دارێک و دووشاخە- پەیام عەلیڕەزایی

19:35 - 9 سەرماوەز 2714
Unknown Author
پەیام عەلیڕەزایی

مرۆڤایەتی هەر لە سەرەتای پەێدابوونیەوە لەسەر گۆی زەوی، هەموو لێگەڕین و تێکۆشانەکەی بۆ خۆڵقاندن و رەخساندنی ژیان بووە، کە لەو پێناوەدا گەلێک سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆوە دیت، تەنانەت بەر لەوەی کە دەوڵەتێک دابمەزرێ و یان پێغەمبەرێکیش هاتبێ، پێویستە وەبیر بهێنینەوە کە سەردەمی پرشنگداری گەشەی کۆمەڵگە بە واتای هەقیقەتەکەی ئەو سەردەمەیە کە هیچ جۆرە بەرژەوەندیخوازی و بەرژەوەندی پەرەستی پێناسە نەکرابوو، واتە کۆمەڵگە بەپێی سروشتی خۆی بەرێوە دەچوو و پێش دەکەوت . ناکۆکیەکان کاتێک لەدایک بوون کە یەکەمین چین کە رەوتی دژە کۆمەڵگەی پێکهێنا پیاوە شامانەکان بوون کە بوون بە بناخەدانەری دەوڵەت لە سەر بنەمای سۆز و بەڵێنیی ئاسمانی و بەهەشت ئەویش لەسەر پشتی کۆمەڵگەی شارنشینی کە ئۆمەتی کوێلە و عەبدو کرێکارانی تێدا پێناسە کرا. ئەو جار کۆمەڵگە بە مەبەستی گەێشتنی بە کەرامەتی لەدەستچووی خۆی دەکەوێتە بیری شۆڕش و رزگاری لە ژێر چەپۆکەی، بەڵام شۆڕش بە چەکی کۆمەڵگە پێکدێ نەک چەکی سیستەمە داپلۆسێنەرە زەینی و فیزیکییەکان.

کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەو رۆژەوە کە پێک هاتوون هەتا رۆژی ئەوڕۆ یەک دانەیشیان چارەسەر نەبوون داخوا ئەوە بە هەڵکەوتە یان رێکەوت؟

چۆنە کە مرۆڤ لە هەموو بوارە زانست و تەکنیکیەکاندا گەیشت بە لۆتکە بەڵام لە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا هەر وەک رۆژی دەسپێک چەقبەستوو ماوەتەوە؟

مرۆڤەکان هەر لە سەرەتاوە بەو بابەتە گەیشتن کە وەک تاک ناتوانن خۆ پێناسە کەن و بە سەر سروشت و ژیاندا سەر بکەون، ئەوە بۆ بە هۆی ئەوە کە گروپە بچووکەکان پێک بهێنن(تایفە) و پاشان بە دەرباز بوونی زەمەنەوە دوو تایفە و سێ تایفە...هتد. لە یەک کۆ دەبوونەوە و کۆمەڵی گەورەتریان پێک دەهێنا سەرەڕای ئەوەش زاوزێشیان هەبوو. واتە کۆمەڵگە بۆ خۆی ئەوەندە ژیرە کەلە کاتی پێویستدا پێکهاتەی وەڵامدەر ساز بکا، ئەویش بەبێ دەستێوەردانی هێزە ماوەراییەکان و دەسەڵات پەرەستە چەوسێنەرەکان. بەڵام لە هەمان ئەو کەسانەی کە لە فەلەج کردنی کۆمەڵگەدا رۆڵی ئەکتیڤیان گێرا کاتێک ببن بە پێغەمبەر و رزگاریدەر، جارێکی دیکە کۆمەڵگەیان لەگەڵ شامانەکان بەرەوڕوو دەکاتەوە لە جیاتی ئەوەی کە کەسایەتییە رووخاو و عەبدو کۆیلەیەی کە بە بەژنیان براندوون بە سەریان داماڵن، بە دارشتنەوەی تیۆریی عبودیەت و کوێلە و کرێکاری مۆدێرن ئەو دەرسانەی کە سینگ بە سینگ لە رێگەی ئایین وحیزبە کرێکار پەروەرەکان هاتوون، تێۆریزە دەکەنەوە و یارمەتیدەر دەبن بە سەقامگیر کردن کەسایەتیی عەبد و کوێلەو کرێکار، هەر دەڵێی بەرزکردنەوەی دروشمی (ئۆمەتی ئیسلامی) و (ئۆمەتی کرێکار) لە یەک ئاکادمیادا خویا بووەو سەری هەڵداوە. ئەگەر بڕیاربێ ئاخۆندێک یان کۆلکە مەلایەک بۆ گەێشتن بە دەسەڵات سەر لە (حوزەی علمیەی قم) دەربهێنێ و کرێکارێکیش لە وەڵاتی دیکتاتوری پرۆلیتاریا سەر لە سەندیکاکان بداو بە دەسەڵات بگات ئەدی ئەو کات جیاوازی لە نێوان (حوزەی علمیەی قم) و ئەو (سەندیکا کرێکارییە) چ دەبێ؟

یەکێکیش لە کێشە هەرە سەرکییەکان لە کۆمەڵگەکان کە کێشەیان بۆ ژنان ساز کردوە، رێگە پێشنیارکراوی کۆمۆنیستەکانە کە شێوەی فمێنیزمە ئەوەیش ژن ناباتەوە پێگەی شیاوی خۆی.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لەمەڕ ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە.