دیپلۆماتە ئورووپاییەکان بەنیسبەت ناڕوونیی چارەنووسی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" نیگەرانییان دەربڕی

12:24 - 3 جۆزەردان 2720

٦ کەس لە نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا و دیپلۆماتەکانی بێلژیک، لە نامەیەکدا بۆ باڵوێزخانەی حکوومەتی ئێران لە بروکسێل، خوازیاری ڕوونبوونەوەی بارودۆخی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام بوون.

دیپلۆماتە ئورووپاییەکان لەو نامەیەدا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە بارودۆخی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، ئاماژەیان کردووە بە کوژرانی کۆڵبەران و درێژەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕ، "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی سیاسیی مەحکووم کراو بە ئێعدام، لە زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و دادگوستەریی شاری ورمێ و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە دانی وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی ئەو زیندانییە خۆیان دەبوێرن.

"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" خەڵکی شاری شنۆ، ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ٩٥، دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێنانی زۆرەملێ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوو.

ناوبراو پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکەی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، حوکمی ئێعدامی بە تۆمەتی "بغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بەسەر "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" سەپاند.

 ئەو حوکمە لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرابووەوە و دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە دووبارە ڕەوانەی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ کرابوو.

دادگاییکردنی دووبارەی ئەو زیندانییە، ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٦، بە ئامادەبوونی نوێنەری دادستانی شاری ورمێ بەڕێوە چوو و ناوبراو بۆ دووەمین جار بە ئێعدام مەحکووم کراو و ئەو حوکمەش ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ بەو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندرابوو.

دۆسیەی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" پاش بڕینەوەی حوکمەکەی لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ ڕەوانەی لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات کرابوو و ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، پشتڕاست کرا و حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.

پێشتریش، یەکێک لە نزیکانی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" سەبارەت بە وردەکاریی ڕەوتی دادگاییکردنی ناوبراو، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندبووە: "پاش ئەوەی کە حوکمی ئێعدامی هیدایەت لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و نێردرایەوە بۆ دادگای ورمێ، هیدایەت لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارە دادگایی کرا و بۆ دووەمین جار لەسەر داوای حیفازەتی ئیتلاعات، دادگا حوکمی ئێعدامی بەسەر ئەو زیندانییە سیاسیە کوردەدا سەپاند".

دۆسیەی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" هەنووکە لە کۆمیسیونی لێبووردن و لێخۆشبوونی شاری ورمێدایە.