دکتۆر سەعید مرۆڤێکی تێکۆشەری ناسراوی خاکی و بوێر و نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو!

15:01 - 26 خەرمانان 2717
Unknown Author
محەممەد سلێمانی

٢٥ساڵ لەمەوەبەر حکوومەتی ئاخوندی ئێران، لە بەرلێن دکتۆر سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە چێشخانەی\" میکۆنووس\" دا بە رێگای باندە تۆندئاژۆ و مرۆڤ کوژەکانیەوە، توانی دیارترین و کاریگەرترین خەباتگێڕی سیاسی ڕۆژهەڵات و ئێران تیرۆر بکات و سەرلەنوێ زامێکی گەورە و قورس لە جەستەی شۆڕشی کوردستان بکاتەوە. بەوجۆرە زەربەیەکی گەورە بەر حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و جووڵانەوەی ئازادیخوازی کورد لەو بەشەی کوردستان کەوت. حیزبی دێمۆکرات و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان لەوکاتەدا کەوتنە ژێر قورسای ئەو خەمەگەورەیەوە و تاماوەیەك تاسان و دڵەڕاوکیی سیاسی و تەشکیلاتی کەش و هەوای رۆژهەڵاتی گرتبوویەوە.

بەڵام درێژەدان بەخەبات و گەڕانەوەی حیزب بۆ نێوخۆی وڵات و ئیدامەی تێکۆشانی بەکردەوە لە نێوخۆی کوردستاندا ، توانی پارسەنگی هێزی بگۆڕێ و ئومێد و دڵخۆشی گەڕاندەوە و هەموولایەك لەو ڕاستیە گەیشتن کە هەرگیز مێژووی رابردوو بەسەر شۆڕشی گەلی کورد دا دووبارە نابێتەوە و ئەگەر بێت و ڕێبەری تریش لە لایەن دەسەڵاتی تیرۆریستی تارانەوە بکرێنە ئامانچ، بەرخۆدان و ڕاسان بەدژی داگیرکاری و نادادپەروەریەکانی حکوومەتی ئاخوندەکان هێشتا هەر ئیدامەی دەبێت. دکتۆر سەعید مرۆڤێکی تێکۆشەری خاکی و نەتەوەی بوو و خاوەنی کەسایەتی و تایبەت مەندی زۆر مەزن و ئومێد بەخشبوو و لەسەر مافەڕەواکانی گەلی کورد چاوساخ و پارێزەرێکی سەر ڕاست و بەئەزموونی خەباتی سیاسی لە پێناوی ئەستاندن و دابینکردنی مافی سیاسی و نەتەوەی خەڵکی کوردستان، سیمایەکی ناسراو و بەرچاو بوو. ئەو وەك سکرتێری گشتی حدکا خاوەنی لێکدانەوە و خوێندنەوەی وردبوو و لە بڕیاردان و خۆسازدان و ئارایشی سیاسی و تەشکیلاتیدا، دارایی بیرۆکەی خێراو کرداریبوو و هەرگیز لە ئاستی گیروگرفتەکاندا دەستەو وەستان نەدەمایەوە. زۆر ئاکادیمی و زانستیانە بارۆدۆخی سیاسی و نێونەتەوەیی و کاریگەری رووداوەکانی لەسەر جووڵانەوەی سیاسی کورد لێکدەدایەوە و خاوەن ئیرادەیەکی گەورە و نایاببوو.

لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا مرۆڤێکی ئازا و مەردانە دەهاتە مەیدانێ و هەربەقسە خۆی لە بارودۆخەکان کە بۆ حیزب و خەباتی ئازادیخوازی کوردستان هاتبێتەپێشەوە نەپەڕاندۆتەوە. دکتۆر شەرەفکەندی بەگشتی چاوی لەسەر حیزب و پێك هاتەی ڕێکخراوەی بوو، ڕێگای بەکەس نەدەدا لە جیاتی کەسێك یان ئۆگانێکی دیکە ئەرک و فەرمان دەربکا و دەست لەکاروباری یەکدی وەربدرێت. کارەکانی حیزب و ئۆگانەکان بە گوێرەی یاسا و پڕینسیبە نێوخۆیەکان بەڕێوەدەبران و بۆجۆرە مودیریەتێكی هاوبەشی سیاسی و تەشکیلاتی بە سانای حیزبی پێ ئیدارەدەکرا. کەمترخەمی و بێسەرەوبەری لەکەس قبووڵ نەدەکرا و هەر سەر پێچیەك بەگویڕەی پێڕەوی نێوخۆ هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکرا. لەسەر یەك حیزب یەك دەست و ڕێکخراو و وەك هێزێکی بە ئەزموون و مونەزەمی سیاسی و تەشکیلاتی کاری دەکرد و کۆنگرە و کۆنفڕانسەکان لە کات و وەختیخۆیدا دەگیران و ئەگەر هەلومەرجێکی ناشیاو دژواریش بۆ حیزب هاتبا پێشەوە، پێشوەخت هۆکارەکەی بۆ تەشکێلاتی حیزب رووندەکرایەوە.

دکتۆر سەعید بەداخەوە بۆ ماوەیەکی زۆر کورت، پاش مەرگی دکتۆر قاسملوو وەك ڕێبەری حیزب کار و ئەرکەکانی بەڕێوەبرد، بەڵام لە ماوەی کورتی سکرتێریدا زۆر جوامێرانە درێژەی بە خەبات و تێکۆشانی سیاسیدا و بەهەق ڕێگای نەدا بێ دکتۆر قاسملووی بە حیزب و جووڵانەوەی نەتەوەی گەلی کورد بەدیار بکەوێت. سەرەڕایی پلە و پایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاکادیمی کە هەیبوو، کەچی زۆر خۆنەویست و ڕەوشت بەرز و خەڵکی و داوێن پاك بوو.

سەرێك بوو بە تەواوی لەنێوسەراندا دیار و بە فیکر و کرداری جوامێرانەی قورسایی سیاسی و دیپلۆماسی خۆی لە نێو هێزە ئێرانی و کوردستانیەکاندا سەلماندبوو و هەموو لایەك بەسەرنجەوە گوێیان بۆ بیروڕاو هەڵوێستی سیاسی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێران و کورسستان ڕادەگرت. دکتۆر شەرەفکەندی لە هەڵوێست گرتن و ڕەخنە گرتندا هیچ باکی نەبوو، پێیوابوو حیزب وەختێك باش گەشدەکات کە لایەنێك هەبێت، دەست نیشانی خاڵە لاواز و بەهێزەکان بکات. هەڵسەنگاندنی کار و تێکۆشانی ئۆرگانە حیزبیەکانی بە زەرورەتێکی گرینگ و هەستیار سەیر دەکرد و لە درێژەی خەباتدا بە پێویستیدەزانی حیزب و بکەرەکانی بەخۆیاند بچنەوە و بۆ ئەوەی بە بەرنامە و گەڵاڵەی تازە و بەجێ بۆ قوناخەکانی بەرخۆدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان ڕێکبخەن. شەرەفکەندی پەیوەندیەکی زۆر پتە و بە هێزی لە گەڵ تەشکیلات و ئۆرگانە حیزبیەکاندا دروستکردبوو و زۆر بەی سیما ناسراوەکانی نێو حیزبی دەناسی و هەموولایەك بە چاوی رێز و ڕێبەرێكی شایستە و بوێر سەیری دەکرد. لە ڕاپەراندنی ئەرکە حیزبیەکاندا پەیڕەوی کولتورێکی جوانی دەکرد و پێی باش بوو هەرکەس لە شوێنی خۆیدا کاری حیزبی بەڕێوەبەرێ وکەس ئەو مافەی نەبێت دەست بخاتە نێوکاری هاوڕێیەکەی و هەموو ئۆرگانەکان سەڵاحیەتی بەرفراوانیان هەبێ لە ڕاپەراندنی کارەکانیاندا. ڕێژیمی ئاخوندی پاش مەرگی دکتۆر قاسملوو زۆر بە دیاریکراوی لەسەر ئامانجی خۆیان کە لە نێوبردنی شەرەفکەندی جێنشینبوو، کاریاندەکرد و بەداخەوە زۆر بەزووی توانیان شەهیدی بکەن. رەوتی خەبات و تێکۆشانی سیاسی کورد ئەو ڕاستیەی بەتەوای سەلماند کە هەتا کوردێك مابێت، بەرخۆدان بۆ ئازادی سیاسی و ڕزگاری نیشتیمانی داگیرکرا درێژەی دەبێت. حکوومەتی ئاخوندی بەتیرۆری سیاسی و سیاسەتی سەرکووت و ئیعدامی بەکۆمەڵی نارازیانی وڵاتیش ئێستا نەیتوانیوە خۆی لە قەیرانی ئەمنی و بێزاری خەڵك ڕزگاربکا و ناڕەزایەتیی و بیزاری خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان، پەیامێکی روون و ئاشکران بۆ کاربەدەستانی حکوومەت کە نەیاری ڕێژیمن و لایەنگری ئازادی و گەڕاندنەوەی مافی سیاسی نەتەوەی و تاک دەکەن. دەبینین پاش تیرۆرکرانی ڕێبەرانی کاریگەری بزووتنەوەی سیاسی و نیشتیمانی کوردستان، تێکۆشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژەی هەیە و بە دڵنیایەوە هەتا بەدی هاتنی ماف و ئازادییە سیاسیەکانی گەلی کورد ئیدامەی دەبێت. بەو هیوای بیرەوەری ٢٥ ساڵەی تێرۆرکرانی شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بکرێتە دەرفەتێك بۆ نزیكبوونەوە و یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێمۆکرات. هەزاران سڵاو لە روح و ڕێبا و خەباتی شەرەفکەندی.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.