داعش کوردی یەکخست ئەگەر دەرفەت بزانین

21:17 - 2 خەرمانان 2714
Unknown Author
هاوار بازیان

تەنیا چەند مانگێک لەمەوبەر بوو کە بێ هیواییەکی زۆر باڵی بەسەر کورددا کێشابوو لەوەی چۆن و کەی شەڕەدندوکی ناوەخۆیی کوردان بەتایبەت پێشمەرگە لە باشوور و گریلا لە باکور و رۆژئاوا تەواو دەبێ. ساڵانێکی زۆر بوو کوردی رۆژهەڵات کە پەڕیوەی باشوور بووە چاوی لە دەرفەتێک بوو تا بە کردەوەش بیسەلمێنی \"هەموومان سەربازی کوردستان و حکوومەتی کوردیین\". هاتنی داعش هەرچەندە پڕ بوو لە کارەسات و کردەی نامرۆیی، بەڵام هۆیەکی باش بوو تا کورد تامی یەکبوون و یەکگرتن بچێژێ. لەبیرمان نەچێ کە لە بەردەوامیی رووداوەکاندا و هاتنەئارای گۆڕانکاریی نوێ لە هێز و وێنەی سیاسی، مەترسییەکی ناوەخۆییی کوردان خەریکە هەموو کوردێک نیگەران دەکات.

هیچ گومان لەوەدا نییە و مایەی بەرگریکردن نییە کە چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام /داعش/ بەپێی سەرجەم پێوەرەکانی یاسایی و مرۆیی و نێودەوڵەتی پێناسەی \"تیرۆر و تیرۆریزم\" لەخۆیان دەگرن، بەڵام ئەو تیرۆر و جینایەتە بەتایبەت دژی کورد ئەزموونێکی نوێی بەکورد بەخشی کە ناکرێ باسیان نەکرێ:
١. دوژمنی هاوبەش

شەڕی ئاشکرای داعش دژی کورد سەرەتا لە رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد کە دواتر بە هەندێک چالاکیی تیرۆری وەک هێرشەکەی سەر ئاسایشی گشتی/٢٠١٣.٩.٢٩ هەولێر رووی لە باشووری کوردستانیش کرد و پاش رووداوەکانی مووسڵ داعش وەک دەوڵەتێکی تیرۆریستیی بەهێز راستەوخۆ بووە دوژمنی هاوبەشی کورد لانیکەم لە ٢ پارچەی کوردستان. ئەو دوژمنە هاوبەشە پێویستییەکی خستە بەردەم کوردان تا ئەوانیش دۆستایەتییەکی پتەوی هاوبەش ببەستن و کێشەکانی تر بۆ پاش نەهێشتنی دوژمنە گەورەکە هەڵبگرن. بەشێکی زۆری گرینگیی ئەو دۆستایەتییەی کورد لە باشوور و رۆژئاوا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رووداوەکە هاوکات بوو لەگەڵ ئەو شەڕ و ناکۆکییەی ماوەی ساڵێک بوو بەتایبەت لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان/ PDKعێراق و پارتی یەکێتیی دیموکراتی PYD/سووریا بەگەرمی بەڕێوە دەچوو کە تەنانەت هەندێکجار مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕی ناوەخۆییشی لێدەکرا.

