حیزبی شیوعی کوردستان، مێژوویەک بۆ لێ فێر بوون!

14:41 - 19 خاکەلێوه 2713
Unknown Author
ئاسۆ خەبات

لە سەرەتای پێشکەوتن و هاوکات لە گەڵ دەسپێکی قۆناغی دروستبوونی ئەحزابی کوردی لە کوردستاندا دیاردەکانی وەکوو شەڕی براکوژی و پاڵ وەدووژمن دان و خەبات لە سەر حیسابی پارچەکانی تر، روویان لە زیاد بوون کرد! بەتایبەتی لە باشووری کوردستان ئەحزابەکان، بە نەتەوەیی و چەپ و ئیسلامییەوە هاوکات لە گەڵ خەبات و تێکۆشانیان، غەدرێکی گەورەشیان لە گەلی کورد و جوڵانەوەیی نەتەوەیی کوردستان کرد!

هێزەکانی باشوور سەرەڕای شەڕی خۆ بە خۆ، لە چوونە ژێر سێبەری دووژمنانیش بۆ شکاندنی هێزە جیابیرەکانیان هیچ قسوورێکیان نەکردوە و هەر لەو بازنەیەشدا بەداخەوە خەسارێکی قەرەبوو نەکراوەیان لە بزوتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان داوە! کە لە کۆی ئەو تاوانانە پشکی شێر وەبەر پارتی دێموکراتی کوردستان و یەکییەتی نیشتیمانی دەکەوێت!

پارتی سەرەتا بە شەهید کردن و تەحویل دانەوەی تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەیەکانی ٦٠ و ٧٠ی میلادیدا، بناغەی بۆ خەیانەتێکی نیشتیمانی داڕشت و لە شەڕی قیادەی موەقەت لە گەڵ حیزبی دێموکڕات دا بە بیانوی دەرهێنانەوەی تەرمی مەرحومی مەلا مستەفای بارزانی، ئەو تاوانە دژە نیشتیمانیەی گەیاندە چڵە پۆپەی خۆی و هەر ئەو قینە کوێر کوێرانەیەش بوو کە دواتر پیاوانی پارتی دێموکرات سەید رەسوڵی دێهقان ناسراو بە \"سەید رەسوی بابی گەورە\"یان شەهید کرد و بەو شێوەیە کارنامەیەکی رەشیان لە پەیوەندی لە گەڵ تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆ خۆیان و حیزبەکەیان تۆمار کرد!

لە دوای هاتنە خواری هێزەکانی رۆژهەڵاتیش، کەم نەبوون ئەو هێزو لایەن و کەسانەی کە هەرچی لە دەستیان هات درێغیان نەکرد بۆ تیرۆرو شەهید کردنی خەباتکارە ئاوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان،،! هێرشی حیزبوڵڵای ئەدهەم بارزانی بۆ سەر جێژنیکان و تەحویل دانەوەی ٧ تێکۆشەری دێموکڕات لە لایان بزوتنەوەی ئیسلامی و شەهید کردنی چوار کادری بەوەجی حیزبی دێموکڕات لە دەروازەی کۆیە بە دەستی هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پێشەنگایەتی یەکییەتی بۆ سپای پاسداران و هێنانی هەتاکو دەروازەی کۆیە بە مەبەستی زەربە لێدان لە حیزبی دێموکرات، لە بەرچاوترین تاوانەکانی ئەو هێزانەی باشووری کوردستانن! کە لە ئاکامی ئەو خۆ بەدەستەوەدانەدا نزیکەی ٤٠٠ کەس لە ئەندامان و چالاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان شەهید دەکرێن و دەبنە قوربانی دەستی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

بەڵام ئەوەی لەو گێژاوە پڕ لە مەترسیەدا مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و شانازی بۆ خۆی و گەلی کورد تۆمار کرد حیزبی شیوعی کوردستان بوو. حیزبێک کە بنکە و بارەگاکانی هەمیشە بۆ تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان ماڵێکی ئەمن و ئەمان بوون و هەموو کات باوەشی پڕ لە متمانەیان بۆ خەباتکارانی کورد کراوە بووە. حیزبێک کە خاوێن ترین مێژووی لە پەیوەندی لە گەڵ هێزە کوردستانیەکانی باشور و پارچەکانی تری کوردستاندا هەیە. حیزبێک کە سەرەڕای ئەوەیکە لە پشت ئاشان لە لایەن یەکێتیەوە نزیکەی ٧٠ کەس لە کادرو پێشمەرگەکانی شەهید دەکرێن، بەڵام دیسانیش خۆشەویستی گەل و وەڵات و هەست کردن بە بەرپرسایەتی نیشتیمانی رێگر دەبێت لە تۆڵە ستاندنەوە و گەرم کردنی ئاگری شەڕی براکوژی، کە بەداخەوە گەلی کورد زیانێکی بێ ژووماری لەو کارەساتانەدا بەرکەوتوە و ئەزمونێکی تاڵی لەو بەستێنەدا هەیە!. حیزبی شیوعی کوردستان هەر ئەو هێزە نیشتیمانیە بوێرە بوو کە کۆنگرەی حیزبی دێموکڕاتی لە کات و ساتێکی هەستیاردا پەنا دا و پاراستی و ناوی خۆی بردە نێو مێژووی پڕ لە سەروەری و سەرفرازی و هاوخەباتی نەتەوەی کورد، ئێستاش و لەو سەردەمەشدا، کە بە حیساب هێزە نەتەوەییەکان حاکم و دەسەڵاتداری باشوری کوردستانن! بەڵام ئەوە حیزبی شیوعی کوردستانە کە هۆڵ و بنکەو بارەگاکانی لە خزمەت شۆڕشگێرانی رۆژهەڵاتی کوردستان دانە و بە حەق پشتیوانێکی دڵسۆزی شۆڕشی کوردە لە پارچەکانی کوردستاندا...

حیزبێک کە من وەک تاکێکی بێ لایەنی کورد شانازی بە خەبات و تێکۆشانیەوە دەکەم و پێم وایە ئەوان یەکێکن لەو حیزبانەی کە لە بەردەم بارەگای شۆڕشی کورددا بە رووسووری و سەربەرزی راوەستاون و جێگا پەنجەیان بە رەوتی مێژووی خەباتی گەلی کوردەوە دیارو پاک و بەرچاوە.

لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرم بۆ هەموو تێکۆشەرانی حیزبی شیوعی کوردستان کە مێژوویەکی پاک و خاوێنیان لە پەیوەندی لە گەڵ ئەحزابی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستاندا هەبوە و هەیە. بە تایبەت وەکوو کوردێکی رۆژهەڵات سەربەرزم کە لە قۆناغی بێکەسیدا حیزبی شیوعی کوردستان پشت و پەنای تێکۆشەرانمانە لە باشووری کوردستاندا و هاوخەباتێکی پاک و بێگەردی نیشتیمانی دایکمانە.. مێژووی حیزبی شیوعی بە حەق شایانی لێ فێر بوونە و دەبێ بیکەینە وانەیەک بۆ خەباتی ئێستا و داهاتومان و وەکوو تاکێکی کورد پێی سەربەرز بین.

سڵاو بۆ هەموو ئەو هێزو تاکانەی کە لە پێناو باوەڕەکانیاندا بە پاکی و بێگەردی خەبات دەکەن و سەربەرزی بۆ خۆیان و نیشتیمانیان دەکڕن و دەبنە جێگای شانازی کور دو کوردستان.

هەر بژین و وێنەتان زۆرو بێ ژوومار.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لەمەڕ ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە