حەسەن زیرەک: نەورۆز ستایشی شاهەنشا یان کەیخوسرەو؟

14:17 - 19 پووشپەڕ 2713
Unknown Author
ئەسعەدی مەلا موستەفا

بەرواری ٢٦ی حوزەیران یادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورە حەسەن زیرەک کرایەوە. هونەرمەندێکی هێندە مەزن کە زیادەرەوی نییە بڵێین سەد ساڵ دوای خۆی دەنگێکی وا لەدایک نابێتەوە. ئەفسوس لەم دواییانەدا کۆمەڵێک نووسەرو هونەرمەندی کورد، بێ گومان هەر ئەبێ کورد بن، لێرەو لەوێ خەریکن ناوی حەسەن زیرەکیش ناشرین بکەن، گوایا \"خیانەت\"ی کردووە بەوەی ستایشی شای ئێرانی دووژمنی سەرسەختی کوردی کردووە لە گۆرانی \"نەورۆز\"دا. حەسەن زیرەکێک، کە تەنها هونەرمەندی کوردە کە تا ئێستاش بەستەو گۆرانیەکانی پڕفرۆشترینن لە نێو تۆمارگاکاندا.

دەبێت تاوانەکەی حەسەن زیرەک چی بێت؟

کاتێک حەسەن زیرەک لە ئێزگەی کوردی تاران گۆرانی \"نەورۆز\" تۆمار دەکات، هۆنراوە جوانەکەی شاعیرو بیرمەندی گەورەی کورد حاجی تۆفیقی پیرەمێرد هەڵدەبژێرێت. کاتێک ئیزگەی ئەوسای تاران هۆنراوەکە دەبینن توورەدەبن، چونکە مۆرکی کوردەواری پێوەیەو سەرتاپای مێژووی خوێناوی کورد لە دوو توێی نیوەدێرێکدا باس دەکات، کە دەفەرموێت:

چه‌ندساڵ گوڵی هیوایی ئێمه‌پێ په‌ست بوو تاکو پار
هه‌ر خوێنـــی لاوه‌کان بوو، گـووڵی ئالی نه‌وبه‌هار


لە نیوەدێری کۆتاییدا پیرەمێرد هێندە جوان باسی مێژووی خوێناوی کورد دەکات کە تا ئەو سەردەمە بێ وێنەبوو.

موتوربەکردنی خوێنی لاوەکانی کورد لەگەڵ گوڵی ئاڵی نەوبەهاردا بەرهەمێکی زێدە جوانی باخی شیعری کوردیە. وەلێ حەسەن زیرەک بەتۆپزی و لەژێر هەرەشەی ئیزگەی ئەوسای ئێراندا ئەم نیوە دێرە دەگۆڕێت

ئێستا با بێین بزانین ئەو نیوە دێرەی کە حەسەن زیرەکی پێ تۆمەتبار دەکەن چییە؟

ئیزگەی ئەوسای ئێران، حەسەن زیرەک ناچاردەکەن تا لەباتی ئەو نیوە دێرە دوو نیوەدێری تر بڵێت کە مۆرکی ستایش و پیاهەڵدانی \"شا\"ی ئێرانی پێوەبێت، ئەگینا گۆرانییەکەی بۆ تۆمارناکەن. حەسەنیش نایکاتە نامەردی و جوامێرانە ئەم دوو نیوەدێرەی بۆ زیاد دەکات کە تا ئەم ساتەی ئەم چەند دێرانەی تیادا دەنووسم هیچ شاعیرو رەخنەگرێکی کورد شرۆڤەی ئەو دوو نیوەدێرەی نەکردووە (د. مەولود ئیبراهیم حەسەن لە پەرتووکە نایابەکەیدا \"ساواک بۆچی حەسەن زیرەکی کوشت\" تەنها بەرگری لە زیرەک دەکات، بەڵام لەو دوو نیووە دێرە ناکۆڵێتەوە کە زیرەک بەکاریهێناوە)، هەروەک دەخوێنێت:

چەند ساڵ گولێ هیوای ئێمە بێ بەر بوو تاكو پار
تا شەهەنشا لوتفی فەرموو هات لەگەڵ پاڵە و جۆتیار

وشەی \"شاهەنشا\" ئەگەر خوێندنەوەیەیکی سەرپێی بۆبکەین وەک چەند نووسەرو هونەرمەندێکی کورد کردوویانە، ئەوا بۆماندەردەکەوێت کە بەڵێ بۆ شای ئێران وتراووە چونکە شای ئێران بە شاهەنشا ناسراووە، بەڵام ئەوانەی شارەزای قوتابخانە شیعرییەکانن دەزانن کە وشەیەک لە نێوە دێرێکدا دەکرێت چەندین واتا بگەیەنێت، کە لە رەوانبێژیدا پێی دەوترێت \"توانج پۆشی\". ووشەی شاهەنشا لە پێش هەموو شتێکدا بە واتای \"خواوەند\" یان \"خودا\" دێت، کە هیچ کەسێک ناتوانێ نکوڵی لەمە بکات، هەروەک لە زۆرینەی تەفسیرە کوردیەکانی قورئاندا \"خودا\" بە \"شاهەنشا\" وەرگێردراووە. بۆیە لەو روەوە دەکرێ حەسەن زیرەک ئەو وشەیەی بە واتای \"خودا\" بەکارهێنابێت، چونکە گومانی تێدا نییە کە لە دەقی دینیدا خودا \"شاهەنشا\" باڵادەستە.

لەمەش گرنگتر ئەوەیە کە کورد هەمیشە خۆی بە نەوەی \"دەوڵەتی ماد\"ەکان زانیووە. پاشا یان ئەمیری مادەکان \"کەیخەسرەو\" بووە، کە کوڕی (شاهنشا فرەڤەرتیش)ەو ده‌بێت به‌سێهەم شاهنشای ئیمپڕاتۆری ماد دوای ئەوەی شا ئاشورپانیپاڵی ئیمپڕاتۆری ئاسوری باوکی ده‌کوژێت. کەی خوسرەو بە \"شاهەنشا\" ناسراووە. تازەترین کتێبێک کەلەسەر کەیخوسرەو نوسرابێت \"گەڕانەوەی مادەکان\"ە کە حه‌مە میروەیسی نووسیویەتی. لەو پەرتووکە نایابەدا کەیخوسرەوی ئەمیری مادەکان بە شاهەنشا دادەنێت. لێرەدا جێگەی دەستخۆشییە بۆ هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک کە ووشەی \"شاهەنشا\"ی بەکارهێناوە لەبەر دوو هۆکار: یەکەم، ئەوەندە جوان دوو نیوەدێرەکەی وتووە کە زیادەرەوی نییە بڵێین ئەوەی حاجی تۆفیقی پیرەمێردیش هەر ئەوەندە جوانە، چونکە حەسەن زیرەکیش لەرێگەی ئەو توانج پۆشییە جوانەی کردوویەتی داهێنەرانە دەمانباتەوە بۆ رۆژە زێرینەکانی دەوڵەتی ماد کە تیایدا \"شاهەنشا کەی خوسرەو\" نەتەوەی کوردی رزگارکرد لە دەستی ئیمپراتۆریەتی ئاسوری. شاهەنشا کەی خوسرەو ئەوەندە دۆستی هەژارو وەرزێری کوردبوو کە تا هەتایە ناوی لە فەرهەنگی ئاشتەواییدا کاڵنابێتەوە. بۆیە ئەوەی حەسەن زیرەک کردۆیەتی هیچی کەمتر نییە لەوەی پیرەمێرد، چونکە هەردووکیان هەمان واتاو مەبەست دەگەیەنن. نیوەدێرەکەی حەسەن زیرەکی \"نەخوێندەوار\" دەمانباتەوە بۆ هەمان ئەو رۆژانەی کە \"خوێنی لاوەکان\"ی کورد لەژێردەستی شا ئاشورپانیپاڵی ئیمپڕاتۆری ئاسوری \" گوڵی ئاڵی نەوبەهاربوو\"، هەتا \"شاهەنشا لوتفی فەرموو هات لەگەڵ پاڵە و جۆتیار\". بۆیە جێگەی داخە لێرەو لەوێ کۆمەڵێک شاعیرۆکەو هونەرمەندۆکە دەیانهەوێ ناوی زیرەکی هەمیشە زیندووش بەدەردی کۆمەڵێک هونەرموندوو سەرکردەی تری مێژووی خوێناویمان بەرن.

لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە حەسەن زیرەک نەک هەر \"هونەرمەندێکی گەورەی کوردە\" بەڵکو شاعیرێکی نەتەوەخوازی بوێرە کە بەو نەخوێندەواریەی خۆیەوە توانیویەتی فارسە دووژمنکارە سەرسەختەکانی کورد لە خشتەبەرێ و یادی گەورەترین سەرکردەی دەوڵەتی کوردی بکاتەوە لە رۆژگارێکی سەختی مێژووی نەتەوەکەماندا.

بۆیە ئەو هونەرمەندۆکەو بەناو رەخنەگرانە، کە هەر لە خوتوخۆڕایی بێ ئەوەی ئاگایان لە مێژوو بێ، بێ ئەوەی لەو بارودۆخە سەختە ئاگاداربن کە حەسەن زیرەک ئەو گۆرانییەی تیادا تۆمارکردووە، خەریکن درەختی رەنجی ئەو کەڵە هونەرمەندە گەورەیەی کورد بێ بەردەکەن. رەحمەت لە گۆرت بێکەس بەخوا جوانت وتووە:

کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە
دوو دڵن پیسن لە ناو یەک بۆیە وا بێ لانەیە