خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان خوازیاری دیاریکردنی مافی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد بوون

15:57 - 17 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: لە رێوڕەسمی ساڵڕۆژی ١٦ی سەرماوەزدا لە زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان، خوێندکاران خوازیاری نەهێشتنی هەڵاواردن و ئاسمیلاسیۆنی دژ بە خویندکاران و دیاریکردنی مافی چارەنووس بۆ نەتەوەی کوردبوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٦ی سەرماوەز لە بە بۆنەی رۆژی خوێندکار، رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو، کە تیایدا خوێندکارانی کورد خوازیاری دیاریکردنی رۆژێکی تایبەتی بۆ خوێندکارانی کورد بوون.

لەو رێوڕەسمەدا کە، وەیسی بەرپرسی زانکۆ و چەند بەرپرسێکی ئەمنەیتی ئامادەی بوون، چەند وتار و بابەت لەلایەن خوێندکارانی کوردی ئەو زانکۆیەوە خویندرایەوە.

ئارام فەتحی، چالاکی فەرهەنگیی کورد، لەو رێوڕەسمەدا سەبارەت بە بزووتنەویە خوێندکاری و هەروەها دیاریکردنی رۆژێکی تایبەت بۆ رۆژی خویندکارانی کورد گوتابێژیی کرد.

دەگوترێ لە کاتی گوتاربێژیی بەرپرسی بەشی بەسیجی زانکۆدا، خوێندکاران بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵسووکەوتی بەسیج لە زانکۆدا، ریوڕەسمەکەیان بەجێهێشت و دواتر گەڕانەوە بۆ نێو کۆبوونەوەکە.

لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەدا شانۆیەک لەلایەن چەند خوێندکارێکەوە هەروەها ژمارەیەکیش لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە رێزیان لێگیرا.

لە کۆتایی ئەو ریوڕەسمەدا خوێندکارانی بەشدار بۆ ئازادکرانی دانا لەنجاوایی، خوێندکاری زیندانی‌کراوی خەڵکی مەریوان، واژۆیان کۆکردەوە.

هەروەها بەییانامەی خویندکارانی کوردی ئەو زانکۆیەوە لەلایەن مەیسەم جەوانمیرییەوە خوێندرایەوە، کە ئاماژە بە رۆژی خویندکار وەکوو رۆژی زانست بەدژی نەزانی کراوە، کە زانکۆی کردۆتە سەنگەری مرۆڤایەتی بە دژی هۆڤیەتی (بربریت).

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا، هەر چەشنە هەڵوێستی دژە ئینسانی، ستەمی نەتەوایەتی، ئاسمیلاسیۆن بەدژی خویندکارانیان مەحکووم کردووە و رایانگەیاندووە شێلگیرانە بەدواداچوون بۆ بە فەرمی ناسینی دیاریکردنی مافی چارەنووسی نەتەوەی کورد لەلایەن دەسەڵاتەوە دەکەن.

لە خاڵەکانی کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا پێداگری لەسەر خویندن بە زمانی زگماکی لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا، نەهێشتنی هەڵاواردن و ئاسمیلاسیۆن، دابەشکردنی دەسەڵات لە بیاڤە سیاسی، ئابووری و فەرهەنگییەکان، نەهێشتنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ چالاکانی خوێندکاری و لابردنی بەرنامەی جیاکردنەوەی رەگەزی لە زانکۆکان و وڵاتی ئیران، خرابوونە روو.

\"23513.jpg\"

\"23512.jpg\"

\"23515.jpg\"

\"23516.jpg\"