دێمۆکراسی؟ - حەسەن خزرنیا

14:28 - 16 رەشەمه 2713
Unknown Author
حەسەن خزرنیا

دێمۆکراسی چەپکەگوڵێکی بۆنخۆش و ڕازاوەیە کەزۆر جاران، بەسینگ و بەرۆکی زۆرکەس و لایەن هەڵواسراوە.

لەسەردەمی ڕاپەڕینی ئێران، زۆربەی کەسایەتی و ڕێکخراوەکان باسی دێمۆکراسییان دەکرد، تەنانەت ئەوکات خومەینیش باسی ئەوەی دەکرد کە دوای ڕوخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لەئێران، هەموو کەس دەبێت بەخاوەن ژیانێکی ئازاد و سەربەستانە و هەموو ئیمکانات و خێروخۆشی و ئاسایشێکیان بۆ دابین دەکریت.

بەڵام پاش ماوەیەکی کورت دوای ڕاپەڕینی ١٩٧٩ی زایینی، دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەستیانکرد بەکوشتن و قەڵاچۆ و داگیرکردن و بەتەواوی گاڵتەیان بە وشەی دێمۆکراسی دەهات و تەنیا باسی دەسەڵاتی یەکلایەنەی ئایینیان دەکرد. بۆیە بەڕاستی مەسەلەی دێمۆکراسی، هەم مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و هەم تووندترین و خوێناویترین کێشەی لەسەر سازبووە. لایەنە ئایینییەکان، سەڵتنەتخوازان و لاینگرانی چەپ و بەپارێزیش، لەئێران ئەمڕۆدا- گەر لەدەسەڵاتدا نەبن، بەگەرموکوڕی باسی دێمۆکراسی دەکەن.

هەندێک جار، بەبێ لێکدانەوەی ئەم وشە وماناکەی، زوو زوو باسی دێمۆکراسی و مافی دیموکراتیکی تاک و جەماوەر لەکۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیدا دەکەن. تەنانەت لەبیریان دەچیت، دێمۆکراسی بەمانای دەسەڵاتی گەلیی، بیروڕای ئازاد و شێوازێک لەژیانە، کەلەوێدا تاک وجەماوەر لەسەر ژیان و شێوازەکانی ژیانیان، بۆ خۆیان بڕیاردەر دەبن. بۆ نمونە لەهەڵبژاردنەکان، هەم لەدەنگدان و هەم بۆ پاڵیورانی نوێنەرانی بەشەجۆراوجۆرەکاندا، و ئەوەی کە خەڵک دەنگی خۆیان نهێنی دەدەن، و تەنانەت کەسێتی تاک لەکۆمەڵگەپێشکەوتووەکان، بەڕادەیەک گەشە دەکات کەدەبێت لەزۆربواران، بەتایبەت لەشێوازی قسەوهەڵسوکەوت لەتاکی مرۆڤەکان، مافیان بپارێزیت و بەتەواوی ڕێزیان لێ بگریت.

کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، خاوەنی مکانیزمێکی دیموکراتیکە لەهەموو بوارەکانی ژیاندا، و سەرەکیترین مەسەلەی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک، ئاستی بەشداری گەل لەدەسەڵات و چاودێری ئەوان بەسەر دەسەڵات و شێوازەکانی دەسەڵاتدایە.

ئازادییە سیاسیەکان

ئازادی تاک، سەرەکیترین ئیمکان و دەرفەتە بۆ سەربەخۆیی کۆمەڵگە و ژیانێکی سەربەست و سەرفەراز بۆ تاک و هەموو ئەندامانی کۆمەڵ. مافی تاک لەکۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک، سەرەکیترین مافە، کەواتە زۆر گرینگە بزانین دەسەڵاتداران چەندە ڕێز لەتاکی کۆمەڵ و بیروڕاکانی ئەوان دەگرن، نەک ئەوەی کە تاک چەندە گوێڕایەڵی دەسەلاتدارانە و چەندە بڕیارەکانی ئەوان بەڕێوەدەبات. دوای ئازادی و مافەکانی تاک، ئازادیەسیاسیەکان، وەک ئازادی بیرورادەبڕین و ئازادی هەڵسوران لەبواری جۆراوجۆر، وەک سیاسەت، کولتور و ئەدەبیات، گرینگترین خاڵەکان و هێماکانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەتووی ئەمڕۆیی و دیموکراتیکە.

دێمۆکراسی تەنیا پەرلەمانتاریزم و مافی هەڵبژاردنی ئازاد نییە. دێمۆکراسی ئەوەیە کە تاک و جەماوەر و ڕێکخراو و گروپەجۆراجۆرەکۆمەڵایەتیەکان چەندە دەسەڵات و کۆنترۆڵیان هەیە بەسەرژیان و بژێوی خۆیان، یان چەندە لەخێروخۆشییەسروشتیەکان و سامان و داهاتەکانی کۆمەڵگە، کەڵک وەردەگرن. گەلێک برسی و ڕەش و ڕووت و هەژار و دەستکورت و گیرۆدەی هەزاران ئێش ئازار و ژانی کۆمەڵایەتی، کوا دەتوانێت خاوەنی سیستەمێکی دادوەرانە بێت؟ کوا دەتوانێت زمان و کولتور و زانستەکانی خۆی گەشە پێ بدات؟ کوا دەتوانێت ڕێکخراوی سیاسی و سیویلی خۆی هەبێت؟ کوا دەتوانێت لەدیاریکردنی بودجەی وڵاتەکەیدا بەشدار بێت؟ کوا دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسیاسەت و دەسەلاتدا؟ کوا دەتوانێت خاوەنی ژیانێکی شیاو ومرۆڤانە بێت؟ بۆچییەتی باسی ئیسلامەتی و ئیمانداریداری و خواناسی و ئەمەگناسی بۆ بکەیت؟
زۆر گرینگە ڕێبەرانی کورد بەراستی بیرومێشکی جەماوەر بەوە پەروەردە بکەن، کە گۆڕان و مێدیای ئازاد و ئیمکانی جێگۆڕکێ لەهەموو بوارەکاندا، دەتوانێت داهاتووی ئەوان و چارەنووسیان بگۆڕێت. کە ئیمان و بڕوا بەمرۆڤ و سیاسەت، لەڕێگەی زۆرەملییەوە ناکرێت. بۆیە جەماوەری کورد، دەبێت بۆخۆیان تاقیکردنەوەی باشیان لەسەر ئاکار و کردەوەی ئازاد و دیموکراتیک و هەڵبژارانەکاندا هەبێت، ئینجا دەتوانن ئەمانە بکەن بە هێماکانی خۆیان و بڵێن ئێمە خوازیاری ئەمانەین. دەبێت هەستی بەرپرسایەتی لەناخی دەروونی تاک و جەماوەری کوردا پێک بێت، تا ئەوان بتوانن ئەوجۆرەی کە دەزانن و فێربوون خەبات و بەربەرکانێی داگیرکەران بکەن و وەک هەموو مرۆڤیکی ئازاد لەکۆمەڵگەپێشکەتووەکان، چێز لەژیان و ئازادی و سەربەستیان وەربگرن.

دیکتاتۆرەکان و دەسەڵاتە ملهۆڕەکان، دەزانن تەنیا بڕیار بۆ تاک و جەماوەر بدەن و تەنیا سروشتی ملهۆڕانەی خۆیان- ئەویش بەشێوەی زۆرملیی بەسەر جەماوەرەکەماندا بسەپینن. لەوڵاتان و کۆمەڵگە دواکەوتووەکان، سیخۆرەکان و ساندیس خۆرەکان، ستایشی دیکتاتۆرەکان و دەسەڵاتەکەیان دەکەن و ئەوانیش ڕێگە نادەن، بەرژەوەندی گشتیی و جەماوەریی لەسەرەوی هەموو بەرژەوەندیەکاندا بێت، ئەوان تەنیا بیر لەقازانج و بەرژەوەندی کاتیی و فەردیی خۆیان دەکەنەوە، و تەنیا پاداشی سیخۆڕەکان و دەستگەسیخوریەکانی خۆیان دەکەن لەهەمبەر خرمەتکردنیان بەدەسەڵات ولەمپەربوونیان لەسەرڕێگەی جەماوەردا.

هاوکاری خەڵک، تەنیا لەشێوەژیانێکی ئازاد و دۆستانەدا بەدی دێت- ئەویش، نەک بۆ پاداشوەرگرتن و خەڵاتکران، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی هاوپشتی و هاوخەمی لەگەڵ یەکتر، هەم لەگەڵ تاک و هەم لەگەڵ جەماوەر. تاک دەبێت لەهەهبەر دەسەڵاتدا ڕخنەگر بێت، نەک ورتکەنانخۆر. پێشکەوتنی کۆمەڵگە، تەنیا لەڕاشکاوی و بیروڕای ئازادانەدایە. کۆمەڵگە تەنیا کاتێک پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێت، کە مافەکانی تاک و جەماوەر بەتەواوی بپارێزرێت و جەماوەر بتوانن دەسەڵات بگۆڕن. ئێمە بەڕاستی دەبێت بزانین باشترین ئیمکانات و ئاسایش، تەنیا لەکۆمەڵگەدیموکراتیەکاندا هەیە، ئەویش تەنیا بەهۆی بەشداری هەمەلایەنەی ئەوان لەدەسەڵات و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندایە.

هەموو مرۆڤێک دەزانێت ڕادەی گەشەی مرۆڤەکان و دەرفەتەکان بۆ هەموو تاکێک بەیەکسان و وەک یەک نیە، بۆیە پیویستە ماف و دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵ پێک بێت، بۆ گەشە و پێگەیشتن.

ژن و منداڵ نابێت بەهۆی ڕەگەز و کەمهێزی و بێدەسەلاتی، مافیان پێشێل بکرێت، لەکاتێکدا دەڵێین هەموو مرۆڤێک دەبێت خاون ماف و دەرفەتی یەکسان بێت.

ناکرێت بەسوکی سەیری مرۆڤێک بکەین، کەتوانای پارێزگاریی لەخۆی نییە، لەکاتێکدا تەنانەت ئازاردانی ئاژەڵ لەوڵاتانی پێشکەوتووە بووە بەئەفسانە.

یەکێک لەهێماکانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک، مافی کەمایەتییەکان و ئایینەجۆراجۆرەکانە. مافی نەیاران وڕخنەگرانە. مافی ئەوکەسانەیە کە نەیانەوێت وەک مەیموون، یان وەک زۆرینە بژین و کلکەسووتەی دەسەڵات و دەسەڵاتداران بکەن.

کورد لەپلەی یەکەمدا نابێت لەژێردەسەڵاتی هیچ دەسەڵات و دەوڵەتێکدا بێت. مافی خۆیەتی خاوەنی هەموو دەسکەوتەکانی ئەمڕۆی مرۆڤی پێشکەتوو بێت.

نابێت مافەکانی کورد لەهیچ بوارێکدا پێشێل بکرێن. قۆناخی یەکەم، بەڕەسمی ناسینی مافی کولتوری، نەتەوایەتی و زمانی کوردییە. کورد دەبێت شەڕی بەرینی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی مافی کولتوری و نەتەوایەتی و بارهێنان و پەروەردە بەزمانی کوردی، لەهەمبەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی وهەموو شۆڤیونیستە پان ئیرانچیەکان، ڕابگەیەنێت.