دوو ساڵ مەولوود ئافەند
14:35 - 17 جۆزەردان 2714
Unknown Author
هاوار بازیان
پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر بێسەرو شوێنکردنی رۆژنامەنووس مەولوود ئافەند، کاتی هاتووە هەموو کەسێکی ئاسایی و بێ لایەن و خاوەن ویژدان دڵنیا بێ لەوەی ئەو نەیارەی کۆماری ئیسلامیش بەئارامی و بێدەنگی چووەتە پاڵ ئەو دەیان و سەدان کوردەی ئێرانی، کە لە کوردستانی عێراقەوە وەک دیاریی سیاسی پێشکێشی بەرپرسانی ئێرانی کراون.
لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا دەیان قسە و بۆچوون و سیناریۆ بۆ کەیسی ئافەند هەڵبەستران کە بەشێکیان زۆر سەیر و سەمەرەش بوون، بەڵام هیچ کام لەوانە نەهاتن لەڕووی بەرپرسیارێتییەوە و وەک یەک کورد پرسیارێکی سەرەکی و گرینگ لە بەرپرسانی ئەمنیی کوردستانی عێراق بەتایبەت یەکێتیی نیشتمانی بکەن و بپرسن: ئێوە کە بە رەسمی پەناتان بەو رۆژنامەنووسە نەیارەی کۆماری ئیسلامی دابوو، ئەگەر خۆتان بەشدار و ئاگاداری ئەو پیلانە نین بۆچی هەموو شتێک ئاشکرا ناکەن و راستیی رووداوەکە روو ناکەن تا ئیتر هیچ کەس \"موزایدەی سیاسی و ئیعلامی\" لەسەر ئەو کەیسە نەکات؟ بۆچی هەر وەک رێزگرتن لەو ئیقامەی ئاسایشی گشتیی خۆتان کە بە ئافەند بەخشراوبوو هەوڵێک نادەن بزانن ئەو کەسەی رۆژی رووداوەکەش ئیقامەی ئێوەی پێ بوو چی بەسەر هاتووە؟
هەر لە حیزبە \"شۆڕشگێڕەکان\"ی کوردی ئێران و ئەو سەدان و هەزاران \"چالاکی سیاسی و رۆژنامەنووس\"ـەی چاوەڕێن سبەی وەک عەرەب دەڵێن بە \"کن فیکون\"ـێک لە مهاباد و سنە دەسەڵات و ئەمنیەت بگرنەدەست و بەرگری لە کورد و ئازادیی راگەیاندن و دادپەروەری و مافی مرۆڤ بکەن! کەس نەبوو بپرسێ ئاخر مەولوود چی بەسەر هات؟ حزبێکی کوردستانی ئێران نەهات بە بوێری و مرۆیانە بەنهێنی یان ئاشکرا داوا بکات کە حکوومەتەکەی کوردان پێمان بڵێ ئەگەر مەولوود \"پیاوی ئێران بوو\" بۆمان ئاشکرا بکە با ئێمەش زیاتر لە ئێوە ریسوای بکەین، ئەگینا ئەو کوردەی ئێران لای ئێوە چی بەسەر هات؟ ئەو حیزب و کەسانەی کوردستانی ئێران بێ خەبەر بوون لەوەی بێدەنگبوونیان لەوجۆرە کەیسانە تەنیا لە بەها و کەسایەتیی سیاسیی خۆیان کەم دەکاتەوە، چونکە ئەگەڕ ئەمڕۆ هێز و رووی ئەوەیان نەبێ لە چارەنووسی کوردێکی ئێران بپێچنەوە کە نەیاری کۆماری ئیسلامیش بووە، چۆن دەکرێ بڕوا بە دروشمی حیزبەکان بکەین کە بۆ داهاتووی نادیاری کوردستانی ئێران هەڵیان گرتووە؟
لەماوەی ئەو ٢ ساڵەدا دەزگا یان ناوەندێکی تایبەت بە رۆژنامەنووسان نەهات وەک هاووڵاتییەکی کورد بۆی گرینگ بێ و بپرسێ، ئەو رۆژنامەنووسەی هەڵگری کارتی ئەندامێتیی \"ئەندامی کارا\"ی رێکخراو یان سەندیکاکەی ئێمە بوو چی بەسەر هات؟ کەسێکی خاوەن هەستی مرۆیی لە بەرپرسانی ئەمنیی کوردستانی عێراق بوێریی ئەوەندەیان تێدا نەبوو لە سەرووی بەرژەوەندیی حزبەکەیانەوە و کۆماری ئیسلامی بیر بکاتەوە و پرسیاری بێ سەروشوێن بوونی کوردێکی لێقەوماو بکات.
بێدەنگبوونی بەرپرسانی کوردستانی عێراق پاش دوو ساڵ لە دیارنەمانی ئافەند جگە لەوەی سووکایەتیکردنە بەنرخی کوردی ئێران، هاوکات مانایەکی گرینگی تری بەخشی، ئەویش بەشداربوونی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی خاوەنماڵە لەو پیلانە کە ماوەیەک بوو لەسەر خواستی وەزارەتی ئیتلاعلات و دەستی یەکێتیی نیشتمانی بۆ نەهێشتنی ئافەند داڕێرژرابوو (پێشتر لەوبارەیەوە بەڵگەکان بڵاو کرانەوە). ئەگینا کارێکی زەحمەت نییە بۆ دەزگایەکی وەک \"زانیاری\" یان \"دژە تیرۆر\" تا لەناو جەرگەی سلێمانی بەدواداچوونی نەمانی رۆژنامەنووسێکی دیاری وەک ئافەند بکات. هەر ئەو دەزگا و بەرپرسانەی یەکێتی کە بەپێی دوا زانیارییەکان یەکەم لایەن بوونە هەمان رۆژی یەکەم بەشێوەیەکی \"زۆر وەحشییانە\" لێپرسینەوەیان لە مەولوود ئافەند کردووە، بەڵام وەک کورد دەڵێ: دز و خاوەنماڵ لەمێژە یەکن.
هەر لە رۆژی یەکەمی سەردانەکەی رۆژنامەنووس مەولوود ئافەند لە ٢٠١٢.٦.٨ بۆ شاری سلێمانی و بێسەروشوێنکردنی، هاوکات بەرپرسانی ئەمنی و ئاسایشی یەکیەتیی نیشتمانی لەو شارە دوو سیاسەتی هەمیشەیی خۆیان لەوجۆرە کەیسانە گرتەبەر. سەرەتا بەخۆ بواردن لە هەموو دەنگ و داوایەک تایبەت بە دۆزینەوەی چارەنووسی ئافەند و دواتریش رەتکردنەوەی هەموو شتێک و تەنانەت حاشایان لەوە کرد کەسێک بەناوی مەولوود ئافەند بناسن کە تووشی رووداوێکی لەوشێوەیە هاتبێ. لایەنی دەسەڵاتی هەولێر و بەرپرسانی ئاسایشی ئەو بەشە لە کوردستانی عێراقیش چارەنووسی ئافەندیان بەگرینگ نەزانی و دڵنیا بوون لەوەی هەرجۆرە لێپرسین و بەدواداچوونێک لەو کەیسە راستەوخۆ روبەڕووی بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیان دەکاتەوە، بۆیە هەر لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆش رۆڵی بینەریان بینی و پێیان وابوو نێزیکبوونەوەی لەو کەیسە بێ کێشە نابێ!
ئەوانەی دوور و نێزیک ئاگاداری ئەو رۆژنامەنووسە و رابردووەکەی بوون هەوڵێکی باشیان دا بۆ ئەوەی بە ئەنجامێک بگەن و نابێ ماندووبوونیان فەرامۆش بکرێ. لەو ئەرکەدا بەشێکی بەرچاو لە میدیای ئەهلی و رۆژنامەنووس و خەڵکی کوردستانی عێراق هاوکاریی دڵسۆزانەیان پێشکێش کرد، بەڵام حاشاکردن و کپکردنی کەیسەکە لەلایەن دەسەڵات بەتایبەت لە ناوچەی سلێمانی هەموو هەوڵەکانی بێ ئەنجام هێشتنەوە کە تا ئێستەش خۆی لەو پرسە بەرپرس نەکردووە و لەسەر سیاسەتی \"حاشاکردن تا هەمیشە\" بەردەوام بووە.
یەکیەتیی نیشتمانی وەک بەرپرسی یەکەمی رووداوەکە پێیوایە بێدەنگبوون و سەرپۆشکردنی ئەو جۆرە کەیسانە بۆ هەمیشە بەهانای دەگات و کارەساتەکان بەرەو فەرامۆشی دەڕۆن، بەڵام رووداوی لەوشێوەیە و دواتریش کەیسەکانی وەک گیان لە دەستدانی تەمومژاوی سینەماکار تەها کەریمی و گرتنی دکتۆر بێهزاد خۆشحاڵی هەر لە سلێمانی لەبیر ناکرێن و ئەوانە و ژمارەیەکی زۆر نموونەی تری پێشووتر زۆر گەورەترن لەوەی بە حاشاکردنێک رادەستی فەرامۆشی بکرێن، بەڵام لە ئێستەدا بەڕاستی هیچ چارەیەکی تر نییە! ئەگینا وەک مامۆستا نالی دەڵێ ئەمڕۆ: بێ بەرگییە عیللەت کە هەتیو مەیلی هەتاوە.