داعش و تەنینەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان

12:55 - 3 خەزەڵوەر 2714
Unknown Author
هەڵمەت (عومەر) مەعرووفی

ماوەیەک بەر لە ئێستا لە بابەتێکدا کاک موختار هوشمەند لە ماڵپەڕی کوردپادا، ئاماژەی بە هەبوونی داعش و داعشی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دابوو و هەندێک زانیاری وردیش لەناو بابەتەکەیدا دەبیندرا، ئێستا ئەو راستیانە زیاتر دەکەونە بەر چاو و ڕواڵەتێکی کرداریانەتری بەخۆیەوە گرتووە.

هەبوونی لایەن و لایەنگری ئیسلامی و ئیسلامیە جیاوازەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا مێژوویەکی زۆر قووڵی نییە و هیچ کاتیش نەیتوانیوە زۆر قووڵ لە ناخی ئەو جڤاکەوە و بیتەنێت، ئەم مێژوویە لە درێژخایەنترینیاندا وەک سیستەم یان شێوەیەکی سیستماتیک، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و دەست پێبوونەوەی بزووتنەوەی کورد بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی خۆی، کە وێنە و نمودی کردادری و سەرەکی ئەم دیاردەیە لە سنە و لەلایەن ئەحمەد مفتی زادەی کوڕی \"مەلا مەحموودی موفتی\"ی کوڕی \"عەللامە عەبدوڵای دشەیی\"، خەڵکی دشەی لای پاوەەیە کە خۆی سەرەتا ئەندامی حیزبی دێمۆکرات و هەڵسووڕاوی ئەم حیزبە بووە و دواتر لە زیندان تووشی ئاڵوگۆڕی دەروونی دێت و دەبێت بە ئیسلامی و توانی تا ماوەیەکی درێژخایەن لە رووداوەکانی ئەو ساتی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەور بگێڕێت و بە مردنی ناوبراویش هەرچەند لاوازییەک بە روخساری موفتی زادەییەکانەوە بینرا، بەڵام هەمدیسانیش هەر بزوتنەوە و چالاکیان بەردەوام و لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا و تەنانەت لە بەشێک لە باشووریش، کۆڕ و کۆمەڵە و هەڵسوڕانی خۆیان هەیە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا زۆرترین لایەنگرەکانی لەو شارانەدا دەبینرێن: سنە، سەقز، سەردەشت و میراوای سەردەشت و رەبەت و بانە و بۆکان.

بەڵام لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا ساڵانێکیشە کە ئیخوانەکان هەڵسوڕاویان هەیە و کار و چالاکی و رێکخستنیان هەیە و تروپکی هەڵسووڕاوییەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٣٧٦ تا ١٣٨٥ی هەتاوی کە لەو ساڵانەدا کەسانێک بە جلوبەرگی عەرەبی یان بەلووچیەوە دەهاتن بۆ گوند و شارەکانی کوردستان و شەمۆلەیان دەگرتەوە و لەبەرچی خەڵک دەمانەوە کە لە لایەن خەڵکەوە بە گومانەوە سەیریان دەکرا، لەو ناوەدا لە هەندێک شار هەڵسووڕاویان زۆر بوو و هەندێک مەلا لە هەندێک شاری کوردستانەوە ساڵانە دەچوون بۆ زاهیدان و بەشداری کۆبوونەوەکانیان دەکرد و کەسێک بەناوە (شێخ محەممەد ساڵح پڕدڵ) کە کاسێت و ڤیدیۆکانی وەک ئایاتی قورئان سەیری دەکرا، دەورێکی زۆری هەبوو لەناو ئەم کەسانەدا، لەو مەلا کوردانەی کە زۆر سەردانی زاهیدان و بەشداری ئەو کۆبوونەوانەیان دەکرد دەتوانین ئاماژە بدەین بە: مەلا حوسێن قەیتەرانی کە لە بۆکان مەلایە، مەلا محەمەدی کۆسە (گوندی کۆسەی بۆکان) کە ئەو دوو ناوبراوە بە هاوکاری یەکتی و هاوڕێیەتی بەناوبانگ بوون و لە گوندی کۆسە تەشکیلاتێکیان وەڕێ خستبوو و کلاس و دەوریان هەبوو کە پێدەچێ ساڵانێکە دەستیان تێکەڵاوی ئەلقاعیدە و لە ئێستاشدا تێکەڵاوی داعش کردبێت. لە مهاباد کلاس و دەوری ئاغای مەعرووفی لە مزگەوتی فەقیران، خۆی ساڵیانێکە ناوبانگێکی هەیە و خۆی باسێکی درێژە کە من خۆی لێدەبوێرم، هەروەها لە مزگەوتی بیلالی حەبەشی لە باغی شایەگان ئەو دەرس و دەور و کۆبوونەوانە بەردەوام بوون کە سەرەکی ترین بەڕێوەبەرەکان بە کورتی ناوین (خ.م – م.س – م.ر) بوو و ئێستاش ئەو تۆخیە ئایینیە لە ناوبراواندا هەیە، هەروەها لە ئێستاشدا زۆربەی چالاکی ئەو گرووپە لە مزگەوتی بەری مەدرەسە و لەلایەن مەلایەک بە ناوی «مەلا فەتاح شێخی» یـەوە دەکرێت کە ناوبراو مێژوویەکی زۆری لە چەپەڵی هەیە و خولێکیش شۆرای شار بووە و ساڵانێکی دوورودرێژە مەلای ئەو مزگەوتەیە لە مهاباد و ئیستاش بەگوڕترین کۆبوونەوەکان لە لای ئەوەوە رێک دەخرێن و ئەو کەسانەی کە لە مهاباد لەو دواییانە رۆیشتوون بۆ ناو داعش لە ئەندامانی ئەو مزگەوت و لە لایەنگرانی مەلا فەتاح و بەشدارانی کۆڕەکەی ئەون.لە ناوچەی مەرگەوەری ورمێ و لە زێوەی مەرگەوەر، گرووپە ئیسلامیەکان ساڵانێکە تێکۆشانیان هەیە و کۆڕ و کۆبوونەوەی ئیسلامی و تەنانەت شایی ئیسلامی بەڕێوە دەبەن و لە ماڵێکدا کە بەناوی ماڵی نیهاد (کەسێکی باشووری کە لە رۆژهەڵات دەژیا و لە کردەوەیەکی گوماناویدا کوژرا) کۆبوونەوە و کلاسەکانیان بەڕێوەدەبەن و کلاسی زمانی ئینگلیسی و عەرەبیشیان هەیە، کە لەو ناوەدا دەتوانین ئاماژە بە دەور و چالاکی و بەڕێوەبەری مەلاعەبدووڵا ئەلیزادە کە ناوبراو ئێستا و بە هەبوونی دوو ناسنامەی ئێرانی و ئێراقی و هەبوونی دوو ژن، ماڵێکی لە شاری سۆران و لە گەڕەکێکی ئەو شارە داناوە و لەوێ دەژی و هاوکات خەریکی مێشداری و کاری ترە کە گومانی ماددەی هۆشبەریشی لێدەکرێت و لەو ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر دەوڵەمەند بووە، قسەکەری ئەو جەماعەتەش کەسێکە بە ناوی نایب کە بەرپرسی ئەحمەدی خانی بوو لەزێوەی مەرگەوەر، کە ناوبراو لە زۆرێک لە کۆبوونەوەکاندا کورد بە هیچ و بێ مێژوو و بی ناوەڕۆک دەزانێ، لێرەدا باس لە کێشە تاەکەسیەکانی ناوبراو و وەرچەرخانەکانی ناکەم. هەروەها لە گوندی ڕاژان هەبوونیان چڕ و پرە و زۆرتر کەسانی سەر بە ئیخوانن و هەروەها مەلایەک بە ناوی مەلا محەمەد تاهیر ئەندامی دەعوەت و ئیسلاحە و کۆڕ و کۆبوونەوەی هەیە و لە ناو گەنجەکانیشدا رەخنەی کردووە.

بەڵام ئێستا رەوتی ئیسلامیزاسیۆن لە رۆژهەڵاتی کوردستان چۆتە ئاقارو قۆناغێکی ترەوە، ئەو ئاقارەش بە هاتنە ئارای داعش دەستی پێکردووە و بەرەو هەڵگیرسان دەڕوات و پێویستی بە هزر و دۆزینەوەی رێگاچارە هەیە، ئەستەم بوون و هەستیار بوونی ئەو دۆخە کاتێک دەبینرێت و دەزانرێت کە دەبینین فەرمانگەی ئیتلاعاتی شارە کوردییە سنوورییەکان نامەی مەحرەمانە بۆ دادستانی دادگاکان دەنێرێت کە: «بە پێی زانیاری پشتڕاست کراوە، داعش بە لەبەرکردنی جلی کوردی و بە لە سینگدانی ئاڵای کوردستان لە ئێراقەوە دێن بۆ ناو گوندەکانی ئێران (مەبەست رۆژهەڵاتی کوردستانە) و دەرۆنە ناو شارەکان و رێکخستن دەکەن و ئێستاش رێکخستنیان بە هێزە» (تێبینی: ئەو دەقە پشتڕاستە و دەقی نامەکان بینراوە لە لای نووسەری ئەم بابەتەوە)، هەروەها خاڵێکی تر بۆ مەترسیدارتربوونی ئەو دیاردەیە لە ئیستادا، بێسەرو شوێن بوونی کەسانێکی ئایینی و ئیسلامییە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەم رۆژانەدا ئەوە بوەتە دیاردەیەکی بەرچاو، بۆ نموونە لە مهاباد بە پێی زانیاری پشتڕاستکراوە، سێ کەس نادیارن لە بۆکان ٢ کەس لە بانە ٢ کەس لە سنە ٤ کەس. ئەو دیاردەیە جێی دڵەڕاوکێیە و پێویستی بە تێڕامان هەیە. هەروەها شیاوی ئاماژەیە کە بە پێی زانیارییەکانی رادیۆ نەوا « رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی كه‌به‌داعش ناسراوه‌، په‌لیهاویشتووه‌بۆ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و نه‌ک هه‌ر ژماره‌یه‌ک له‌گه‌نجانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان به‌شداری ریزه‌كانی ده‌كات، به‌ڵكوو یارمه‌تی دارایی له‌خه‌ڵكی وه‌رده‌گرێت.

سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ بڵاویانكرده‌، سه‌له‌فیه‌توندڕه‌وه‌كانی كورد له‌ناوچه‌ی جوانڕۆی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان یارمه‌تی دارایی بۆ رێكخراوی داعش كۆده‌كه‌نه‌وه‌، ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ش ده‌كرێت هه‌ڕه‌شه‌یان له‌و بازرگان و كاسبكارانه‌كردووه‌كه‌ئاماده‌نیین هاوكاری دارایی بده‌نه‌ئه‌و گروپه‌توندڕه‌وه‌.

هاوكات به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان ته‌نیا له‌ماوه‌ی ١٥ رۆژی رابردوودا ١٢ گه‌نجی دانیشتووی شاری پیرانشار و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری توانیویانه‌خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ناوچه‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی داعش له‌عێراق.

ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ئێستاش چوار مێرمنداڵی دانیشتووی گوندێكی شاری بانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بێ سه‌روشوێن بوون، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک باسیان له‌وه‌كردووه‌به‌ئه‌گه‌رێكی زۆر ئه‌و مێرمنداڵانه‌په‌لكێشی ناو داعش كرابن، به‌ڵام كه‌س و كاره‌كانیان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن منداڵه‌كانیان رفێنراون»(سەرچاوە: http://cnnr.co/ رێکەوتی: ته‌مموز ٢٥, ٢٠١٤).

بەڵام ئەوەی کە بۆ سەرەڕای ئەوەی کە لایەنە ئیسلامییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا هیچ کات پێگەیەکی وا بەهێزیان نەبووە، بەڵام لە ئێستادا و بە هاتنی داعش وا بۆتە فاکت و لە شوێنی خۆیەتی کە ببێتە دڵەڕاوکێ بەڕای من چەند هۆکارێکی هەیە بە شێوەی خوارەوە:
١- لاواز بوونی حیزب و لایەنە کوردییەکان و نەبوونی چالاکی بۆ دەستەبەر بوونی مافەکان و لەناو بردنی زۆرداری ئایینی و چەوسانەوەی ئایین زاکان لە ئێران و کوردستاندا، ئەو ناچالاکییەی هێزە کوردیەکان بوەتە هۆکارێک بۆ هاتنە ئارای بۆشاییەک لە ناو لاوەکاندا کە لایەنە ئیسلامییەکان بە قازانجی خۆیان بەکاری دێنن و کەڵکی لێوەردەگرن.

٢- داعش زۆر ئازادی سەیر و سەمەرەی داوە بە ئەندامانی خۆی کە بۆ کەسانی ئایینی کە ئەم ئازادییانە بۆ ئەوان هەم چێژێکی دونیایی تێدایە و هەم بەهەشتی، هاندانێکی زۆری تێدایە، لەناو داعشدا بەڕێوەچوون ئاسان و سێکس بەلاش و بە پێی فیلە و دەتوانی لە پێناو شەڕ لە رێگای خوادا لەگەڵ کەنیشکی زۆربەی شوێنەکانی دونیا و بێ بەرامبەر و بە شێوەیەکی کە ئەوان دەڵێن ئیسلامیە و پەسەندی خوای لەگەڵە، سێکس بکەیت کە ئەمە هاندەرێکی باشە بۆ کەسانی ئایینی بۆ پەیوەست بوون بەو گرووپەوە.

٣- داعش رۆژ بە رۆژ هێز دەگرێ و بی سنوور پەرە دەستێنێت و ئەوە تەنیا کوردیشە کە بە شێوەی سیستماتیک لەگەڵی بەرەو روویە، وڵاتانی تر هێشتا زۆربەیان دوو دڵن، ئەمریکاش تەنیا بە فرۆکە شەڕی لەگەڵ دەکات و داعشیش زۆر ملهوڕانە تاکتیکی نوێ دێنێتە ئاراوە و پەڕ و پۆ داوێژێت و ئەوەش هیوا لە ناو ئیسلامیەکاندا دەخوڵقێنێت.

٤- ئێستا داعش تەنیا زلهێزی ئیسلامی و گرووپەکانی تر کڕ و بێ دەنگ و نادیارن، ئەوەش تەنیا دەرفەتە بۆ کەسانی ئیسلامی کە پێی پەیوەست بن و لە بڕواکانی پێشووی خۆیان بپرینگێنەوە و بچنە ناو ڕیزەکانیەوە.

٥- هەوونی بواری ئابووری و پەروەردەی هەڵەی ئیسلامی و نەبوونی کۆنترۆڵی بنەماڵەکان لەسەر منداڵەکانیان لە هاتووچۆی مزگەوتەکانیش هۆکارێکی ترە بۆ رۆیشتنی خخەڵکی بۆ ناو ئەو گرووپە.
٦- کۆماری ئیسلامی هەمیشە بۆ سڕینەوە هەستی نەتەوایەتی وەک ئامرازێکی باش کەڵکی لە گرووپە ئیسلامیەکان وەرگرتووە.

ئەوەی راستی ئەو پرسکرێژە و دێفاکتۆیە ئەوەیە کە ئیستا داعش خەریکە لە رۆژهەڵاتدا پەرە دەستێنێت کە بە سرنجدان بە ڕەوتی رووداوەکان و هاتنە ئارای ئەگەری گۆڕانکاری لە ئێراندا، ئەم کێشەیە دەتوانێت کێشەی قووڵی لە داهاتوو و لە ئێستادا بەدوای خۆیەوە هەبێت و بەرپرسیاری سەرەکی لەم پرسەشدا لە دوا رۆژ ولە ئێستاشدا تەنیا بنەماڵە و حیزبە کوردیەکانن.

شیاوی ئاماژەیە کە ئەو شەپۆلە ئایینیەی کە لە رۆژهەڵاتدا هەبووە و هەیە لە کۆن و ئێستادا بناغە و بناوانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیسلامییەکانی باشووری کوردستان و لای بیارە و لەوێیە کە سەرهەڵدانیان کردووە و خزاونەتە رۆژهەڵاتەوە، کەواتە ئەرکی شارەکانی شنۆ و سەردەشت و بانە و مەریوان زۆر قووڵترە لە شارەکانی تر، بە هۆی ئەوەی کە ئەم شارانە هەم سنوورین و هەمیش سوونەنشین، هەر بۆیەش دەبی ئەندامانی حیزبەکان لەو شارانە راسپێردراوی تایبەتیان هەبێت و زانیاری تایبەت ببەخشن بە حیزبەکانیان و لەسەر هەست بن و لە هەر چرەیەک وریا بن و وشیاری خۆیان بپارێزن و لەسەر هەست بن.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لەمەڕ ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە.