خه‌باتی کورد له‌ ستراتیژیی به‌رگرییەوه به‌ره‌و ستراتیژیی هێرش (خه‌سارناسی ستراتیژیی خه‌باتی کورد)

12:51 - 13 سەرماوەز 2714
Unknown Author
شاهۆ حوسێنی

پێشه‌کی:

مێژووی کورد مێژوویه‌کی خوێناوی و لێوڕێژ له خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانێ بۆ پاراستنی خۆی، به واتایه‌کی‌تر مێژووی سیاسیی کورد له‌سه‌ر ئه‌ساس و بنه‌مای به‌رگری و به‌ربه‌ره‌کانی له خۆی له کاتی هێرشی دووژمن‌دا خولاسه بۆته، چاو خشاندنێک به‌سه‌ر جوغرافیایی کورد له کۆنه هه‌تاو ئه‌مڕۆ ده‌رخه‌ری ئه‌م راستییه‌یه که رۆژ به رۆژ ئه‌م جوغرافیایه چکۆله‌تر و چکۆله‌تر بۆته‌وه، رۆژ به رۆژ کورد وه‌ک نه‌ته‌یه‌کی کۆن و دێرین له زێد و نیشتمانی‌خۆی‌دا له پاشه‌کشه‌دابوه و خاک و نیشتمانی بۆ داگیرکه‌ران چۆل کردوه، پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌م نووسراوه‌یه ئه‌مه‌یه: ئه‌گه‌ر مێژووی کورد لێورێژ له به‌رخۆدان و به‌ربه‌ره‌کانی بوه، بۆچی هه‌تا ئه‌مرۆ کورد هه‌ر خاکی له‌ ده‌س داوه و پاشه‌کشه‌ی کردوه؟

پێوه‌ندی نێوان ژێئۆپۆلتیک و ده‌سه‌ڵات:

ژێئۆپۆلتیک وه‌ک لقێک له زانستی جوغرافیا باس له کارتێکردنی بارودۆخی جوغرافیایی ناوچه‌یه‌ک یان وڵاتێک له‌سه‌ر سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه ده‌کات بۆ وێنه‌ د‌توانین بڵێن که ئه‌م ناوچانه‌ی له باری جوغرافیاییەوه ده‌شتایین و خاوه‌نی کشتوکاڵ به‌هۆی ئه‌وه‌یکه هیچ پێکهاته‌یه‌کی سروشتی ئه‌وان له به‌رامبه‌ر هێرشی هێزی ده‌ره‌کی و دووژمن ناپارێزی به ناچار به‌ره‌به‌ره ده‌سه‌ڵات وه‌ک پێکهاته‌یه‌کی سه‌قامگیر و هێزی نیزامیی خاوه‌ن نه‌زم و ئینزبات و ستراتیژیی گونجاوی نیزامی پێک ده‌هێنن، یان ئه‌م ناوچه و وڵاتانه‌ی هاوسنووری ده‌ریان، ده‌بنه خاوه‌ن هێزی ده‌ریایی به‌‌هێز، به‌گشتی به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌م ناوچانه‌ی که بوونه خاوه‌ن هێزی نیزامی کارامه و به ئینزیبات، بوونه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و حکوومه‌ت و ئه‌گه‌ریش توانیبێتیان به درێژایی مێژوو ستراتیژیی هێرش په‌یڕه‌و بکه‌ن ئه‌وه توانیویانه ببنه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی پایه‌دار.

چاوخشاندنێک به جوغرافیایی کوردستان‌دا ده‌ری ده‌خات که شاخاوی بوونی ئه‌م ناوچایه و بوونی پێکهاته‌ی سرووشتی بۆ پاراستنی کۆمه‌ڵگە و له هه‌مان کات‌دا ژیانی کۆچه‌ره‌ی به هۆی زاڵبوونی شێوه ژیانی ئاژه‌ڵداری، کوردی بێ‌منه‌ت کردووه له پێکهێنانی ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی به‌رده‌وام و هێزێکی نیزامی به‌رده‌وام وخاوه‌ن نه‌زم و دیسپلین، هه‌ر بۆیه به‌درێژایی مێژوو کورد جگه له ستراتیژیی به‌رگری و به‌رخۆدان له به‌رامبه‌ر هێرشی داگیرکه‌ران و دووژمنان، له ستراتیژیی هێرش که‌ڵکی پێویستی وه‌رنه‌گرتووه و رۆژ به رۆژ خاک و جوغرافیایی کورد چکۆله‌تر و چکۆله‌تر بۆته‌وه، تەنانەت له‌م سه‌رده‌مه‌دا و له رۆژگاری ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیش‌دا کورد به‌شێکی زۆری خاکی له پارێزگاکانی ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا، کرماشان و ئیلام له‌ده‌س داوه و تۆپۆگرافیی ئه‌م پارێزگایانه به دژ به‌رژه‌وه‌ندی کورد له گۆڕان دایه.

گۆرینی ستراتیژی له به‌ربه‌ره‌کانێ به‌ره‌و هێرش:

خاوه‌ن رایان لەم باوەڕەدان، که باشترین شێوه‌ی به‌رگری کردن، هێرشه، چاوخشاندنێک به‌سه‌ر مێژووی سیاسی هاوچه‌رخی کورد ئه‌و راستیه‌مان بۆ ده‌رده‌خات که بزاڤی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد هیچ کات هێرش کار نه‌بووه به جۆرێ که حه‌تتا ده‌توانین بڵێن ناسیونالیسمی کوردیش دژ کرده‌وه‌یه‌ک بووه له به‌رامبه‌ر ناسیونالیسمی داگیره‌که‌ران و دوژمنانی کورد وه‌ک کردوه‌ و هێرش، بۆ وێنه‌ چاوخشاندنێک به بزاڤه‌کانی سیاسی هاوچه‌رخی کورد هه‌ر له شۆرشی کورد له باکووره‌وه بگره هه‌تا باشوور و رۆژهه‌ڵات هه‌موویان ستراتیژیی به‌رگریان ره‌چاو کردوه و هیچ‌کات نه‌یانتوانێوه کێشه و قه‌یرانێکی قووڵ و گه‌وره‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ساز بکه‌ن و خۆیان وه‌ک ئه‌ڵترناتیڤێک له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیدا پێناسه بکه‌ن، گوڕینی ستراتیژی له به‌رگرییەوه بۆ هێرش و سازکردنی کێشه و قه‌یران له ئاستی نێو خۆێی ( خۆ ده‌رخستن وه‌ک ئاڵترناتیڤی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی) و ناوچه‌یی‌دا د‌ه‌توانێ بیر و رای گشتی جیهانی و زلهێزه‌کان بۆلای خۆی رابکێشێ، کورد و بزاڤی کوردی مادام نه‌توانێ ببێته سه‌رچاوه‌ی قه‌یران و کێشه، هیچ هه‌نگاوێک بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی له‌لایه‌ن زلهێزه‌کانه‌وه هه‌ڵنایه‌ته‌وه، باشترین ستراتیژی بۆ پێشگرتن له هێرشی دوژمنان و که‌م کردنه‌وه‌ی هه‌ره‌شکانی وان هێرشه، ته‌نیا هێرشکه‌ره که ئیبتکاری عه‌ملی له‌ده‌س دایه و ده‌توانێ هیوادار بێ به ده‌ستبه‌ربوونی مافه‌کانی، چاوخشاندنێک به مێژووی گه‌لانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و حکوومه‌ت ئه‌م راستیه ده‌رده‌خات، که زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌م گه‌لانه‌ی خاو‌ن ستراتیژیی به‌رگریانه بوون ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و نیشتمان و حکوومه‌ت نیین.