دەنیز جەلالیان: هێزە ئەمنییەتییەکان بە زەینەبیان ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری پەشیمان بوونەوەی، لەگەڵ داواکارییەکانی ڕەزامەندی دەردەبڕیەت

12:35 - 11 گەلاوێژ 2720

"زەینەب جەلالیان"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی ماکۆ لە دابڕگەی بەندی ژنانی زیندانی کرمان ڕاگیراوە و لەو ماوەیەدا، تەنیا جارێک لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندیی تەلەفۆنیی هەبووە و هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەیان ناچار کردووە کە بە زمانی فارسی لەگەڵ بنەماڵەکەی بدوێت.

دەنیز جەلالیان، خوشکی زەینەب جەلالیان سەبارەت بە دوایین بارودۆخی خوشکەکەی لە وتووژێک لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "هەروەک دەزانن ماوەی ١٣ ساڵە زەینەب لە زینداندایە و لە ماوەی ئەو ١٣ ساڵەدا، ئازار و ئەشکەنجە دراوە و تووشی چەندین جۆر نەخۆشین بووە. زۆربەی کاتەکان گوشارەکان لەسەر زەینەبە بۆ  ئەوەی ناچاری بکەن کە دانپێدانانی زۆرەملێ ئەنجام بدات و هاوکاریی هێزە ئەمنییەتییەکان بکات".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: "زەینەب ڕەنجی زۆری کێشاوە بەهۆی نەخۆشییەکانییەوە و لە دەوا و دەرمان بێبەری کراوە. هێزە ئەمنییەتییەکان بە زەینەبیان ڕاگەیاندووە لە ئەگەری هاوکاریکردن، دەوا و دەرمان دەکرێت و مافی مەرەخەسیشی پێ دەدرێت".

دەنیز جەلالیان ڕایگەیاند: "زۆربەی کاتەکان زەینەب لە چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و زەینەب لە بەرانبەر هەموو گوشارەکان خۆڕاگریی کردووە و هەر جارێک لە زیندانێک بۆ زیندانێکی دیکە ڕاگوێزراوە".

خوشکی زەینەب جەلالیان ڕایگەیاند: "تەواوی گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئەوەیە کە زەینەب داوای پەشیمانبوونەوە بکات، زەینەب ئەمڕۆ بووەتە سمبولێک لە خۆڕاگری لە زیندان".

بە وتەی دەنیز جەلالیان، زەینەب لە زیندانی خۆی بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین ڕاگوێزراوە و لەو زیندانەدا تووشی کۆرونا بووە و بارودۆخی گشتیی تەندروستیی نالەبار بووە و لەو ماوەیەدا، زەینەب لەگەڵ کێشەی هەناسەبڕکێ بەرەوڕوو بووەتەوە و نەیوانیوە قسە بکات.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: "زەینەب جەلالیان لە زیندانی قەرچەکی وەرامین داوای گواستنەوەی بۆ زیندانی ئێڤین یان خۆی کردبوو و حکوومەتی فاشیستی ئێران داواکارییەکەی زەینەبیان ڕەت کردبووەوە و ماوەیەک بوو کە لە چارەنووسی زەینەب هیچ ئاگادار نەبووین، تەنیا دەمانزانی لە زیندانی کرماندایە".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: "ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژ، زەینەب بە ئامادەبوونی دوو کەس لە مەئموورانی ئەمنییەتی لەگەڵ بنەماڵەکەماندا، پەیوەندیی تەلەفۆنیی گرتووە و ڕایگەیاندووە کە مافی قسەکردنی بە زمانی کوردی نییە و دەبێ بە زمانی فارسی قسە بکات".

دەنیز جەلالیان هەروەها وتی: "زەینەب لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، ئەوەی خستووەتە ڕوو کە لە زیندانی کرماندایە و لە کاتی گوازتنەوەی بۆ زیندانی کرمان هێزە ئەمنییەتییەکان پێیان ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری پەشیمانبوونەوە لەگەڵ داواکارییەکەی ڕەزامەندی دەردەبڕن".

ناوبراو کە کۆتایی قسەکانیدا، رایگەیاند: "زەینەب بە بنەماڵەکەمان ڕاگەیاندووە کە بە مانگرتنەکەی خۆی کۆتایی هێناوە و لە دابڕگەی بەندی زیندانی ژنان لە کرماندایە".

زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری ماکۆ، ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕ، لە زیندانی قەرچەکی وەرامین بۆ زیندانی کرمان دوور خرایەوە و هەنووکە لە دابڕگەی بەندی ژنانی ئەو زیندانە ڕاگیراوە.

زەینەب جەلالیان ڕێکەوتی ٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ بە هۆکاری نادیار لە زیندانی خۆی ڕەوانەی زیندانی کرماشان و دواتر لە ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی قرەچەکی وەرامین ڕاگوێزرابوو.

ماوەیەک پێش ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی داوای لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کردبوو کە کۆتایی بە زیندانیی نادادپەروەرانەی زەینەب جەلالیان بهێنن.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، لە کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا. پاشان لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان، بە ئێعدام مەحکووم کرا و دواتر بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە، لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ٨٨ لەلایەن دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە، بەڵام دواتر لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٠ لەسەر بڕیاری لێبووردنی ڕێبەری نیزام، بۆ زیندان  گۆڕدرا و کەم کرابووەوە.

"زەینەب" ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی، لە شاری ماکۆ سەر بە پارێزگای ورمێ لەدایک بووە.