٢. سنووری کوردستان یەکلاکراوە

هەر لە پاش یەکەم دەستووری نوێی عێراقی پاش سەدام حوسێن، کێشەی بەشێک لە خاکی کوردستان کرا بەماددەیەکی دەستووری و خرا بەرنامەی کاری حکوومەتەکانی بەغدا کە پاش ١١ ساڵ لە نەمانی دەسەڵاتی پێشووی بەغدا ئەو بابەتە هەر چارەسەر نەکرا، بەڵام لەگەڵ رووداوەکانی مووسڵ و هاتنی داعش بۆ ناو مەیدانەکە، کورد دەرفەتێکی باشی دەستکەوت و بەهۆیەوە زیاتر لە ٩٠%ی ناوچە کوردستانییەکانی بەدەست خستەوە و سنوورەکانی راستەقینەی کوردستان یەکلا و ساخ کردەوە. هەرچەندە ئەو کارە بێ قوربانی و مەترسی نەبووە، بەڵام دەستکەوتەکەی شایانی ئەو ناخۆشییانە بوو کە کورد بەرامبەر داعش بەگشتی بەسەریدا هات، چونکە ئەگەر دەرفەتێکی لەوشێوەی لە ئارادانەبووایە، هیچ دڵنیایییەک نەبوو کە حکوومەتەکانی داهاتووی عێراق لەوانی پێشووتر باشتر بن و بەدەنگ داواکانی کوردەوە بێن، بەتایبەت کە ئەگەر سەیری هەیکەلی سیاسیی بەغدا دەکەی تەواو هەست بەوە دەکرێ ئەو دەسەڵاتانە بەرامبەر کورد بەردەوام لە کشانەوە و پاشەکشەدان بە مافەکانی کورد بوونە.

٣. هەستی نەتەوەییی هەموو کورد بەسەر کرایەوە

کورد پێویستی بە دەرفەتێک بوو تا کۆتایی بە هەندێک گومان بێنێ لەوانەی پێیان وابوو کوردی هەر بەش لە کوردستان سەریان بەپرسی خۆیانەوە خەریکە و هەستێکی پڕ بەهەموو کوردستان بۆ کوردەکان نەماوە. رووداوەکانی دواییی مووسڵ و داعش پێچەوانەی ئەو بۆچوونەیان سەلماند. کاتێک دوورترین کورد لە ئیلام و کرماشان و شار و ناوچەکانی تری رۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەک و هاوکاریی بۆ دوورترین کوردی ئاوارەی شنگالی کۆ کردەوە و لە رێگەی ئەو هاوکارییە کەم یان زۆرەوە بەهەمووانی راگەیاند کورد هێشتا یەکن. خۆ ئەگەر رووداوەکانی دوایی و پرسی داعش نەبووایە، دەرفەتی ئەوە نەدەبوو تا هێز و کوردەکانی رۆژهەڵات لە باشوور ئەو راستییە بسەلمێنن کە ئەوانیش هەموو کوردستان بەهی خۆیان دەزانن و ئامادەن وەک مهاباد و سنە شەڕی بەرگری بۆ خانەقین و جەلەولا بکەن.

٤. زانینی بەهای کورد لەئاستی نێودەوڵەتی

ئەو رۆژەی داعش بڕیاری دا بەرەی شەڕ لە بەغداوە بەرەو هەولێر بگۆڕی، بەهیچ شێوەیەک پێی وانەبوو لە ئاستی نێودەوڵەتی بەوشێوە بەرفراوان و خێرایە پشتگیریی لێدەکرێ، چونکە پێی وابوو مادام رۆژئاوا پشتی لە بەغدا کردووە ئیتر پێویست ناکات ترسی ئەوەیان هەبێ دیسان رۆژئاوا وێڕای ناڕەزایەتیی ناوەخۆیی خۆی تووشی شەڕ لە عێراق و کوردستان بکاتەوە. پشتگیریی خێرا و راستەوخۆ و بەهێزی سەرۆکی ئەمریکا و فەرمانکردن بەهاوکاریی بەپەلەی کورد و دواتر یەکدەنگیی یەکێتیی ئورووپا لەسەر یارمەتیدانی مرۆیی و سەربازیی کورد و هەروەها دانیشتن و بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی داعش و پشتگیریی کورد دەستکەوتێکی گرینگ و گەورەتر لە چاوەڕوانییەکانی داعش و کورد خۆیشی بوو. راستە کە ئەو وڵات و لایەنە نێودەوڵەتییانەش بۆ بەرژەوەندیی ئەمنی و تەناهیی خۆیان و راگرتنی تیرۆر لە یەکەم خاڵی دەستپێک بەوشێوە بەهانای کورد هاتوون، بەڵام هەموومان باشمان لەبیرە کە ساڵی ١٩٩٠ کورد بەقەبارەیەکی زۆر گەورەتر لە ئێستە بەگشتی تووشی راونان و کوشت و کوشتاری ریژیمی پێشووی عێراق بوونەوە، بەڵام کۆمەڵگەی ناودەوڵەتی وەک ئێستە بۆ هاوکاری و بەهانای کوردەوە نەهاتن. هاتنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئوروپایی و پشتیوانیی کەسایەتییە ئایینی و سیاسی و ناوەندە ناودەوڵەتییەکان وایکرد کورد بەرهەمی ئەو سیستەمە دیمۆکراسی و دەسەڵاتە ٢٢ ساڵەی خۆی ببینێتەوە و دڵنیا بێت لەوەی ئێستە کورد تەنیا نییە و دەتوانێ چاوی لە ئامانجی گەورەتریش بێ.

٥. نوێبوونەوەی باڵی سەربازیی کورد

کورد لە باشوور تا رادەیەک پشتی بە دەسەڵاتی حکوومی بەستبوو و روانینێکی میری بۆ پرسەکان هەبوو و هەرگیز پێیوا نەبوو لە سەدەی ٢١ـدا تووشی گەورەترین هێزی تیرۆریستیی جیهان ببێتەوە، دوژمنێک کە ئەمریکا بە دوژمنی ژمارەی یەکی خۆی و مەترسیدارتر لە قاعیدە ناوی دەبات. لەگەڵ ئەوەشدا کورد تا ئێستە باش خۆی لەگەڵ ئەو جەنگەدا گونجاندووە، بەشێوەیەک کە وڵاتانی رۆژئاوا بەڕەسمی و ناڕەسمی سەرەڕای تێبینی بەڵام بەگشتی رەزامەندییان لە شەڕکردنی و جووڵەی مەیدانیی پێشمەرگە دەربڕیوە. لەناوەخۆی کورددا هەست بە کۆمەڵێک لاوازیی کەرتی سەربازی دەکرێ کە بەرپرسانی باڵای هەرێم و لەوانە سەرۆکایەتیی وەزیرانی حکوومەتی هەرێم و پەرلەمان بەڕەسمی ئاماژەیان پێکردووە و کار بۆ چارەسەریی دەکرێ. ئەو دۆخە وایکرد کورد بیر لە خزمەتی سەربازیی ناچاری و دامەزراندنی لەشکەری نیشتمانی بکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئاشنایەتییەکی باشی لەگەڵ شەڕ و چەکی نوێدا پەیدا کرد و لە مەیدانێکی دژواردا دیسان خۆی تاقیکردەوە.

ئەنجام:

ئەگەرچی دوژمنە گەورەکەی کورد ئەمڕۆ تیرۆریست و دڕندەیەکە بەناوی \"داعش\"، بەڵام بەهۆیەوە پێگەیەکی نوێ بە بواری سیاسی، سەربازی و دیپلۆماسیی کورد بەخشراوە کە لە ئەنجامدا چاو و دڵی کوردانی لە هەموو دنیا بەرەو یەک شوێن بردەوە، ئەویش کوردستان. هاتنە ئارای ئەو دەستکەوتە گرینگە هاوکاتە لەگەڵ هەندێک دەنگۆی مەترسیدار کە باس لە جیاکردنەوەی بەهای پێشمەرگەی باشوور و گریلای باکور و رۆژئاوا دەکەن. پێویستە ئەمڕۆ هەموو هێز و توانای کورد یەکخستنی زیاتری خۆی و تواناکانی بێ و خوێنی ئەو گریلایە بەفیڕۆ نەچێ کە لە باکورەوە هاتبوو و پاش شەڕێکی زۆر لە رۆژئاوا، هەفتەی رابردوو لە سەنگەری هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕی باشوور دژی دوژمن گیانی بەختی یەک نیشتمان کرد.

سەرچاوەکان:

http://rudaw.net/sorani/kurdistan/14082014
http://www.awene.com/article/2014/08/15/34924
http://www.nrttv.com/all-details.aspx?jimare=61543
http://sharpress.net/Direje.aspx?Jimare=7173
http://www.chatrpress.com/Drejey-hawal.aspx?id=6712&LinkID=1#.U_n67fkhCSo