خەسارناسیی سیاسیی ئەحزابی کوردی

21:31 - 26 رەشەمه 2717
Unknown Author
خەزان

خەسارناسیی سیاسیی ئەحزابی کوردی پێویستییەکی هەرە بنەڕەتییە کە پێویسته هەم بەرپرسانی سەرەکی ئەحزاب و هەم بەرەی ڕۆشنبیر و شرۆڤەوانانی سیاسی کورد بە چڕوپڕی ئاوڕی لێبدەنەوە. ئاڵۆزبوونەوەی کێشەی کورد لەم چاخەدا دەخوازێ کە کوردیش بە شێوازی زانستیانە و سەردەمیانە ئاوڕ لە بابەت و ڕوداوەکان بداتەوە. قەتیس بوونی شرۆڤەونانی سیاسی بە ڕوانگەیەکی حیزبی یا ئایدۆلۆژیایەکەوە (سەرەڕای ئەوەی کە لە سەرەتادا مافێکی سروشتی و تاکەکەسیە) هەم شرۆڤەی بەرتەسک دەکاتەوە و هەم بە ناوی ڕۆشبیرەوە دەبێتە جاڕچی و بڵندگۆی لایەنێک.

لەم وتارەدا بە وردی و بە دوور لە چاویلکەی نەتەوەخوازییەکی توندخوازانە ئاوڕ لە بابەتێکی هەستیار دەدەمەوە کە بە داخەوە ڕەنگ و ڕوواڵەتی ئەرێنی و پۆزیتیڤی بە خۆوە گرتووە.ئەو بابەتە بە جۆرێک شەڕی ساردی لە ناو بزاو و ڕەوتی کوردیدا دروست کردوە و مەترسی ئەوەشی لێ ئەکرێ کە بگا بە توندوتیژی و شەڕی براکوژی.

\"دەستێوەردانی سیاسیی ئەحزابی کوردی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان\" بابەتێکی هەستیار و جێگای باسە کە ئەگەر بە شێوەی تەندروست باسی لە سەر نەکرێ لە داهاتودا دەرئەنجام و دواهاتی باشی بە دواوە نابێ. ڕاستە کوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتدا دابەشکراوە و ستەمی نەتەوەیی،دینی،چینایەتی و ... . دەرهەقی ئەنجام دەدرێ. بەڵام ئەو دابەشکارییە تەنیا تایبەت بە کورد نیە و عەرەب و تورک و فارسەکانیشی گرتووەتەوە و ئەوانیش بوون بە دەیان دەوڵەتی ورد و درشت.کورد لەم ناوەدا بابەتەکەی جیاوازترە و هێشتا دەوڵەتی بۆ خۆی پێک نەهێناوە.واقیعی سیاسی ئەوەیە کە ئیستە هەر پارچەیەک پرسی نەتەوەیی و مافە ڕەواکانی لای دەوڵەتی ناوەندی خۆیەتی و ئەحزابەکانیان مەجبوورن بە ناخۆشی یا خۆشی بێت داوای سەندنی مافەکانیان بکەن.ئاگادار بین کە واقیع و حەقیقەت دو چەمکی لێک جیاوازن و کاروچالاکی لە واقیع هیچ شتێک لە حەقیقەت کە هەموو کورد یەکێکە کەم ناکاتەوە .

هەر لە سەر ئەو بنەمایە هەر پارچەیەک لەمێژە خەباتی خۆی دەست پێکردوە و کەم تا فرە لە هەر بەشێکدا ڕەوتەکان چوونەتە پێشەوە. لەم چەن دەییەی دوایانەدا دیاردەی دەستێوەردان و سەرکێشانە ناو بەشەکانی دیکە بە شێوازی خوازراو و بەرنامەداڕێژراو لە لایەن ئەحزابی بەشەکانی دیکە و بە چراسەوزی دەوڵەتانی ناوەندی پەرەی سەندووە . پێکهێنانی دەوڵەتی یەکپارچەی کوردستان شایەد حەقیقەت بێ و بە ڕاستی خەون و ئاواتی هەر کوردێک بێ بەڵام ئەوە پرسێکە کە پێویستی بە خوێندنەوەی بەربڵاو و زانستی و فرەڕەهەند هەیە. بۆ نموونە ئایا ئەو ویستە گەورەیە کات و هەلومەرجی لەباری لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بۆ گونجاوە؟ یا ئیمکانی ڕەخساندنی ئەو هەلومەرجە هەیە؟ ئایا بزاوە کوردییەکان دەرەتانی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی توند و قایمیان هەیە بۆ کاروچالاکی لە پێناو کوردستانی گەورە یا ئەوەی کە حیزبێک بە تەنیا بە تەمای قوستنەوەی ئەو داخوازە بێ؟؟ئایا وروژاندنی ئەو داخوازە لە ئیستادا زەرورەت و پێویستیی ڕەهایە؟دەوڵەتانی ناوچەکە چەندە دژی ئەو پرۆسەیەن یا چەندە بە مەترسی دەزانن؟ و زۆر پرسیاری دیکە.

