دوو هاووڵاتیی كورد لە دەورووبەری سەوڵاوا دەستبەسەر كران

14:13 - 18 سەرماوەز 2712
ئاژانسی كوردپا: لە رۆژانی رابردوودا لە گوندێكی ناوچەی هەورامانی سەر بە شاری سەوڵاوا دوو هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتەوە قۆڵبەست كراون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی 12ی سەرماوەز هێزە ئینتزامییەكانی پاسگای گوندی\"دزڵی\"ی سەر بە شاری سەوڵاوا دوو هاووڵاتییان بەناوەكانی \"جەمیل نسروڵڵاهی\" كوڕی محەممەد و \"هومایۆن محەممەدی\" كوڕی شەریف خەڵكی هەمان گوند لە چیای \"رەنگین\" دەستبەسەر كردووە و بۆ شوێنێكی نادیارییان راگواستوون.

هەتا كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەمەڕ هۆكاری گیران و شوێنی راگرتنیان هیچ زانیاری و هەواڵێك بە هەواڵنێری كوردپا نەگەیشتووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە شاری سەوڵاوا بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە كە هێزە ئینتزامییەكانی جێگیر لە پاسگای دزڵی ژمارە تەلەفۆنی ئەو پاسگایەیان بەناو خەڵكدا بڵاو كردۆتەوە و رایانگەیاندووە كە هەر شتێكی گوماناوییان بینی ئاگادارمان بكەنەوە و هاوكاریی پاسگا بكەن.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا، لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 11 هاووڵاتیی كورد بەدەستی هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەكانی حكوومەت بەهۆكاری جۆراوجۆر قۆڵبەست و رەوانەی گرتنەگەكان كراون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپێی ئاماری تۆماری كراوی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاو كراوەتەوە، بێگومان ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاترە.