دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان بە دانانی بارمتە لە گرتنگە ئازاد کران

10:51 - 6 رەشەمه 2720

ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کاروان مینوویی"، خەڵکی شاری مەریوان، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی لە گرتنگە ئازاد کرا.

ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار، ئەو هاووڵاتییە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.

هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، چالاکێکی ژینگەیی کورد بە ناوی "سیروان کەریم‌زادە"، خەڵکی مەریوان بە دانانی بارمتە لە گرتنگە ئازاد کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاوڵاتییەیان بەبێ بەڵگەی یاسایی و لە ماڵەکەی خۆیدا، دەسبەسەر کردبوو و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستبوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەو دوو هاووڵاتییە مەریوانییە، زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.