دەستێوەردان نەریتێکی نالۆژیکە کە دەرئەنجامی نالەباری و کۆتاییەکی بێ ئەنجامی بەدواوە ئەبێ . ئەو نەریتە لە ئیستادا لە ناو هەندێک لایەنی کوردستانی بەرجەستەیە. لایەنێک لە سەر داوای کوردستانی گەورە کەشوهەوایەکی ئیحساسی پێکهێناوە و لە هەموو لایەکەوە دەستی بە یارگیری کردوە. ئەو لایەنە دەڵێ کە ئەحزابی کوردستانی بە هۆی بەرتەسک‌کردنی خەبات لە پارچەیەکدا مۆرکی ئەرێ بە دابەشکردنی کوردستان و ئیمپریالیزمدا دەنێن هەر بۆیە ئەوانە کۆسپن لە ڕێی خەباتی کوردا و دەبێ وەکوو نەیارێک شەڕیان لە گەل بکرێ. مانیفیستی ئەو لایەنە تا ڕادەیەک ئیلهام گرتوو لە جوڵانەوەی بەعسە کە ئەوانیش داخوازی ناسیۆناڵ سۆسیالیزمی عەرەبیان بۆ کۆمەڵگای عەرەبی داوا ئەکرد.جوڵانەوەی بەعس لە دو وڵاتی سووریە و عێراقدا سەرکەوت بەڵام دژی یەکتریش بوون.

بانگەشەی کوردستانی گەورە قۆناخی سەرەتایە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتی بەڵام دواتر بابەتەکە لە سەر بنەمای مارکسیزم ئیدئۆلۆژیک ئەبێتەوە و لە پرسی نەتەوەیی دور ئەکەوێتەوە .

چەمکی کۆمەڵگای دێموکراتیک دواین داخوازی ئەو نیە بەڵکو لە سەر بنەما هزرییەکەی لنین،ئەمیش پێیوایە کە کۆمەڵگای دێموکراتیک قۆناخێکە و دەبێ تێپەڕێ بۆ کۆمەڵگای کمۆنیستی.

حیزبێک کە لە سەر ئەو بنەمایە بێت ڕوونە کە هەموو ڕێکخراو،حیزب،پێکهاتە دینی وNGOکان بە کۆسپ و تەگەرە لە ڕێی خۆیدا ئەزانێ و لە ئەنجامدا دو هەڵوێستی هەیە.یا ئەبێ لە گەلیان وەشەڕ بێ یا بە جۆرێک لە بەرنامەی خۆیاندا بیانتوێنێتەوە . جیهانبینی و ئەدەبیاتی چەپی ئەو لایەنە ڕەنگی شۆڕشگێڕانە(انقلابی)،بەرخۆدان و شەڕوانی پێوە دیارە.ئەو دیاردە لە ئاستێک دایە کە ستراتیژی و تاکتیکی ئەو حیزبە بووە بە ستراتیژی شەڕ. ئەو دۆخەی تێیدا ئەژی دۆخێکە کە باوڕی بە دانوستانی ئاشتیانە و وتووێژ بۆ چارەسەریی دێموکراتیک لە ئارادا نیە. لە ڕاستیدا مانیفیستی کمۆنیزم بە شێوازی چەقبەستوو تێیدا پەنگی خواردووتەوە و بە شێوەی کردەیی لە قۆناخی ئەزموون دایە. ئەو کەشە شەڕخوازییەی(چ بە شێوەی نەخوازراو یا خوازراو ) ڕێگایەکە کە گەڕانەوەی تێدا نیە،چوونکه دابەزین یا دابڕان لەو ئییدۆلۆژیایە لێکترازان و جیابوونەوەی دەروون حیزبی بە دواوەیە هەر بۆیە دەبێ بەردەوام لە شەر و دۆخی شەڕانگێزیدا بێ. ئەو ئیدەیە باوڕی بە بوونی هیچ حیزبێکی کوردستانی نیە بەڵام بە شێوازی تاکتیکی و کاتی کەڵک لە هندێک لایەنی ئەگرێ .
ئەو حیزبە پێوەندی لە گەل دەوڵەتان بێجگە تورکیه بە ڕەوا دەزانێ و بە شێوەی فەرمی پێوەندی لەگەڵ هیچ لایەنێکی کوردی نیە.

لایەنی دیکەی کوردیش هەن کە لە دژکردەوە بەرامبەر بەو لایەنەدا، شێوە هەڵسوکەوتی تارادەیەک هاوشێوەیان گرتۆتە پێش کە ئەویش خەسارەکان زیاتر دەکا.

عەداڵەتی سیاسیی ئەحزابی کوردی ئەوەیە کە هەر بەشێک خەباتی خۆی لە بەشی خۆیدا چڕکاتەوە.پاش تێپەڕاندنی قۆناخەکانی ئوتۆنومی،فیدڕاڵی و ... .

بەرە و تۆرماتی داهاتوو بڕیار لە سەر سەربەخۆیی و یەکگرتنەوە بدات نەک ئەوەی کە کەسێ یا لایەنێ بە تەما بێ تەنیا تۆپەکە بگەیەنێ بە گوڵ. هەموو لایەنێک لە ناوچەی جوغرافیایی خۆیدا سەنگ و قورسایی هەیە . لەباتی دەستێوەردان باشترین کار ئەوەیە لایەنەکانی دیکە بە نەهێنی یا ئاشکرا پشتی یەک بگرن نەک ئەوەی کە لاوازی یا تەنگەژەی ئەحزابەکانی دیکە بە دەرفەت بزانین بۆ ئالترناتیو بوون . بە هۆی زۆر بوونی خەڵکەوە بەشی هەموو لایەنێک خەڵک هەیە بەڵام عەداڵەت یانی ئەوەی کە هەموو شتێک لە جێی خۆیدا بێ و دابڕانی کەسانێک بەر بە ڕەوتی ڕەسەن بگری.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.