دانوستان بە چ مەرجێک، لە چ هەلومەرجێک و لە پێناو چیدا

15:19 - 29 خاکەلێوه 2714
Unknown Author
رامبود لوتف‌پووری

لە رۆژانی رابردوودا باتێک کەوتە سەر لاپەڕەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کە سەرنجی زۆر چالاکی کوردی بە لای خۆیدا راکێشا و مشت و مڕێکی زۆری لێکەوتەوە و کەسانێک بە ئەرێنی و نەرێنی لەوبارەوە رای خۆیان دەربڕی . بابەتەکە ئاماژە بوو بە دانیشتن و وتووێژی یەکێک لە لایەنە سیاسییەکان (حدک) و بە تایبەتی سەرکردەی ئەو لایەنە واتە کاک خالیدی عەزیزی لە گەڵ شاندێک لە ئەنجومەنی بەرزی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە شاری هەوڵێری باشووری کوردستان. جیا لەوەی کە ئەم وتووێژە چۆن و لە رێگای چ لایەنێکەوە رێکخراوە و چی تێدا باس کراوە، مەبەستی سەرەکی ئەم وتارە تیشک خستنە سەر مەرج، هەلومەرج و ئامانجەکانی دانوستانەکەیە.

دیارە خوێنەری بەڕێز دەبێ ئەم تێبینییەشی لە بەر چاو بێت کە لەم وتارەدا باس لە سەر وتووێژی سیاسی لە نێوان دوو لایەنی پێک ناکۆک دەکرێ کە لە چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ کێشەکانیان دەگەڕێن، نەک دانوستانێکی ئاسایی بە مەبەستی هاوکاریی سیاسی ، ئابووری ، کولتووری و ... .

مەرج ، هەلومەرج و ئامانجەکانی دانوستان

بێگومان هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی بە تایبەتی کە بڕوای بە دیمۆکراسیش هەبێ میکانیزمی دیالۆگ بۆ چارەسەریی کێشە و گرفتەکانی رەت ناکاتەوە و وەک کەم تێچووترین و شارستانیترین رێگا بەردەوام لە بەر چاوی دەگرێ و هەوڵیشی بۆ دەدا.

بەڵام دیالۆگ وەک لە ناوەکەیرا دیارە پڕۆسەیەکی دوو لایەنەیە ودیوی ئاشکرای پڕۆسەکە پێویستی بە بڕوا و دەروەست بوونی دوو لایەنە بە یاسا و رێساکانی وتووێژەوە هەیە ، واتە هەر دوو لا لە پێشدا مەرجەکانیان بۆ دانیشتن دیاری دەکەن و لە ئەگەری رێککەوتنیشدا دەروەست بوونی خۆیان بە ئاکام و بڕیارەکانی دیالۆگەکەوە گەرەنتی دەکەن. ئەمە رەوتی ئاسایی وباوی دانووستانە لە دونیای مۆدێڕندا. بەڵام هەمیشە دیالۆگەکان بەم شێوەیە بەڕێوە ناچن، بەڵکوو زۆر جار لایەنی نافەرمی و نەوێژراو و دیوی شاراوەی دانوستانەکان سێبەری خۆی دەخاتە سەر رەوتی دیالۆگەکە و بە ئاقارێکیتریدا دەبات. بە تایبەتی لە وڵاتانی نادیمۆکراتیکی جیهانی سێهەمدا زۆربەی کات ئەم لایەنە شاراوەیە رەوتی وتووێژەکان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و بە تەواوەتی ئامانجە سەرەکی و راگەیندراوەکە لە بار دەبات نەخاسمە ئەگەر دوو لایەنی دژبەر و دوژمنی یەکتریش بن. بۆیە سەرباری ئەوەی کە دیالۆگ باشترین چارەسەرە بۆ کێشەو ناکۆکییەکان بەڵام ئەم دۆخە کەشێکی دڕدۆنگی هێناوەتە ئاراوە و وایکردوە کە زۆرجار لایەنە سیاسییەکان بە تێبینییەوە هانا بۆ ئەم میکانیزمە بەرن و ئەگەربە تەواوەتیش خۆیانی لێ لا نەدەن لانیکەم بە هەندێک مەرجی تایبەتییەوە بچنە نێو پڕۆسەکە.

بۆ نموونە مەرجی وەک کات و شوێن و ئاستی دانیشتنەکان یا ئاشکرا بوون ونەبوون و پێکهاتەی بەشدارانی دیالۆگەکە و بە تایبەتی نێوەرۆک و تەوەری باسەکان دێننە گۆڕێ. هەرچەند ئەم مەرجانە لە هەموو دانوستانێکدا بابەتی باسن بەڵام لەم چەشنە دانیشتنانەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ دان گرینگی و هەستیاریی تایبەت بە خۆیان هەیە و مشتومڕ و ململانێیەکی زۆرتریان لە سەر دەکرێ. بابەتێکیتر کە لە لایەن هەر کام لە لایەنەکانەوە لەم چەشنە دیالۆگانەدا رەچاو دەکرێ لێکدانەوەی هەلومەرجی دانوستانەکەیە کە خۆی لە چەند خاڵدا دەبینێتەوە ، بۆ نموونە:
١_لێکدانەوەی لایەنی بەرامبەر سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵە کردنی لە گەڵ دانوستان لە رابردوودا و رادەی دەروەستبوونی بە یاسا و رێسا و ئاکامەکانی وتووێژەوە. واتە ئایا لەجێدا لایەنی بەرامبەر هیچ ئاماژەیەکی چ لە ئێستا و چ لە رابردوودا بۆ چارەسەریی کێشە و ناکۆکییەکان تێدا بەدی دەکرێ؟
٢:لێکدانەوەی سەنگ و قورسایی وکارتەکانی دەستیان بۆ دانوستان . واتە لە چ دۆخێکدا دانوستان دەکەن، ئایا لە دۆخی لاوازیدان و هەلومەرج لە دژی ئەوانە یان لە دۆخی بەهێزیدان و هەلومەرجیشیان بۆ لە بارە.

بە لە بەر چاوگرتنی ئەو خاڵانەی کە پێشتر باسمان کرد هەر لایەنە خواست و مەبەستی خۆی لە وتووێژەکە و لانی کەمی داواکاری و لانی زۆری بەڵێنەکان( کف مطالبات و سقف تعهدات)ی دیاری دەکات. مەبەستی شاراوە لێرەدا دەتوانێت هەندێک شتی وەک بە دەستهێنانی قان(امتیاز)ی زیاتر، کەم کردنەوەی زەختەکان، خافڵاندن و بەدەستهێنانی دەرفەت وتەنانەت زەبر وەشاندن بێت.

بەم سەرەتایەوە دێینە سەر نموونەیەکی بابەتی و هەوڵ دەدەین بەراوردێکی ئەم فاکتەرانەی لە گەڵدا بکەین.

وتووێژی نێوان حدک و ئێران

سەرەتا دێینە سەر باسی کۆماری ئیسلامی، سیستمێکی سیاسی کە کارنامەیەکی رەشی لە بواری دانوستان و بە تایبەت لە گەڵ کورددا هەیە.

سەبارەت بە مەرجەکان روون نیە کە کام لایەن زۆرتر دیاری کردوون ، بۆ وێنە خواستی کۆماری ئیسلامی بووە کە وتوێژەکان نهێنی بێ ، کە لایەنەکانیتر و تەنانەت ئەندامانی سەرکردایەتیی رێکخراوەکەش لێی ئاگادار نەبن یاحدک ،کات وشوێن چۆن دیاری کراون و ئاستی بەشدارانی دیالۆگەکە بۆ وا دەستنیشان کراوە. بۆیە بە سەر ئەم فاکتەرەدا باز دەدەین و باسی هەلومەرجەکان دەکەین.

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکارییەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی جیدی دانی بە حەقیقەتی کێشەی کورددا نەناوە و هەر کاتیش کە بە ئاشکرا یا بە نهێنی بابەتی دیالۆگ لە گەڵ کوردی هێناوەتە پێشێ بە دوای مەبەستی لاوەکی خۆیەوە بووە. واتە ٣ توخمی سەرەکی ، پێکهێنەری جەوهەری دانووستانەکانی کۆماری ئیسلامی بووە لە گەڵ نەیارانی خۆی و بە تایبەتی کوردەکان.

