دوو برا بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپا لە پیرانشار گیانیان لەدەست دا

18:56 - 6 رەشەمه 2720

ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی ڕەشەمە، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "عەبدوڵڵا نادری" و "عوسمان نادری"، کوڕی مارف و خەڵکی شاری پیرانشار، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران، گیانیان لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپای پاسداران لە جادەی گوندی "شیناوێ" بۆ گوندی "زێدان"، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەو دوو هاووڵاتییە کە برای یەکتر بوونە، کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "هێزەکانی سپای پاسداران بەبێ هۆکارێکی ڕوون، ئەو دوو هاووڵاتییەی داوەتە بەر دەسڕێژی گولـلە".

تەرمی ناوبراوان ڕەوانەی نەخۆشخانەی پیرانشار کراوە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەیان نەکراوە.

وێنە: عوسمان و عەبدوڵڵا نادری