.

لە توێژینەوەیەکدا کە \"ماریا جی ئێستیفان و ئێریکا چینۆ\" دوو توێژەری ناسراوی جیهانی لەسەر ئەگەر و شانسی سەرکەوتنی ئەم جووڵە کۆمەڵایتییە کردوویانە، کۆمەڵێک داتا و زانیارییان دەرخستووە. لەو زانیاریانەدا وا هاتووە کە دوای پڕژانە سەر ٣٠٠ حاڵەت لە هەردوو جۆر خەباتی هێمنانە و توندئاژۆیانە کە لە نێوان ساڵەکانی ١٩٠٠ تا ٢٠٠٦ روویان داوە، دەرکەوتووە کە ئەگەری سەرکەوتنی جووڵەی هێمنانە ٥٣% زیاتر لە شێوازەکانیترە. هەوەها ئەنجامگیریی ئەو توێژینەوەدا دوو هۆکاری سەرەکی ئەم هێزەی بە جووڵە جەماوەرییەکان بەخشیوە کە یەکەمیان \"دەروەست بوون بە هێمنایەتی، رەوایی ناوخۆیی لەلای خەڵک و هێزی پۆلیسی و ئەمنییەتی و هەروەها لەلای کۆڕوکۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات\" و دووهەم ئەوەیە کە \"چەک هەڵگرتن و کاردونەوەی توندئاژۆیانەی رێژیمەکان بەپێچەوانەی خەباتێکی شەرانگێز پاساو هەڵنەگر دەنوێنێ. هەڵبەت ئەمە پێویستیی بە هەوڵی نێودەوڵەتی لەلایەن لایەنگران و هاندەرانی راستەقینە لە کۆمەڵگای جیهانی دەبێت\".

سەرچاوە: (نوبیداری آذربایجان جنوبی) یئنی گاموح


ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە.