خوێندنەوەی وێنەیەک پاش ٢٦ ساڵ

15:58 - 26 رەشەمه 2713
Unknown Author
ئاگری ئیسماعیل‌نژاد

وێنەی عومەر خاوەر زۆر زوو لای کوردەکان بوو بە تراژیکترین وێنەی هەڵگیراو لە ژینۆسایدی هەڵەبجەدا، چی وا دەکات ئەو وێنەیە لە هەموو وێنەکان تراژیکتر بێت؟!.
کورد کەمی ژینۆساید بە سەر نەهاتووە و زۆر وێنەی دڵتەزێنیش لەو ژینۆسایدانە ئێستا لە نێو کوردستاندا بڵاوبۆتەوە، بەڵام هیچ وێنەیەک بەقەت وێنەی عومەر خاوەر تاکی کورد، ناهەژێنێت.

تاکێکی کورد بۆ وێنەی عومەر خاوەر لە مێشکیدا دەبێتە وێنایەک و دەمێنێتەوە؟!.
ئەوەی کە وێنەکەی عومەر خاوەری بۆ تاکی کورد تراژیک کردووە ئەوە نییە کە منداڵێک لە وێنەکەدا بە ناهەق کوژراوە چوون ئەگەر ئەوە تەنیا هۆکار بایە زۆر وێنەی‌تریش هەیە کە منداڵی کورد بە ناهەق و بە دەستی داگیرکەری کوردستان کوژراوە . کەچی وێنەکە هەتا ئەو ڕادەیە کارتێکەری لەسەر دەرونی تاکی کورد نەبووە.

خاڵی سەرنج راکێشی وێنەکە لەودایە، کە دوو بەرەی نەتەوەیەک شەهید بوون باب و کۆرپەیەکی چەند مانگان

ئەو وێنەیە لە راستیدا ناراستەخۆ هەقایەتی مێژووی کوردستانمان بۆ دەگێرێتەوە،، تێکشکانی شۆرشی شێخ عوبیدوڵڵا و شۆرشی ئاگری، مەرگی مەلیک مەحموود و مەلا مستەفا لە دەرەوەی نیشتمان خۆیان ، لە سەردەمێکدا کە شۆرشێک تێکشکاوە و نەتەوەیەک هیوا بڕاوبوون، مەرگی سمکۆی شکاک و دکتوور قاسملوو لە سەر میزی دانوستان، مەرگی هەمزئاغا و پێشەوا لە شاری خۆیان و بە دەستی یەک دوژمن، ئەو سەرکردانە هەر کامەی تایبەت بە بەرەیەکی جیاواز لە خەباتی کوردستان بوون؛ بەڵام شێوەی مەرگیان یەکجار وێکدەچن و بە مەرگی هەر کامەش مێژووی کورد دەگەرێتەوە بۆ دواوە و لە راستیدا مەرگی هیچکام لە سەرکردەکان نەبۆتە هۆی ئەوەی کە سەرکردەی دواتر تێدانەچێت هەر بە هۆیەش لەگەڵ ئەوەی کە تاکەکانی کورد لە بەرە و لە زەمەنێکی جیاوازدا دەژین، بەڵام هاوچارەنووسن .

لەوێنەکەی عومەری خاوەردا تاکی کورد بە جۆرێک مێژووی دووپاتەی خۆی و هاوچارەنووسی دوو بەرەی خۆی دەبینێت. بەلای منەوە ئەوەی کە وێنەی عومەر خاوەر وا لێکدەکات کە وەک وێنایەکی زۆر تراژیک بچێتە بیری تاکی کوردوە ئەوەیە کە لە وێنەیەدا ، ترسێکی ئاشنا هەیە ترس لە دووپاتبونەی مێژوو و هاوچارەنووسی دوو بەرەی جیاوازی کورد.

ئەو ترسەی لە دەرەنجامی تێکشکانی شۆڕشە یەک لە دوایی یەکەکانی کوردستان لە دەرونی تاکی کورددا ساز بووە و بۆ ناو دڵی هەموو تاکێکی کورد رەگاژۆی کردووە.

ئایا ئەو وێنەیە دەتوانێت ئیرادەی ئێمە بۆ بەرگریکردن لە دوپاتبوونەوەی مێژوو پتر بکات؟!

دەتوانم بلێم نا، چوون ئێمە زۆر بەکەمی باسی هۆکاری دووپاتبونەوەی مێژوومان کردووە و ئەوەیکە بەر لە دووپاتبوونەوە دەگرێت ئەو ترسە لە دوپاتبوونەوە نییە، بەڵکوو شەنووکەو کردنی هۆکارەکانی دوپاتبونەوەی مێژووی کوردستانە .