خێر و شەڕی كوردان لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران

13:59 - 22 خاکەلێوه 2715
Unknown Author
هاوار بازیان

سەرئەنجام پاش ١٢ ساڵ مشتومڕ و گفتوگۆ و سزا و هەڕەشەی نێوان كۆماری ئیسلامی و وڵاتانی رۆژئاوا و هاوپەیمانانی، لایەنەكان لەسەر ٤٣ خاڵی لێكگەیشتن رێككەوتن كە بڕیارە كۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوو بەڕەسمی مۆر بكرێ. ناوەڕۆك و وردەكاریی ئەو لێكگەیشتنەی زلهێزان و ئێران لە ماوەی ١١ رۆژ گفتوگۆكانی لۆزانی سویسرا، باسی ئێرە نییە و زۆری لەسەر گوتراوە و نووسراوە، بەڵام زیان و سوودەكانی ئەو پێشهاتە چین؟ كوردی ئێران لەو پرسەدا چۆن خۆی دەبینێتەوە؟ ئایا بەڕاستی مافی كوردە خۆی بە خاوەنی ئەو \"سەركەوتنە مێژووییە\" بزانێ كە ئەمڕۆ ئێران و دانیشتووانی جەژنی بۆ دەگێڕن و كوردی ئێرانیش لەناوخۆ برووسكەی پیرۆزبایی لەسەر بڵاو دەكاتەوە؟

سوودەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە

١. چاوەڕوان دەكرێ باری ئابووری خەڵكی ئێران بە كوردستانیشەوە تا چەند مانگی داهاتوو بەرەو باشی بڕوا و فشاری گەمارۆكان و بیانووی هەژاری و بێكاری لەسەر خەڵك كەم بێتەوە. هەر لە سەرەتای هاتنەئارای كێشە ئەتۆمییەكەی ئێران تا ئەمڕۆ كە ٣ بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش و كۆمەڵێك سزای ئابووری و سیاسیی تری ئورووپا و رۆژئاوای دژی ئێران بەدوای خۆیدا هێنا، بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر تمەنی ئێرانی زیاتر لە ١٠ هێندە بەرز كردەوە، بەڵام هەر لەگەڵ راگەیاندنی رێككەوتنەكەی هەینی رابردوو، بەهای دۆلار بەرامبەر هەمان تمەن ١٠% دابەزی و گەیشتە ٣١٧٥ تمەن بەرامبەر ١ دۆلار. جگە لەوەی ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران كە بەهۆی گەمارۆكانەوە بۆ رۆژانە ١.١ ملیۆن بەرمیل دابەزیبوو تا ٩٠ رۆژی داهاتوو بۆ ١.٤ ملیۆن بەرمیل و زیاتریش بەرز دەبێتەوە. ئەوانە دوو نموونەی بچووك و دیارن لەوەی جووڵەیەكی بەربڵاوی ئابووری چاوەڕێی بازاڕەكانی ئێران دەكات كە كوردیش كەم یان زۆر لێی سوودمەند دەبی.

٢. ئێران زیاتر لە جاران هەست بە بەرپرسیارێتیی ناودەوڵەتی دەكا تا لانیكەم لە ئێستەدا دەست بۆ هەموو شتێكی رەوا و ناڕەوا نەبا. بەرپرسانی ئێران زۆر بە شانازییەوە باس لە سەركەوتنێكی \"شاز و مێژوویی\" بۆ دۆسیەی ئەتۆمییان دەكەن و بێگومان ناچارن بەرگریشی لێبكەن. ئەو دۆخە پێویستی بە هێوربوونەوەی ئێران و خۆگونجاندنی بەرامبەر پرسەكانی تری دەكا، لەوانە دۆخی عێراق و داعش و حوسی و یەمەن.

وڵاتانی زلهێز متمانەیەكیان بە ئێران بەخشی و كۆی سزا و هەڕەشە و فشارە سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسییەكانی ١٢ ساڵی رابردوویان بە ١١ رۆژ لەگەڵ ئێران یەكلا كردەوە. بەرپرسانی تارانی پێیانوایە دەرفەتی ئەوەیان پێدراوە تا گەورەتر لە تەنیا وڵاتێك حسێبیان لەسەر بكرێ. ئەو قۆناخە شتێك لەسەر ئێران دەسەپێنێ، ئەویش جووڵانەوەی بەرپرسانەتر لە جاران تا بتوانێ ناڕاستەوخۆ وەڵامی ئەو روانینە نوێیەی دنیا بەرامبەر خۆی بداتەوە. دەستورەدانەكانی ئاشكرای ئێران لە كاروباری ئەفغانستان، عێراق، سووریا، لبنان و ئێستەش یەمەن دیارترین نموونەی ئەو پرسەن كە دنیا چاوەڕێیە ئێران رۆڵی \"ئاشتیخوازانە\" بگێڕێ و گۆڕانكاری لە سیاسەتەكانیدا بكا. نابێ فەرامۆش بكەین كە فشارەكانی ئێستە و رابردووی ئێران تەنیا بەرنامە ئەتۆمییەكەی نەبووە، بەڵكوو پرسگەلی تری وەك مافەكانی مرۆڤ، تۆمەتی ئاژاوەگێڕی و پاڵپشتیكردن لە \"تیرۆر\"یشی لەخۆ گرتووە و دنیا تەنیا داوای بەرنامەی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانەی نەكردووە، بەڵكوو خوازیارە ئێرانێكی \"ئاشتیخواز\" لە هەموو روویەكەوە لەناوچەكەدا بوونی هەبێ. ئێران ئەگەر بەشێوەی كاتیش بێ هەنگاو بۆ هێوركردنەوەی ئەو كێشە و ئاژاوانە دەنێت كە خۆی دەستی سەرەكی تێدا هەبووە و لەو رێگەوە هێزی خۆیشی باشتر پیشان دەدا.

٣. خەڵكی ئێران لە دۆخێكی زۆر خراپی رۆحی و سیاسیدا بەسەریان دەبرد، هەست دەكرێ هیوایەك ئەگەریش كەم یان كاتی بی، ئەو خەڵكەی دڵخۆش كردووە. پاش راگەیاندنی رێككەوتنەكە و تا ئێستەش بەردەوام كاردانەوەی خەڵك لە دەربڕینی خۆشی و لێدوانی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی ئێرانی بە كوردیشەوە دەبینین كە هەموویان یەك ئاماژە دەكەن: خەڵك لەئێران تینووی گۆڕانكارییەك بوون، بەتایبەت كە جەماوەر لە ئێران زۆربەی كێشە و گرفتەكانیان بە پرسی ئەتۆمی و گەمارۆ و فشارەكانی ناودەوڵەتی دەبەستەوە. لە بواری دەروونناسی سیاسییەوە خەڵك تا رادەیەكی زۆر وزەیەكی رۆحی پێگەیشت، بەڵام قەبارە و راست و دروستیی ئەو شادمانییە باسێكی دیكەیە و باسەكەمان لەسەر ئەوە نییە.

زیانەكان:

١. ئێران پێیوایە بە یاخیگەری بووبی یان دیپلۆماسی ئەوە هەندێك لە سیاسەتەكانی چەسپاندوون و دەتوانێ بۆ قۆناخی داهاتوو بەرەو وێستگەیەكی تری سەربازی-نیزامی هەنگاو بنێ. پاش گەڕانەوەی شاندی دانوستاندنكاری ئێرانی لە لۆزانەوە و لە وەڵامی هەندێك رەخنەی توندڕۆكانی ناو ئێران لەو رێككەوتنە و هەرجۆرە رێككەوتنێك لەگەڵ رۆژئاوا، حكوومەت و بەتایبەت سەرۆكایەتی كۆمار یەك وەڵامی ئاشكرای بۆ رەخنەگرانی هەبوو و گوتی: ئێمە سەركەوتوو بووین لەوەی بەرنامەی ناوكەیی خۆمان لە وێستگەیەك رابگرین كە هەمووی هەر دەستكەوتە!

كۆماری ئیسلامی پێیوایە هەوڵەكانی تا رادەیەك نیازی خۆی پێكاوە و بەشێك لە خواستە ئەتۆمییەكانی خۆی بۆ نموونە رازیكردنی رۆژئاوا بەوەی ئێران چاوپۆشی لە پرسی ئەتۆم ناكا، لە ئاستی ناودەوڵەتی سەپاندووە. جگە لەوەی ئێران بەو رێككەوتنە پەیامێكی دوژمنكارانەشی بە ئیسرائیل گەیاند، بەتایبەت كە ئەو وڵاتە تەواو دژی هەر جۆرە رێككەوتنێكی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بوو. تاران پێیوایە \"ئیسرائیل شكستی هێنا\" لەوەی كۆنگرێس و رەخنەگرانی كۆشكی سپی دژی رێككەوتن لەگەڵ ئێران یەك بخات.

٢. سعوودیە و ئیسرائیل زیاتر لە جاران یەكتر دەگرن و ماوەیەكی پێویستە تا متمانەیەكی نوێ بە ئامریكا دەبەخشنەوە، هەمان ئەمریكا كە لە ماوەی ١٢-١٣ ساڵی رابردوودا یەكەم دژبەری بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بوو و ئێستە لەگەڵیدا رێككەوتووە. نێزیكبوونەی ریاز و تەلئەبیب (تێلاڤیڤ) دژی ئێران شتێكی نوێ نییە، بەڵام پشت نەبەستن بە ئەمریكا لەو پرسەدا تا رادەیەك نوێیە، بەتایبەت كە سعوودیە و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران خاڵی هاوبەشیان زۆرە تا یەكدەنگ و هاوپەیمان بن. هەر لە سعوودیە كە ئێران تۆمەتبار بە پشتگیریی حوسییە شیعەكانی یەمەن دەكا و ئیسرائیلش بەردەوامە لەوەی ئێران بە هاوكار و پاڵپشتیكاری حیزبوڵای لبنانی بزانێ. جگە لەوەی سعوودیەش هەڕەشەی ئەوەی كردبوو ئەگەر رۆژئاوا لەگەڵ بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران سازان بكا، ئێمەش بەمافی خۆمانی دەزانین \"هەمان توانای ئەتۆمیی ئێرانمان هەبی\"، كە ئەوەش مەترسی ركابەریی ئەتۆمی لە ناوچەكەدا زیاتر دەكا و رۆژئاواش بە ترسناك ناوی دەبا.

٣. رەوشی مافەكانی مرۆڤ و دۆخی زیندانیانی سیاسی لە ئێران رەنگە كەمتر و كاڵتر لە پێشوو بخرێتە بەرنامەی كاری رێكخراوە ناودەوڵەتییەكان، بەتایبەت كە بەشێكی هەرەزۆری ئەو ناوەندە مرۆیییانە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشێكن لە هەیكەلی گشتیی وڵاتانی رۆژئاوایی. ئێران پێیوایە هەنگاوێكی گەورەی بۆ دنیا ناوە لەوەی دڵنیایی بدات كە هیچ جۆرە مەترسییەكی ئەتۆمی بۆ دەرەوەی سنوورەكانی نابێ، بۆیە دەسەڵاتی تاران هاوكات بەمافی خۆی دەزانێ سەربەخۆتر لە پێشوو بڕیار لەسەر دۆخی مرۆیی ناوەخۆ بدات كە زۆر ئاڵۆزە و بەپێی نوێترین راپۆرتی ناوەندە مرۆییەكان ئێران بە دووەم وڵاتی سێدارەدان لە جیهان دادەنرێ. یەكێك لە نیگەرانییەكانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئەوەیە كە لەلایەكەوە ئێران بە نەفەسێكی گەرمتر لە جاران دەست بۆ پێشێلی مافەكانی مرۆڤ ببا و لەلایەكی ترەوە كۆمەڵگەی ناودەوڵەتی كەمتر لە جاران لێپیچینەوەی دۆخی مرۆیی لە تاران بكا.

٤. گەورەترین زیانیش ئەوەیە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی كە زۆری لەسەر ناكۆكییە ئەتۆمییەكەی ئێران هەڵچنیبوو، تۆزێك تووشی شێوان دەبێ و ماوەیەكی پێویستە تا خۆیان لەگەڵ پێشهاتە نوێیەكان رێك دەخەنەوە. هێزە كوردییەكانی ئێرانی كە زۆربەیان كەوتوونەتە باشووری كوردستان هەمیشە چاویان لە تەوژمی ناودەوڵەتی دژی ئێران بووە كە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە تووشی هاتووە. هێزە نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی بەتایبەت موجاهیدینی خەڵق و بەشی هەرەزۆری كوردەكان پێیان وابوو دنیا لانیكەم بەهۆی بەرنامە مەترسیدارەكەی ئێران ناچارە خۆی لە ئۆپۆزسیۆن نێزیك بكاتەوە و گرینگییان پێبدا. رێككەوتنی ئێران و رۆژئاوا رەنگە ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتیش بووبی، هێزە كوردییەكان سەرقاڵی بەرنامەی نوێ و خۆگونجاندن لەگەڵ فەزای نوێدا بكا، ئەویش بەپێی بەرژەوەندیی وڵاتانی رۆژئاوا كە رەنگە وەك پێشووتر نەتوانن و لانیكەم بە ئاشكرا دەست كراوە نەبن لەوەی پشتی نەیارانی كۆماری ئیسلامی بگرن. زۆربەی پێشبینییەكان بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بەردەوامبوونی رۆژئاوا لەسەر فشار و گەمارۆكانی بەرامبەر تاران بووە، بەوپێیە هێزە كوردییەكان كاریان لەسەر دزەكردنی ناو سیستەمی دیپلۆماسیی ئەو وڵاتانە كردووە كە دژی بەرنامە ناوكەیییەكەی ئێران رژد و كارا وەستابوونەوە. شتێكی ئاسایییە لەو رێكەوتنەی تاران و رۆژئاوادا باس لە پرسی تری وەك هەڵوێستی وڵاتان بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، دۆخی مافەكانی مرۆڤ، باری ئابووری، زانستی و زۆر مژاری دیكەی ناوچەكەش كرابی و دانوستاندنیان لەسەر ئەنجام درابی، بەڵام نابێ چاوەڕێ بین لە بەرژەوەندیی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا بووبێ و بەڕەسمی بگاتە راگەیاندنەكان.

ئەنجام

كوردی ناوەخۆ و دەرەوەی ئێران سوودمەندی هیچ جۆرە رێككەوتنێكی تاران لەگەڵ دنیای دەرەوەدا نابن، بەتایبەت كە كوردی بەشەكانی تری كوردستانیش بەرامبەر ئێران كارتی بەهێزی سیاسی و ئابووریان بەدەستەوە نییە و ئەگەر ناكۆكییەكی نێوان تاران و رۆژئاوا نەمێنێ و بەڵانسێكی ناودەوڵەتی لەنێوان ئێران و وڵاتاندا دروست نەبی، كورد پێویستە باجی زیاتر بە كۆماری ئیسلامی بدا. لەگەڵ هەمووی ئەوانەشدا گەشبین نیم و پێموایە ئێران خاوەن هیچ بەڵێنێك نییە و ئەو رێككەوتنەی ئێستەش پێشهاتێكی كاتی و تاكتیكییە و زیاتر بەرهەمی رووداوەكانی تری ناوچەكە و وڵاتانی تێكەڵ بە پرسەكەیە و زیاتر رێككەوتنێكی ناچاری لایەنەكان بوو نەك دەستكەوتێكی مەزنی دیپلۆماسی!

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.