یەکەم ؛ خافڵاندن و بە دەستهێنانی دەرفەت، وەک وتووێژەکانی سەرەتای شۆڕشی گەڵانی ئێران لە گەڵ شاندی دانوستانکاری کورد کە بە شێوەیەکی ئاشکرا بەڕێوەچوون. حجت الاسلام کرمانی کە ئەو کات نوێنەری وەلی فەقێ لە کوردستان بووە لە دیمانەیەکدا لە گەڵ گۆڤاری(چشم انداز) دەڵێ،کە وەفدی \"حسن نیت\" لە تارانەوە بۆ وتووێژ لە گەڵ نوێنەرانی کورد هاتنە کوردستان پرسیارم لێ کردن؛ ئێوە بە راستی بۆ چارەسەری پرسی کورد هاتوون؟ کە خێرا \"عزت‌اللە سحابی\" ئەندامی وەفدەکە وڵام دەداتەوە ، نا ، ئێمە بەس هاتووین بەم وتووێژە بیانخافڵێنین تا لە تاران حکومەت سەقامگیر دەکەین ئینجا کۆتاییان پێ دێنین. سەرنجراکێش ئەوەیە کە ئەو وەفدە کەسانێکی وەک سەباغیان ، سەحابی و داریوشی فروهەری تێدا بووە کە رەنگە ئێستا ئێمە بە باشیش یادیان بکەین و بێگومان لە چاو کاربەدەستانی ئێستای کۆماری ئیسلامیش ، عەرز و ئاسمان جیاوازییان هەیە. بەڵام لە روانگەیاندا بۆ پرسی کورد جیاوازییەکی ئەوتۆیان تێدا بەدی ناکرێ.ئەنجامی وتووێژەکە و روداوەکانی دواتری ئەو سەردەمەش بە تەواوەتی راستیی قسەکەی سەحابییان سەلماند.

دووهەم ؛ زەبر وەشاندن ، وەک وتووێژی شەهید د.قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە گەڵ بە ناو دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە وییەنی پێتەختی ئۆتریش کە بە شێوەیەکی نهێنی بەڕێوە چوو و تەنیا مەبەستی ئێران لەو وتووێژە پراکتیزە کردنی پلانێک بوو بۆ شەهید کردنی رێبەری ناوازەی کورد د. قاسملوو.کە بە داخەوە تێشیدا سەرکەوتوو بوو.

سێهەم ؛ نانەوەی کێشە و دووبەرەکی لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و تێکدانی یەکیەتی و ریزەکانیان ، کاتی خۆی بە هێنانە ئارای باسی دانوستان لە گەڵ حیزبی دیمۆکرات ، رێکخراوی موجاهیدینی خەلقیان بە لارێدا برد و بیانوویان بە دەست کەسیکی وەک مەسعود رەجەوییەوە دا بۆ زێدەخوازی و بەگژداچوونی حیزبی دیمۆکرات کە ئاکامەکەی لێکترازانی \"شورای ملی مقاومت\" و هاتنە دەرەوەی حیزبی دیمۆکرات لەو بەرەیە بوو . ئەم تاکتیکە چەندین جاریتریش لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە سەبارەت بە هێزەکانیتر بە کارهێنراوە و باندۆری نێگەتیڤیشی لە سەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەبوە.

کەواتە هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی یەک نمونەشی لە دانوستان پێشکەش نەکردوە کە نیازپاکی و مەبەستی چارەسەریی راستەقینەی پرسی کوردی تێدا بەدی بکرێت.

یەکێک لە گرینگترین فاکتەرەکان لە هەر دانوستانێکدا کارتەکانی مامەڵەن لە دەستی لایەنەکاندا کە ئەویش راست بۆ هەلومەرجی دانوستانەکە دەگەڕێتەوە. بۆ ئەوەی کە روونکردنەوەیەکی بابەتییانەترمان هەبێ ، بابەتی دیالۆگ و دانوستان لە گەڵ ئێران دەخەینە بەر باس.لە دانوستانی نێوان کورد و ئێراندا هەر لایەنە هەوڵ دەدات ویست و ئامانجەکانی خۆی بسەپێنێت و بە دانی کەمترین قان زۆرترین دەسکەوتی هەبێ ، ئەمەش پێوەندی بە هێز و کاریگەریی هەر کام لە لایەنەکانەوە هەیە لە هاوکێشە سیاسییەکاندا. کارتەکانی کۆماری ئیسلامی دیارن، حکومەتێکی بەهێز کە سەرتاسەری خاکی رۆژهەڵاتی کوردستانی داگیر کردوە و هێزێکی گەورە و تەیاری سوپاییشی تێدا دامەزراندوە و توانیویەتی لە هەموو بوارێکەوە کوردستان کۆنترۆڵ بکات، لە باری نێونەتەوەیی و ناوچەییشەوە وڵاتێکی بەهێزە و لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا رۆڵێکی کاریگەر دەبینێ. بەڵام لە لایەکەیتری دانوستانەکەوە کورد هەیە کە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، واتە هێزەکانی لێک بڵاو و پەڕیوەی هەندەرانن.بە دەیان و سەدان کیلۆمیتر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و گۆڕەپانی سەرەکیی خەباتەکەیان دوورن، نە وەک جاران هێزی پێشمەرگەیان لە ناوخۆدایە و نە توانای رێکخستنێکی جەماوەریی بەهێزیان هەیە کە خەباتێکی مەدەنیی کاریگەر بەڕێوە بەرن، هەر حیزبە و بۆتە چەند لایەن و زۆریش ناتەبان.لە ئاستی نێو نەتەوەییدا دەسەڵاتی مانۆڕدانیان لە ئاستێکی نزمدایە و بە هۆی لاوازیی باری ئابوورییەوە راگەیاندن و رێکخستنیان لە ئاستی پێویستدا نیە و ... .

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەگەر چاوێک لە رابردوو بکەین دەبینین کە کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجێکی تەواو پێچەوانەدا کە کورد لەوپەڕی بەهێزیدا بووە و لە باکوورەوە تا باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان گۆڕەپانی چالاکیی پێشمەرگە بووە و بەشێکی بەرچاو لە ناوچەکانی کوردستان تا رادەیەک لە ژێر کۆنترۆلی هێزە کوردییەکاندا بوو و رێبەرێکی گەورەی وەک دوکتور قاسملوو جڵەوداری شۆڕش بوو و پشتیوانی هەندێک لە وڵاتانی بەهێزی دونیای بۆ لای دۆزی کورد راکێشابوو و ...و حکومەت بۆ خۆی لە بارودۆخێکی ناسەقامگیری وەک دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و شەڕی عێراقدا بوو و لە هەموو بوارێکەوە تووشی قەیران هاتبوو هەرگیز دانی بە رەوایی پرسی کورددا نەنا و ئەگەر جار و بار وتووێژیشی کردبێ بە یەکێک لەو مەبەستە لاوەکییانە کردویەتی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد. لێرەدا هەندێک پرسیار دێنە ئاراوە، گەلۆ دەسەڵاتێک کە لە سەردەمی لاوازیدا دانی بە پرسی کورددا نەناوە و تەنیا مەبەستی لە دانوستان لە گەڵ کورد دارشتنی پلانی ئاژاوەگێڕانە و زەبروەشاندن بووە ، ئێستا و لەم هەلومەرجەدا کە هیچ پێویستییەکی بە دانوستان لە گەڵ کورد نیە دەبێ بۆ چ مەبەستێک ئامادەی وتووێژ لە گەڵ کورد ئەویش تەنیا لە تەک یەک لایەندا بێت؟
یان لە ئاستی ناخۆیی و دەرەکیدا تووشی چ قەیران و کێشەیەک هاتووە کە دەیهەوێ بە رێککەوتن لە گەڵ حدک زەختەکان لە سەر خۆی کەم کاتەوە؟ لەجێدا ئەگەر تووشی کێشە و قەیرانیش هاتبێ ، ئاستەکەی لە کوردستان چەندەیە؟ رۆڵ و قورسایی کورد بە گشتی و حدک بە تایبەتی لەم کێشانەدا چەندە؟ وڵامی روونی ئەم پرسیارانە پرسیارێکی گەورەترمان بۆدەخولقێنێ کە لەم بارودۆخەدا وتووێژی چی؟ کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشە و سەرکوتیش بێ خەڵکی ئێرانی لە بێدەنگیدا راگرتوە و کەشێکی بە رواڵەت ئارامی پێکهێناوە. بە تایبەتی کە چاو لە کوردستان دەکەین جگە لە هەندێک چالاکی سیاسی و مەدەنی کەجار و بار دەبنە هۆی سەرئێشە بۆ کۆماری ئیسلامی و ئەویش بەدەر کردنی بڕیاری زیندان و ئیعدام بۆیان بەرەو رووی رەخنە دەبێتەوە هیچ جوڵانەوەیەکی چالاک و گشتیی لانیکەم بە شێوەیەکی بالفعل تێدا بەدی ناکرێ. ئەوەی هەیە زیاتر لە ئاستی میدیایی و لە دونیای مەجازیدایە. کەوابوو چ لۆژیکێک قبووڵ دەکا کە لە هەلوومەرجێکی ئەوتۆدا کۆماری ئیسلامی بە دانوستان لە گەڵ کورد ئەو کێشەیە بەرجەستەتر بکاتەوە و فوو بەو ئاورەی بن خۆڵەمێشدا بکات ؟ بەراستی کارتەکانی دەستی حدک لەم وتووێژەدا چین؟ خۆ هێزی پێشمەرگەی چالاکی لە ناوخۆدا نیە و بارودۆخێکی وەک ئەوەی تورکیا و باکووری کوردستانیش لە ئیڕان و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادا نیە کە خەباتێکی مەدەنیی بەرفروانی پێ وەگەڕ خستبێ ، کەواتە ئەو حکومەتەی کە لە سەردەمی بەهێزیی کورد و لاوازیی خۆیدا ئامادە نەبوە هەنگاو بۆ چارەسەریی پرسی کورد هەڵێنێتەوە ئێستا لە بەرامبەر کامە کارتی بە هێزی حدکدا ئامادەی دانوستان بووە؟ بێگومان هاندەری کۆماری ئیسلامی لەم وتووێژەدا ناتوانێ لەو ٣ توخمە جەوهەرییەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کرد بە دەر بێت.لە نێوان ئەو ٣ توخمەشدا گریمانەی بەهێز ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بە تەمای نانەوەی دووبەرەکی و ناکۆکییە لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە گشتی و بە تایبەت لە نێوان کوردەکاندا، بە لە بەرچاو گرتنی ئەو تێبینییەی کە ئەم وتووێژە راست لە سەروبەندێکدا دەکرێ کە رەوتێکی لێک نزیک بوونەوە و دیالۆگ لە نێو حیزبی دیمۆکراتدا بە مەبەستی یەکگرتنەوە لە ئارادایە ودانوستانێکی تاک لایەنە ، نهێنی وکێشەخولقێنی وا دەتوانێ فاکتەرێکی بەهێز بۆ لەباربردنی بێت، ئەگەری وە راست گەڕانی ئەو گریمانەیە زیاتریش دەبێ. ئەگەری ئەوەی کە مەبەستی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە ٣ توخمەکەیتر بێت زۆر لاوازە، چونکە لە بارودۆخی ئێستادا ئێران هیچ پێویستییەکی بە زەبر وەشاندن و لێدانی سکرتێری حدک نیە و رەنگە کارێکی ئەوتۆ لەم هەلومەرجەدا پتر لە قازانج ، زەرەری بۆی هەبێ واتە هەم زەختە نێونەتەوەییەکانی لە سەر زۆرتر دەکا، هەم دەبێتە فاکتەرێک بۆ هاوسۆزیی زیاتر لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و جگە لەوانەش ئێستا هەست بەو مەترسییە ناکەن کە کاتی خۆی لەلایەن دوکتورقاسملوو ودوکتور شەرەفکەندییەوە بەرەوڕوویان ببووەوە. لە لایەکیتریشەوەئێستا کۆماری ئیسلامی پاش پتر لە ٣٠ ساڵ ئەزموونی فەرمانڕەوایی خۆی سەقامگیر کردوە و پێویستی بە خافڵاندنی ئۆپۆزیسیۆن بە مەبەستی خۆ کۆکردنەوە نیە.

بەڵام با بزانین حدک لە هەلومەرجێکی نالەباری ئەوتۆدا کە ئاماژەمان پێکرد ، بە بێ هیچ کارتێکی گوشاری سیاسی یا ئابووری بۆ چ مەبەستێک و لە پێناو کامە دەسکەوتدا دەچێتە ئەم دانوستانەوە.

رەنگە یەکێک لە لێکدانەوەکانی سکرتێری حدک ئەوە بێ کە خۆی لە پەراوێز بێنێتە دەرێ و بچێتە نێو بازنەی سیاسیی نێوخۆی ئێران و بتوانێ بە مامەڵە کردنێکی سیاسییانەی لانیکەمی(حداقلی) ببێتە یەکێک لە کاراکتەرەکانی گەمەی سیاسی لە ئێراندا. ئەم بیرۆکەیە کاتێک گونجاوە کە کۆماری ئیسلامیش وەک حکومەتی تورکیا لانیکەم بەشێک لە سەرەتاکانی دیمۆکراسی و یاسا و رێساکانی ململانێی و گەمەی سیاسیی دیمۆکراتیکی قبوول کردبێ و بڕوای پێ هەبن. ئینجا دەکرێ چاوەڕوانیی ئەوەمان لێ هەبێ کە لە ئاکامی دانوستانێکدا رێگا بدات لایەنێکی وەک حدک چالاکیی خۆی بەرێتە بیاڤی لێگاڵ و ئەویش لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی ئەو حکومەتەدا یاری بکات . تازە ئەگەر ئەم خەونەش وەڕاست گەڕێ و کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک تورکیای لێ بێ ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ گەلۆ حدک بە کامە کارتی گوشارەوە دەیهەوێ خۆی وەک واقیعێک بە سەر کۆماری ئیسلامیدا بسەپێنێت و کۆماری ئیسلامی بۆچی دەبێ قانێکی لەو بابەتە بە حدک بدات؟ ئەو تورکیایەش کە باسمان کرد خۆ ئەگەر کارتە گوشارەکانی کورد نەبا ئێستاشی لە گەڵدا بێ ئامادە نەبوو هیچ قانێک بە کورد بدات و وتووێژی لە گەڵ رێبەرە بەندکراوەکەیان نەدەکرد، لەتورکیا وێڕای کێشەی ئەندامەتییەکەی لە یەکیەتیی ئەورووپا و دیمۆکراتیک بوونی رێژەیی حکومەتەکەی بەڵام فاکتەری سەرەکی هێز و کارتە گوشارەکانی خودی کوردە کەتوانیویەتی بیکا بە واقیع و بە سەر هاوکێشە سیاسییەکانی ئەووڵاتەیدا بسەپێنێت. ئایا کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و حدک بە تایبەتی کام لەو کارتانەی کوردەکانی باکووریان بە دەستەوەیە،ئەوان بە یەک دەنگ لە گەڵ تورکیا قسە دەکەن و هەموویان لە سەر یەک هێڵ دەڕۆن و یەک رێبەریان هەیە کەچی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەر لایەنە لە هەوایەک لێ دەدا ، هەر کام ملی رێیەکیان گرتوە و هەر کەسەو لە حاستە خۆی بۆتە رێبەڕێک کە بە داخەوەزۆربەشیان پێکەوە ناتەبان. ئەوان هێزی چەکداری زۆر ، ئامادە و ئاکتیڤیان هەیە ، ئەوان رێکخستنێکی بەهێزی دیسیپلینەیان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا هەیە ، جووڵانەوەیەکی مەدەنی و جەماوەریی وایان رێکخستوە کە توانای هێنانە سەر شەقامی سەدان هەزار و بگرە بە ملیۆن کەسی هەیە.

خاوەنی چەندین سەرچاوەی مادیی بەهێز و دەیان دەزگای جۆراوجۆر و پڕۆفشناڵی راگەیاندنن و... کام لەمانە لە نێو جوڵانەوەی سیاسیی ئێستای رۆژهەڵاتی کوردستاندا بوونیان هەیە؟ ئەمانە کارتی بە هێزی گوشارن کە بەرهەمهێنەری توانای دیپلۆماسی و دانوستانن. حدک وەک تاکە لایەنێک و بە بێ هیچکام لەم کارتەگوشارانە تەنانەت ئەگەر سیاسەتی لانیکەمیش بگرێتە بەر چۆن دەتوانێ قان لە کۆماری ئیسلامی وەربگرێ؟ بێ‌لەمانەش کۆماری ئیسلامییەک کە ئامادە نەبوو هیچ قانێک بە جیابیران و ریفۆرمخوازەکانی نێو پێکهاتەکەی خۆی بدات کە زۆر بە هێزتر لە کورد بوون و توانیبووشیان بەشێکی بەرچاو لە بنیادەکانی ئەودەسەڵاتە(وەک دەوڵەت و مەجلیس) بخەنە دەستی خۆیانەوە و ئەوەی بە سەر هێنان کە دیتمان ئیتر چۆن باج بە حدک بەو حاڵ و رۆژەیەوە دەدات؟
پێدەچێت یەکێکیتر لە مەبەستەکانی سکرتیری حدک لە پەراوێز هێنانە دەر و بە رۆژەڤ کردنی خۆی ، رێکخراوەکەی یا کورد بێ . بۆیە وا دەڵێم چونکە ئەگەر گەشبینانە چاو لە بابەتەکە بکەین و مەبەستی رێکخراوەکەی با دەبوو ئەو کارە بە ئاگاداری و لە سەر بڕیاری سەرکردایەتییەکەیان کرابا و ئەگەر لەوەش گەشبینانەتر چاوی لێ بکەین و مەبەستی کورد با دەبوو بە هاوکاری و کۆدەنگیی و بەشداریی هەموو هێزەکوردییەکان یا لانیکەم هێزە سەرەکییەکان ئەو کارە کرابا. بە هەر حاڵ ئەگەر بە شێوەیەکی ئابستراکت چاو لەم مەبەستە بکەین ئاماژەی مەعقول و لۆژیکیی تێدایە چونکە ئەگەر لایەنێکی سیاسی بە هەر شێوازێک (جگە لەوشێوازانەی کە کەرامەتی مرۆڤ دەشکێنن یان کرداری تیرۆریستییانە بن) بتوانێت کێشەکەی لە پەراوێز دەربێنێت و کەشی بایکۆت بشکێنێ واتە بتوانێ پرس و ئامانجی خۆی بکا بە رۆژەڤ و سەرنجی رای گشتیی بۆ رابکێشێ ، تاکتیکێکی گونجاو و کردارێکی لۆژیکییە . بەڵام ئەگەر دەیخەیە نێو کۆی هاوکێشەکە و لە دەقی پڕۆسەی سیاسیدا دەیخوێنییەوە لێکدانەوەکە ئەنجامێکی جیاوازت دەداتێ. ئەم تاکتیکە لە پێوەندی لە گەڵ هەلومەرج و چۆنییەتیی جێبەجێکردنیدا ئاکامی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە، بۆ نموونە ئەگەرچۆنییەتییەکەی لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بێ دەبێ بزانی ئەو تاکتیکە چەندە لە گەیشتن بە ئامانجەکەت نزیک دەکاتەوە، واتە چەندە رێگا بە دەنگی جیاواز دەدرێ بێنە گۆڕەپانی ململانێیەوە و لەو نێوانەدا چەندە دەتوانی خواست و ئامانجەکانی خۆت بکەی بە مەرجی بەشداری و تەوەری بانگەشەکان، دواتر چەندە توانایی و ئامادەیی ئەوەت تێدایە کە بە دواداچوونی ئەو خواست و مەرجانە بکەیت و بیانکەی بە بابەتی گەنگەشە لە کۆمەڵگا و ناوەندە سیاسییەکاندا بە چەشنێک کە نەهێڵی بابەتەکە لە رۆژەڤ بکەوێ و جێی پەنجەت بە کۆی پڕۆسەکەوە دیار بێ. یا ئەگەر چۆنییەتییەکەی لە پڕۆسەی دانوستاندا بێ دەبێ بزانی ئەم دانوستانە چەندە دەتوانێ دەرفەت و دەرەتانی (فرصت و فضا)بە رۆژەڤ بوونت بۆ بخولقێنێ ، کە بێگومان وتوێژێکی نهێنی هەرگیز ناتوانێ ئەم ئامانجە بپێکێ و نە دەرفەت و نە دەرەتانی بە رۆژەڤ بوون ناڕەخسێنێ.

دوا پەیڤ

مخابن بارودۆخی نالەباری ئێستای هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەشێکی لە ناهۆمێدی ، بێ‌ئیرادەیی ، نەبوونی متمانە بە هێزی خۆ و خەڵک ، بێ‌پرۆژەیی ، خۆ دانەدەستی قەزا و قەدەر و دەرئەنجام چەقبەستوویی خولقاندووە . ئەمە وای کردوە هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باتی گەڕانەوە بۆ بنەماکانی رەوایی خەباتەکەیان ، پشتبەستن بە سەرچاوەی هێز واتە خۆیان و خەڵکەکەیان ، دانانی پڕۆژە و پڕۆگرامی تێکۆشانی کارا ، دابین کردنی فاکتەرەکانی هێز و کارتەکانی گوشار بۆ بردنەسەری توانایی گەنگەشە، دیپلۆماسی و دانوستان و ... پەنا بۆ میکانیزمگەلێک بەرن و دڵ بە فاکتەرگەلێک خۆش بکەن کە نە ژێرخانی پێویستیان بۆ ئامادە کردوە و نە توانای رۆڵ بینینی کاریگەریان تێیاندا هەیە.

لێکدانەوەگەلێک بۆتە بنەمای داڕشتنی سیاسەت و شێوازی تێکۆشانیان کە ئەگەر راست و دروستیش بن تا رادەیەکی زۆر بەدەر لە ئیرادەی ئەوانن و کەمترین ئامادەییان بۆ رۆڵ گێڕان لە سیناریۆکانی خۆشیاندا هەیە. بۆیە دەتوانین لە سەرجەم لێکدانەوەکاندا دوو هێڵی سەرەکی جیا بکەینەوە، یەکەم هێڵی چاولەدەستی ،دووهەم هێڵی چاوەرووانی کە هەر دووکیان سەر بە یەک ژێدەرن، بێ‌هیوایی و دەستەوەستانی.چاو لە دەستی و چاوەڕوانی دەتوانن یەک ماناشیان هەبێ بەڵام لێرەدا من بۆ دەستنیشان کردنی دوو هێڵی سیاسی لێکم کردوونەتەوە . مەبەستم لە چاو لە دەستی ئەو سیاسەتەیە کە بە هۆی بێ‌هیوایی و دەستەوەستانی خواستی سازانی تێدادروست بووە و بە بێ ئەوەی هیچ کارتێکی هێز و گوشاری بە دەستەوە بێت چاوی بڕیوەتە بەزەیی کۆماریی ئیسلامی و نەرمی نواندنی ئەو. ئەم سیاسەتە هەوڵ دەدا خواستەکانی لانیکەمی بکاتەوە بەڵکوو کۆماری ئیسلامی دەرگایەکی بەڕوودا بکاتەوە و هەموو هێلکەکەنی خۆی خستۆتە سەوەتەی سازانەوە.

چاوەڕوانیش مەبەستم ئەو سیاسەتەیە کە خواستەکانی دانەبەزاندووە و بە تەواوەتی چوەتە خانەی دژایەتییەوە، بەڵام بە هۆی بێ‌هیوایی و لەبەر ئەوەی کە پێداویستییەکانی ئەم دژایەتییەی بۆ بە ئاکام گەیاندنی ئامادە نەکردوە ،چاوەڕوانی دەستێکی دەرەکییە ئەرکەکەی ئەو جێبەجێ بکات و ئەمیش هەموو هێلکەکانی خۆی خستۆتە سەوەتەی دەستێوەردانی دەرەکییەوە.

لە کۆتاییدا ماوە بڵێین ، تەنیا رێگا بۆ دەرباز بوون لەم تەنگانە پشت بە بستنە بە هێزی خود. واتەکورد و هێزە سیاسییەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر بتوانن ببنە خاوەن ویستی خۆیان و بە پشت بەستن بە هێزی سەرەکیی خەباتەکەیان واتە خەڵکی کوردستان بیانهەوێ خەباتەکەیان لە ئامانج نزیک بکەنەوە پێویستە هەندێک خاڵی لەم بابەتە رەچاو بکەن:
١: یەکریزی و یەکگرتنی لایەنە لێک دابراوەکان و یەکیەتی و هاودەنگی هێزەسیاسییەکان

٢:پێداچوونەوە بە گوتار و پێکهاتە و سیاسەتەکانیان بە ئاراستەی نوێ کردنەوەدا

٣: دانانی پرۆژە و پلان بۆ خەباتێکی هەمەلایەنە

٤:بەرهەست(عینی) کردنی ئەوخەباتەی کە ئێستا لە دونیای مەجازیدا قەتیس ماوەتەوە لە رێگای بردنەوەی خەبات بۆ شوێنی سەرەکی خۆی و چالاک بوونەوەیان لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمە لە پێوەندییەکی دوولایەنەدا دەبێتە هۆی بەهێز بوون و باندۆری زیاتری راگەیاندن و دیپلۆماسیش.
...
بەم شێوەیە هیواکان زیندوو دەبنەوە و کورد دەبێتە خاوەن هیز و قورساییەکی کاریگەرتر کە ئەگەر بیهەوێ دانوستان بکات کارتی گوشاری بە دەستەوە دەبێت و لە ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکیشدا ئەم تەنیا بینەرێکی سادە نابێت.

ئەو بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نیە