خومه‌ینیـــزم - به‌شی یه‌کـه‌م*

20:08 - 23 بانەمەڕ 2714
Unknown Author
د. یاسین سەردەشتی

ئاشکرایە گرینگترین ڕووخساری جیاکەرەوەی گشتیی شۆڕشی گەلانی ئێران لە راپەڕین‌و شۆڕشەکانی دیکەی گەلان، ئەوەبوو کە هەر لەسەرەتای دەستپێکردن‌و بەڕێوەچوونیدا، تاکو پەرەگرتن‌و سەرکەوتنیشی، خودانی ئایدۆلۆژییەکی چەسپاوو دیاریکراو نەبوو. ڕاستە تێکڕای ئەو گروپە سیاسیی‌و چینە کۆمەڵایەتییە خاوەن ئایدیا جیاوازو دژبەیەکە ئۆپۆزیسیۆنانەی ڕژێمی شاهەنشاهیی کە هەر لەوپەڕی ڕاستی ئایینییەوە تا ئەوسەری مارکیسیتە کۆمۆنیستەکان هاوخەبات لەسەنگەری شۆڕشدا دروشمی (ئازادیی) و (مرگ بر شاە)یان بەرزکردبووەوە، بەڵام ڕێکەوتن لەسەر جۆری ڕژێمێکی ئەڵتەرناتیڤ‌و بەرنامەیەک دوای مەرگی ڕژێمی پاشایەتیی جێبەجێ‌بکرێت، مەسەلەیەک بوو کە شۆڕشی گەلانی ئێران بەشێوەیەکی گشتیی لێی بێبەش بوو. لەم بارەیەوە جگە لەباڵی ئاینیی‌و پەیڕەوانی خومەینی، زۆربەی ڕێکخراوو گروپە لیبراڵ‌و نیشتمانیی‌و دێمۆکراتەکان، هەروەها دەستەو تاقمە چەپە جۆربەجۆرەکانیش چاوەڕێی ئەوەبوون کەدوای سەرکەوتنی شۆڕش ڕێگایەک بۆ بەدیهێنان‌و پراکتیزەکردنی بۆچوونە سیاسییەکانیان ببیننەوە.

ڕاستەییەک کەناتوانرێت لێرەدا نکۆڵیی لێبکرێت ئەوەیە کە دەزگای ئاینیی لە ئێران‌و رۆحانییە بونیادگەرکان، لەئەنجامی چەند فاکتەری ئاینیی، کۆمەڵایەتیی، ئابووریی‌و سیاسییەوە ڕۆڵێکی زەقتریان لەدەستەو تاقمەکانی دیکەی بەشداربووانی شۆڕشی ئێراندا دیت‌و لەزۆر ڕووەوە لەوانی دیکە ڕێکخراوترو بەرچاوڕوونتربوون.

لایەنگرانی جەبهەی میللیی‌و حیزبی تودەی ئێران، هەروەها گروپەکانی وەک موجاهیدین‌و چریکە فیداییەکان، ئەوانە لە دوای کودەتای ١٩ی ئابی ١٩٥٣وە تا سەرەتای حەفتاکان لەلایەن ڕژێمی شاهەنشاهییەوە گورزی گەورەیان لێوەشێندرا.

ئەوانە جگە لەوەی بەشی زۆری ئەندامانی رێبەرایەتیی‌و کادرە پێشکەوتووەکانیان لەدەستدابوو، لەڕووی ڕێکخراوەیشەوە تووشی لاوازییەکی وا هاتبوون ماوەیەکیان دەویست تێیدا بێنەوەسەرخۆ. بەپێچەوانەوە باڵی ئاینیی کە تاڕادەیەکی زۆر بەحوکمی ریشەی قوڵیان لەنێو کۆمەڵگای ئێرانیی‌و پارێزراوی خوێندنگا ئاینییەکان لەچاوی ساواکەوە، هەروەها ئەو توانا ئابوورییەی کە لەڕێگای زەکات‌و پێنجیەک‌و موڵکەکانی وەقفەوە دەهاتە دەستیان، تێکڕای ئەوانە هەلومەرجێکی گونجاوتری لەتاقمەکانی دیکە بۆ ڕەخساندبوون بەجۆرێک بتوانن کاتی پێویست جەماوەرێکی زۆرتر لەخۆیان کۆبکەنەوە. بەتایبەت ئەوانەی لەدوای ریفۆرمی زەوییەوە لەگوندەکانەوە بەرەو شارەکان کۆچیان کربوو، لەگەڕەکە ناخۆش‌و قەراغی شارەکاندا ژیانێکی سەختیان دەگوزەراندو جگە لەنەخوێندەواریی‌و لاوازیی ئاستی فەرهەنگییان، لەڕووی مەزهەبییشەوە بەتوندیی بە ئاخوندو بونیادگەرا ئاینییەکانەوە بەسترابوونەوەو لەژێر کاریگەرییتێیاندا بوون.

هەر بۆیە دەتوانرێت بوترێت کە باڵی ئاینیی تەنیا گروپێکی شۆڕش بوو کە هەر لەسەرەتاوە بەرنامەو دروشمی تایبەتیی خۆیان هەبوو، لایەنگرانی لەپشتگیرییکردنی تەنیا ڕابەرێکیش بەرخوداربوون، ئەم باڵە لەزۆربەی راپەڕین‌و خۆپێشاندانە جەماوەرییەکاندا هەزارەها کەسیان لەژێر دروشمی (استقلال، ازادی، حکومت اسلامی) رێبەرایەتیی دەکردوو بانگەوازو وتارەکانی خومەینییان لەبڵندگۆی مزگەوتەکانەوە بڵاودەکردەوەو دەیانکردە هاندەری راپەڕینی زیاترو بەردەوامبوونی خۆپێشاندانەکان. بەجۆرێکی وا ئاین ئەوەندە کاریگەرییی لەسەر چینە زەحمەتکێش‌و نەدارەکانی کۆمەڵگای ئێراندا هەبوو، کەزۆربەی مانگرتن‌و خۆپێشاندانە کرێکارییەکانیش بێئەوەی داخوازییە چینایەتیی‌و سینفییەکانییان بێننەگۆڕێ‌، پەیڕەوییان لەدروشم‌و ڕێنوێنییەکانی ئاخوندەکان دەکرد.

خودی خومەیەنی، کە بە بەدەستهێنانی ئەو لایەنگرییە جەماوەرییە فراوانەو دوای زەقبوونەوەو تیشکخستنە سەری وەک ڕابەری شۆڕشی ئێران لەلایەن دەزگا ڕاگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی بیانیی‌و هەرێمییەوە، دروست لەم قۆناغەدا بەشێوەی کارێزمایەک خۆی سەپاند، هەربۆیە نازناوی (ئیمام) کە لەلایەن لایەنگرانییەوە بۆی داتاشرابوو، زۆری نەبرد لەسەر هەموو زاروزمانان دەگەڕا. ئەو نازناوەی کەپێشر هیچ موجتەهیدو ڕۆحانییەکی شیعە لەچەرخی نوێدا بیری لەهەڵگرتنی نەکردبۆوە.

ئەوەبوو دوای دامەزراندنی حکومەتەکەی بەختیار لە کانونی دووەمی١٩٧٩داو ڕۆیشتنی شاهەنشا لە ئێران، خومەینی لەپاریسەوە خۆی گەیاندەوە تاران‌و دوای ئەو پێشوازییە میلۆنییەی لێیکرا، شێلگیرانە بۆ پراکتیزەکردنی ئەندێشەی سیاسیی خۆی لەئێراندا کەوتەکار. ئەو ئەندێشەیەی کە باڵی ئاینیی توندڕەو هەر لەسەرەتای خۆپێشاندانەکاندا بەدروشتمی (حکومەت اسلامی) تەعبیریان لێدەکرد.

ئێمە لێرەدا نامانەوێت بە قووڵی باس لەچۆنییەتی پەرەسەندنی ئەندێشەی سیاسیی خومەینی‌و لایەنە جیاوازە عەقیدیی‌و فەلسەفییەکانی بکەین، کەخۆی تێکەڵەیەکی سەیرو سەمەرەیە لەئەدەبیاتی سیاسیی مەزهەبی ئیمامی‌و بۆچوونە توندڕەوەکانی خۆی لەسەر کۆمەڵگەو جیهان پێکهاتووەو لەڕێگەی وتاری حەماسییو بانگکردنی سۆزو عاتیفەدا دەیدا بەگوێی هەژارو بێنەوایانی شیعە ئێرانییەکاندا.

ئەوەندە هەیە بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی مەسەلەکە، کورتەیەک لە چۆنێتیی ئەو ئەلتەرناتیفە باسدەکەین کە خومەینی‌و لایەنگرانی بۆ ڕژێمی شاهەنشاهییان لەئێراندا بەڕەوا دەزانی‌و وایان پێشاندەدا کە بەپراکتیزەکردنی، سەراپای چین‌و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران دەکەونە خۆشییەکی هەتاهەتایی‌و دادپەروەرییەکی وا دێتەپێش بەجۆرێک چەوسانەوەیەک لە ئێراندا نامێنێت.

خومەینی لەبەر تیشکی ئەدەبیاتی سیاسیی ئیمامی، ئەندێشە سیاسییەکانی خۆی بنیاتنابوو. ناوبراو پێی‌وابوو چیدیکە پێویست ناکات ڕۆحانییەکانی شیعە لەبەرامبەر ڕژێمە ستەمکارەکاندا لەقۆناغی چاوەڕوانیی نەرێییدا بمێننەوەو تاگەڕانەوەی ئیمامی نادیار کە (مهدی المنتظر)ە خۆ لەدامەزراندنی دەوڵەت‌و بەدەستەوەگرتنی کاروباری سیاسیی‌و بەڕێوەبەرایەتیی‌و ئاینیی موسوڵمانان ببوێرن. ئەو پێیوابوو لەو قۆناغەدا مەرجەعێکی شیعە کە خودان زانست‌و دادپەروەریی‌و تەقوابێت، دەتوانێت لەجیاتی ئیمامی نادیار‌و بەوەکالەت حکومەتێکی ئیسلامیی پێکبهێنێت کە تێیدا تەواوی کاروبارەکانی سیاسیی، ئابووریی، کارگێڕیی… هتد. لەسەر بنەمای زانستە ئیسلامییەکانی شیعەی ئیمامیی ببات بەڕێوەو بۆچەسپاندنی دادپەروەریی‌و تێکوپێکدانی حکومەتە نائیسلامییەکان‌و دژایەتیی کافران هەنگاوبنێت.

ئەو حکومەتەی کە لە ئەندێشەی ناوبراودا تەنیا لەئێراندا قەتیس نەدەما، بەڵکو لەئەندەنوسیاوە تا دار البیچا‌و ی دەگرتەوەو بەجیهانی سەوز ناودەبرا کە لەدوو جیهانە کافرەکەی دی سووری شورەویی‌و ڕەشی ڕۆژئاوایی جیادەکرایەوە. هەربۆیە دروشمی (ئاودیوکردنی شۆڕش)و (ڕزگارکردنی لانەوازانی جیهان) دوو دروشم‌و مەسەلەی بنەڕەتیی خومەینیزمن بەجۆرێک وای لە هەندێک نوسەری وەک (احمد الافغانی) کردوە کە خومەینی بە گەورەترین بەڵاو ئاژاوەگێری مێژوی نوێ‌‌و هاوچەرخی جیهانی ئیسلام لەقەڵەم بدات.

لەلایەکی دیکەوە، گرینگترین بنەمایەک کە شوێنێکی تایبەتی لە خومەینیزمدا هەبێت، بریتییە لە هەڵبەستنی بیرۆکەی (ولایەت فقیە /حوکمی زانای ئاینیی)، ئەو بیرۆکەیەی کەلە بۆچونێکی گشتیی میتافیزیکەیەوە هەڵدەقوڵێت‌و وادەبینێت کە ئەو زانایەی دەبێتە جێگری ئیمامی نادیار، پێویستە لە دەسەڵاتێکی گشتیی‌و بەرفراوان بەخوداربێت، بەجۆرێک هەموو بونەوەرێکی جێگیرو بزووتی سەر گۆی زەوی سەری بۆ نەوی کەن‌و وەک موختارێکی خوداوەند تەواوی کاروباری موسڵمانان بێ‌لێپرسینەوە ببات بەڕێوە. ئەوەی کەبەناوی ئاسمانەوە ڕەفتاردەکات‌و سەرچاوەی تێکڕای دەسەڵاتەکانە.( ) دیارە خومەینی خودی خۆی بەو زانایە دادەناو ئەو مەوقعیەتەی بەخۆ ڕەوادەبینی کە لەجێگای مەهدی و خودا دابنیشێ‌و ببێتە ڕابەری ڕەهای سەرجەم موسوڵمانانی جیهان. ئەو ڕابەرەی دواتر لەدەستوری کۆماری ئیسلامیدا جگە لەسەرپەرشتیی‌و دوابڕیار لەمەسەلەی ئاینییەکان، ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوەشی بێپرسینەوە هەبوون:

١- دیارییکردنی تەواوی سیاسەتەکانی دەوڵەت‌و ئێران.
٢- چاودێرییکردنی بەڕێوەچوونی ئەو سیاسەتانە.
٣- فەرماندەیی گشتیی هێزەچەکدارەکان.
٤- ڕاگەیاندنی جەنگ‌و ئاشتی‌و ئامادەکردنی هێز.
٥- دانان‌و لابردن‌و قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی تەواوی کارمەندانی دەوڵەتیی هەر لەسەرۆکی کۆمارەو تا ئەندامانی پەرلەمان‌و فەرماندەی هێزەچەکدارەکان.
٦- چارەسەرکردنی کێشەو دوابڕیاردان لە گرفتەکانی سێ‌دەسەڵاتەکەی: ڕاپەڕاندن، یاسادانان، دادوەریی.
٧- متمانەدان بەسەرۆک کۆمار دوای هەڵبژاردنی.
٨- لابردنی سەرۆک کۆمار.
٩- دەستێوەردان لە کەمکردنەوەو هەڵگرتنی حوکمی زیندانییەکان.

پێویستە بگوترێت، لەبەرئەوەی خومەینی کەسایەتییەکی شیعەی توندڕەوبوو، لەدووسیفەتی دزێوو ناشارستانیی بەرخوداربوو، یەکەمیان بریتیبوو لە بەکافرکردن واتە (تکفیر)، ئەو سیفەتەی وای لێکردبوو لەگۆشەی عەمامەیەکەوە بڕوانێتە جیهان‌و دیاردە هاوچەرخەکانی دەوروبەرو چ شتێک لەگەڵ بۆچوون‌و دیدە مەزهەبییەکانیدا نەگونجێ‌بەتوندیی ڕەتیبکاتەوە. دووەمیشیان (خۆبەخاوەن زانیننی راستیی رەها) بوو، کەلەگەڵ سیفەتی یەکەمیاندا بەجۆرێک ئاوێتەدەبوو کەئاکارێکی فاشیستانەو ستەمکارانەی لەلای ناوبراو پێکدەهێنا. هەربۆیە خومەینی لەگەڵ گەیشتنە دەسەڵاتیدا هیچ حسابێکی بۆ ئەو ڕێکخراو‌و حیزبە ئێرانییانە نەکرد کە بەدرێژایی حوکمی ڕژێمی پەهلەویی خاوەنی خەبات‌و قوربانیی خۆیان بوون‌و لەسەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێراندا ڕۆڵیان بینی. لەوەش زیاتر، خومەینی‌و لایەنگرانی، هەرماوەیەکی کەم ‌و لەڕووی تاکتیکەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەولایەنانەدا کردو پاش پێ‌چەسپاندن بەتۆمەتی (عدوالله و مفسد فی الارض) کەوتنە وێزەی ئەوانەی پەیڕەوی سەد دەرسەدی خومەنیزمیان نەدەکرد‌و زۆر خراپتر لەشای رابردوو کەوتنە ڕاونان‌و شکەنجەدان‌و گولـلەباران کردنیان. هەربۆیە زۆر لە ئێرانییەکان پاش ماوەیەکی کەم لەرووخاندنی ڕژێمی پەهلەویی‌و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی وتیان \"هەزار ڕەحمەت لەبابی کفن دزی ئەوەڵی\".

لەلایەکی ترەوە، لە ئەندێشەی خومەینی دا شتێک بەناوی چارەسەری مام ناوەندیی کێشەکان، پلورالیزم، فرەمینەبەریی‌و خەڵکسالاریی نەبوو. ناوبراو کە دەرچووی خوێندنگا ئاینییەکان‌و پەیڕەویشی لەقوتابخانەی جەبریی شیعەگەرێتیی دەکرد، بێئەوەی جیاوازیی زەمینەو زەمان لەبەرچاوبگرێت، پێی وابوو چارەسەرکردنی سەرجەم گرفتە سیاسیی‌و ئابووریی‌و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا بەگێڕانەوەی ڕەوڕەوەی مێژوو دەبێت بۆ ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر، واتە سەردەمی سەرەتاکانی قۆناغی ئیسلامی. هەربۆیە دیاردە هاوچەرخەکانی جیهانیی وەک: دێمۆکراتیی، سوسیالیزم، نیشتمانپەروەریی، لیبراڵیزم…هتد، لەلایەن خومەینییەوە بەدیاردەی بێزراو و دژبە ئیسلام لەقەڵەم دەدران. 

سەبارەت بەمەسەلەی نەتەوەو نەتەوایەتییش، خومەینی بەهیچ جۆرێک ئەو مەسەلەیەی بەزادەی گەشەکردنی مێژوویی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی هاوچەرخ دانەدەناو ڕاست‌وڕاست بەپیلانی جیهانی ئەورروپا‌و فیتی ئیمپریالیزم بۆ لەناوبردنی ئیسلام‌و پەرتکردنی جیهانی ئیسلامیی لەقەڵەم دەدا. دیارە بۆچونێکی نازانستیی بەو جۆرە لەسەر مەسەلەی نەتەوایەتیی، کۆسپێکی گەورەبوو لەبەردەم ناوبراودا کەبەشێوەیەکی واقعبینانە لەهەلومەرجی فرە نەتەوەیی ئێران تێبگات‌و بیر لەشێوەیەکی هاوچەرخانە بۆ کۆتایهێنانی ستەم‌و چەوسانەوەی نەتەوەیی گەلانی غەیرەفارس بکاتەوە کە بەدرێژایی مێژووی هاوچەرخ لەسایەی ڕژێمی دیکتاتۆریی پەهلەویی دەیانناڵاندو لەسەر دەستی بۆرجوای کۆمپرادۆری نەتەوەی سەردەستەوە بەتوندترین شێوە دەچەوسێندرانەوەو بۆ قازانجی ناوەند دادەدۆشران.

سەبارەت بەمانای زارەوەی کەمینە، خومەینی دیدێکی مەزهەبییانەی هەبوو کە دەیگوت:\"هەندێک جار زاراوەی کەمینە بەهەڵە بۆ خەڵکی وەک کورد، لوڕ، تورک، فارس، بلوچ، بەکاردەهێنرێت، ئەوانە نابێت ناوی کەمینەیان لێ‌بنرێت، چونکە زاراوەیەکی بەو چەشنە ئەوە دەگەیەنێت کەجیاوازیی لەنێو ئەو برایانەدا هەیە، لەکاتێکدا هەرگیز لەئیسلامدا شتی وا نییە، لەئیسلامدا جیاوازیی لەنێو موسوڵماناندا نییە کە بەچەند زمان‌و زاری جیاجیا لەیەکتر دەئاخفن، بۆنموونە جیاوازییەک لەنێوانی عەرەب‌و فارسدا نییە. دەبێ‌بزانین ئەو جۆرە گرفتانە لەو لایەنانەوە سەرچاوەدەگرن کەحەز بەیەکگرتنی وڵاتانی ئیسلام ناکەن، هەر ئەوانەن کێشەی نەتەوایەتییان خوڵقاندووە، ناوەکانی وەک عروبەو تورکایەتیی‌و لەو چەشنانە دژی ئیسلامن‌و لەگەڵ بنەماکانی ئیسلامدا پێچەوانەن. ئەوەخۆی لەخۆیدا پیلانێکە بۆ تێکدانی ئیسلام‌و فەلسەفەی ئیسلامەتیی.\"

بەمجۆرە، خومەینی لە(نۆڤل لۆشاتۆی)ی فەرەنساوە بەم عەقڵییەت‌و ئەندێشە سیاسیی‌و فەلسەفییانەوە بۆ ئیران گەڕایەوە. سەیرترین شت کە لەسەفەرەکەیدا لێی دەگێڕنەوە، ئەوەیە کاتێک ڕۆژنامەوانێک لەفڕۆکەکەیدا لێی پرسیبوو: ئیستا کەجەنابت پاش چەند ساڵ ئاوارەیی گەیشتوویتە ئاسمانی وڵاتەت چ هەستێکت هەیە؟ ناوبراو بەڕوویەکی گرژو یەک وشە وەڵامی دابۆوەو وتبووی \"هیچ\". دیارە لێرەدا نابێت دان بەو راستییەدا نەنرێت، ئەویش ئەوەیە کەوێڕای ئەو دۆگماو توندڕەوییەی لەئەندێشەی خومەینیدا دەبینرێت، ناوبراو لەدەربڕینی بیروبۆچونەکانی‌و مامەڵەکردن لەگەڵ هەلومەرجە نوێیەکەی ئێراندا بە وریاییەوە دەجووڵایەوە‌و تێکڕای کارتەکانی بەجارێک هەڵنەڕشت. ناوبراو سەرەتا بۆ هێمنکردنەوەی لایەنە لیبراڵ‌و نیشتمانییەکانی نێو شۆڕش، داوای لە (مهدی بازرگان)ی میانڕەو کرد وەزارەتی کاتی پێکبهێنێت. لەهەمان کاتدا خومەینی بۆ خۆی لەپاڵ دەسەڵاتی حکومەتدا، دەسەڵاتێکی جیاوازو بێ‌لێپرسینەوەی پێکهێنابوو، بەجۆرێک جگە لەناو نێورۆکێکی بۆ حکومەتەکەی بازرگان نەهێشتبووە. هەربۆیە لەم ڕووەوە زۆری پێنەچوو کە بازرگان هاواری لێهەستاو پاش مانگێک لەدامەزراندنی حکومەتەکەی، کەوتە دەربڕینی بێزاریی‌و لەسۆنگەی ئەو جووت دەسەڵاتییەدا پێشبینی ئایندەیەکی ڕەشی بۆ ئێران کرد. بازرگان بەتەوسەوە ڕایگەیاند:\" چەقۆیەکی بێ‌دەسکیان داوەتە دەستم، کەدەسکەکەی لەدەستی کەسانی دیکەدایە.\"

لەراستییدا، بازرگان ئەو ئاخاوتنەی لەخۆڕا نەدەکرد، چونکە هەر پاش گەڕانەوەی خومەینی بۆ ئێران‌و دامەزراندنی حکومەتی کاتیی، ناوبراو بەگەرمیی بۆ بەهێزکردنی دەزگای ئاینیی‌و باڵی شیعەگەریی توندڕەو‌و دەمکوتکردنی نەیارەکانی کەوتەکار.

دوای ئەوەی ریفراندۆمێکی سەرتاسەریی کرا بۆ دەنگدان لەسەر کۆماری ئیسلامیی لە ٣١ی ئازاری١٩٧٩داو بەفەرمیی ڕژێمی پاشایەتیی لەئێراندا پێچرایەوە، خومەینی بۆ کۆکردنەوەو ڕێنماییکردنی لایەنگرانی کەوتەخۆو داوای لەمەلا توندڕەوەکانی وەک:بەهەشتی، منتڤری، باهنر، خامنئی‌و رەفسنجانی کرد کە بۆ دامەزراندنی حیزبێک بەناوی(حزب جمهوری اسلامی) بکەونەکار. هەروەها ئەنجومەنێکی بەنێوی ( شورای رهبری انقلاب/ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش) دامەزراندو ئایەتوڵڵا بەهەشتی کردە بەرپرسی یەکەمی تاکو بۆ چاودێرییکردنی کاروباری ئەرتەش‌و شوراو کۆمیتە ئیسلامییەکان‌و لەپێناوی دامەزراندنی دەوڵەتێکی تیۆکراسییدا تێبکۆشێت.

هەروەها لەتاراندا (شوری مرکز انقلاب/ئەنجومەنی ناوەندیی شۆڕش) دامەزرێنرا، کە ئەرکی چاودێرییو بەڕێوەچوونی کاری کۆمیتە هەرێمییەکان بخاتە سەرشان. ئەو کۆمیتانەی کە لەپاڵ دەزگاکانی حکومەتی بازرگاندا دەستیان لەهەموو کاروبارێکی سیاسیی‌و بەڕێوەبەرایەتیی وئاسایشیی هەرێمەکانی وڵات وەردەدا. هاوکات لەگەڵ ئەو کۆمیتانەدا (دادگا انقلاب/ دادگای شۆڕش)یشیان بۆ سەرپەرشتیی دادگا هەرێمییەکان دامەزراندو کەلەلایەن پیاوانی ئاینی شیعەو لایەنگرانی خومەینیوە سەرۆکایەتی دەکران‌و لەگشت لایەکەوە بۆ ڕاونان‌و گرتن‌و گوللەبارانکرادنی پیاوانی دوێنێ‌‌و نەیارەکانی ڕژێمی نوێ‌هەڵدەسووڕان.

دادگاکانی شۆڕش بێ‌لەبەرچاوگرتنی یاسا مەدەنییەکان حوکمی مەزهەبییان بەسەر تاوانە کۆمەڵایەتیی‌و مەدەنییەکاندا دەدا. بەشێوەیەک لەگەڵ بەها شارستانییەکانی سەدەی بیستەمدا نەدەهاتنەوە. بۆنموونە، ئەوانەی بەتاوانی مەیخۆریی دەگیران بە بەرچاوی خەڵکەوە ڕووت دەکرانەوە‌و بەشوڵک لێدەدران.

بەردەبارانکردنی ئەو خێزاندارانەی بەتاوانی سێکسکردن لە گەڵ نامەحرەمدا دەگیران دزێوترین جۆری ئەو سزایانەبوو دادگای شۆڕش جێبەجێی دەکردن.

لەراستییدا، جێبەجێکردنی حوکمێکی بەو چەشنە خەڵکی ئاسایی دەکردە جەللادو کوشتنی بەکۆمەڵی مرۆڤێکی دەکردە فەرمانێکی پیرۆزو لەناخی ئینسانە بەشداربووەکاندا تۆوی خوێنڕێژییەکی کەموێنەی دەناشت. هەرلێرەدا بێجێ‌نییە باس لە (ئایەتوڵڵا خاڵخاڵی)، خوێنڕێژترین قازی شەرعی ئەم قۆناغە بکرێت. خاڵخاڵی بێئەوەی پلەوپایەیەکی فەرمیی لە دەوڵەت‌و حکومەتدا هەبێت، بەئارەزووی خۆی فەرمانی سەرپەڕاندنی خەڵکی دەدا.

لەم بارەیەوە دەگێڕنەوە لەخالخاڵییان پرسیوە: بۆچی حوکمی گوللەبانکردنی ژمایەکی زۆرت دەرکردووە بێئەوەی دەرفەتی بەرگریی لەخۆکردنیان پێ‌بدەی؟ ناوبراو لەوەڵامدا وتویە:بڕوابکەن کاتێکی ئەوتۆم نەبووە گوێ‌لەبەرگرییەکانیان بگرم! بەڵام هەرچۆنێک بێت ئەوانەی کوژراون ئەگەر گوناهبارن ئەوە سزای خۆیان وەرگرتووە! ئەگەریشنا ئەوا دەچنە بەهەشت چ لەوە باشتر دەبێت! لەم بارەیەوە خاڵخاڵی کە لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانییدا کەبەشی فارسی ڕادیۆی (B B C)ی بڵاویکردەوە، لەوەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی فەرمانی کوشتنی ئەو هەموو خەڵکە بێتاوانەی دەرکردووە، ڕایگەیاند:\"کێ‌دەڵێت من فەرمانی کوشتنی ژمارەیەکی زۆرم دەرکردووە، ڕاستییەکەی ئەوانەی من کوشتوومن هێندە زۆرنین، هەر ١٠٠٠ کەسێک دەبن‌و بۆیە کوشتوومن چونکە دوژمنی خودابوون.\"

هەوڵێکی دیکەی خومەینی لەپێناوی زەمینەخۆشکردن بۆ پراکتیزەکردنی ئەندێشە سیاسییەکانی‌و دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەکی ئیسلامیی کەخۆی رابەری بێ‌ئەملاولای بێت، بریتیبوولە ناردنی ئیمام جومعەی شارە مەزنەکانی ئێران. ئەو ئیمام جومعانەی کە هەفتانە لەسەر مینبەری مزگەوتەکانەوە ئەندێشەی سیاسیی خومەینیان دەدا بەگوێی خەڵکداو هەستی مەزهەبییان دەجووڵاندن.

هەرزوو ڕەوتی ڕووداوەکان بەرەو سەلماندنی ئەو راستییە دەڕۆیشتن کە گەلانی ئێران لەشایەکی دیکتاتۆر ڕزگاریان بوو کەبەناوی سێبەری خوداوە حوکمی دەکرد، تووشی ئیمامێک بوون کە خۆی بەنوێنەری خودا دەزانێت. لەشایەک ڕزگاریان بوو کەلە گەرمەی حوکمی دیکتاتۆرییدا سڵی لە دەستێوەردانی قانونی ئەساسیی دەکرد، تووشی ئیمام هاتن کە هەر لەسەرەتاوە قانوونی ئەساسیی ڕەتکردەوەو قانونێکی نوێی بەویست‌و قازانجی خۆی داهێنا کە بەناوی ولایەتی فەقیهەوە شەرعییەتی بەملهوڕیی‌و ستەمکارییەکەی دا. لەشایەک ڕزگاریان بوو کە بەناوی جوداخوازییو شورەوییخوازیی‌و کۆمۆنیستبوونەوە نەیارەکانی خۆی ڕاوەدودەنان‌و لەزیندانی دەکردن، تووشی کابرایەک بوون کە جگە لەو تاوانانە، ناحەزەکانی خۆی بە دەیەها تۆمەتی وەک: مفسد فی الارچ، عدوالله، عمال امپریالیزم، منافقها، صهیونیستیها…هتد نێوزەد دەکردن‌و سەری دەپەڕاندن. هەربۆیە واپێدەچوو شۆڕشی گەلانی ئێران وەک هەر شۆڕشێکی دیکەی جیهانی دواکەوتوو، جگەلە گۆِینی دیکتاتۆرێک بە یەکێکی دی‌و جگەلە دووبارەبوونەوەی تراژیدیایەک شتێکی دیکەی لێ‌سەوز نەبێت.

دیاره‌کەم نەبوون ئەو رۆحانییە شیعەو کەسایەتییە ئیسلامییانەی جیهان، کە خومەینیزمیان رەتدەکردەوە، لەناو دەزگای ئاینیی ئێراندا ئایەتوڵڵاکانی وەک: (شریعتمداری، گلبایگانی، شهاب الدین مرعشی، محمد حسین خونصاری، سید عبدالله شیرازی)و زۆری دیکە لەگەڵ خومەینیزمدا نەبوون‌و تەنانەت بەلادان لە ڕێبازی شیعەگەرێتیی ئیمامیشیان دەدایە قەڵەم. ئەوانەی دوای خۆسەپاندنی خومەینی، جگە لەدانیشتن‌و کڕبوون، یاخود چونەدەرەوە لەئێران، ڕێگایەکی تریان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان نەدیتەوە. کارێکی وا کەدەتوانرێت بە لێدانی گورزێکی توند لە یەکبوونی دەزگای ئاینیی لەئێراندا بژمێردرێت. 

هەر لێرەدا خاڵێکی فرە گرینگ هەیە کەنابێت ئاماژەی بۆ نەکرێت ئەویش ئەوەیە باڵی ئاینیی توندڕەو کە بەحوکمی پێکهاتەی عەقلیی‌و دوگمایی بۆچوونەکانیانەوە تاڕادەیەکی زۆر لە مەسەلەی دامەزراندنی دەوڵەت‌و بونیادنانی دەزگا جۆربەجۆرەکانی نەدەگەیشت‌و لەڕووی دابینکردنی کادری لێهاتوو کارامەوە تابڵێی هەژاربوون. خومەینی کە تاڕادەیەکی زۆر بێباکانە سەیری زۆربەشی دەزگا بەڕێوبەرایەتیی، خزمەتگوزاریی‌و مەدەنییەکانی دەکردو ڕێزێکی بۆ تەکنۆکراتەکانی سەردەمی پێشوو لەلا نەبوو، کەچی لەبواری ناسینی هێزە نەیارەکانی ڕژێمی نوێ‌‌و مەسەلەی ڕاودونان‌و سەرکوتکردنیان، نەک هەرناچار بوو ئاوڕ لە ئەزموونی چەندەها ساڵەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی شاهەنشاهیی بداتەوە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆریش ل ەساواکییە ناسراوەکانی وەک (حسین فردوست) لەلایەن ئەو باڵەوە قبوڵکرانەوە. ئەوانەی بۆ داپۆشینی تاوانەکانی پێشوویان بەگەرمیی لەگەڵ ڕژێمی نوێ‌دا کەوتنەکار‌و لەسەر داروپەردووی دەزگای جاسووسیی ساواک، دەزگایەکیان بەناوی (ساڤاما) دامەزراند. ئەو دەزگایەی هەر لەسەرەتادا لیستەکانی ناوی ئۆپۆزسێۆنە دێمۆکراتیی‌و چەپەکانی سەردەمی شاهەنشاهییان هێناوەئارا. ئەوانەی بەدۆستی خومەینیزم لەقەڵەم نەدەدران حیسابی دوژمنێکی سەرسەختیان بۆکرا. لەم بارەیەوە نموونەیەک ئەو راستییە دەسەلمێنێت ئەوەیە کەسانی ئازادییخوازو لێهاتووی وەک: سمایلی زولقەدەر، تەقی کەمەنیشی، ئەبوتراب باقرزادە، عەباس حەجەرەی و ڕەزا شەلتووکی‌و زۆری دیکە لەوانەی کەبەدرێژایی تەمەنی ڕژێمی شاهەنشاهیی لەسەنگەری دژ بەو ڕژێمەدا هەڵسورابوون‌و هیچ کامیان کەمتر لە بیست ساڵانێک زیندانیان نەکێشاوە، ئەوانە کەدوای ڕووخاندنی شا لەزیندانەکان هاتنەدەر تێکڕا چەند ساڵێک حەوانەوەیان نەبوو کە لە لایەن ڕژێمی نوێ‌وە گیانیان ئەستێندرا.

ئەم بابەتە لە فەیسبووکی دوکتوور یاسین سەردەشتی وەرگیراوە.