دادگاییکردنی دوو هاووڵاتیی کورد لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ

18:54 - 4 گەلاوێژ 2720

ژنە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شاناز (بێریوان) سادقی فەر" تەمەن ٣٢ ساڵ خەڵکی ورمێ، لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی "شێخلوو" بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕ، لەگەڵ کچەکەی "ئایناز زارع" لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی کران و هەتا ئێستا حوکمی كچەکەی ڕانەگەیەندراوە.

دادگای ئینقلابی ورمێ "شاناز سادقی ‌فەر" و کچەکەی بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

"شاناز سادقی ‌فەر" و کچەکەی بۆ ماوەی ٣ ساڵ ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بوون و مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٨، پاش وەرگرتنی ئەماننامە لە سنووری بانە گەڕابوونەوە ئێران و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگویزرابوون و بۆ ماوەی دوو مانگ لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوون.

خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، "شاناز سادقی ‌فەر" و "ئایناز زارع"، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوون.