دوو هاووڵاتیی دیكە لە شاری پاوە دەستبەسەر كران

14:26 - 16 سەرماوەز 2712
ئاژانسی كوردپا: لە درێژەی دەستبەسەر كرانی هاووڵاتییانی كورد لە شاری پاوە لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا ٢ هاووڵاتیی دیكە لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە دەستەبەسەر كران.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی سێشەممە رێكەوتی ١٤ی سەرماوەز دوو هاووڵاتیی خەڵكی پاوە بەناوەكانی \"سەیوان رسووڵی و شەهریار\" كوڕی قوربان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

\"10049.jpg\"
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: وێڕای بەدواداچوونی بنەمـاڵە و کەس وکاری ئەو دەستبەسەر کراوانە لەمەڕ چارەنووسی رۆڵەکانیان، ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەکانی حکوومەت هیچ زانیارییەکیان پێ رانەگەیەندوون.

پێشتریش رێكەوتی ١١ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی هێزە ئێتلاعاتییەكانی حکوومەتی ئێسلامی ئێران ٢ هاووڵاتیی خەڵکی شاری پاوە بە ناوەکانی \"لایەق مستەفایی‌\" تەمەن ٣١ ساڵ و \"عومەر مستەفایی\" تەمەن ٢١ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەر کردبوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا لە ماوەی ٤٥ رۆژی رابردووەودا 32 هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەبەسەر کراون.

ئەم ئامارە رێژەییە و بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو کراوەتەوە، بێگومان ئاماری راستەقینە لە و رێژەیەش زیاترە.