حوکمی ڕۆژنامەنووسێکی کورد لە تەعزیرییەوە گۆڕدرا بۆ تەعلیقی

11:54 - 30 پووشپەڕ 2720

پارێزەری "شارام سەفەری"، ڕۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی "ڕاوێژ پرێس"، باسی لە گۆڕینی حوکمی ٩١ ڕۆژ زیندانیی تەعزیریی ئەو ڕۆژنامەنووسە بۆ زیندانیی تەعلیقی کرد.

"مێهرابی" پارێزەری "شارام  سەفەری"، لە وتووژێک لەگەڵ "ڕاوێژ پرێس" ڕایگەیاند: "ئەو حوکمە لەلایەن لقی ١٧ی دادگای پێداچوونەوە دەرکراوە و بە دواداچوونە بەردەوامەکانم بۆ ئەو دۆسیەیە، ئەگەری زۆری هەیە حوکمی ٩١ ڕۆژ زیندانیی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە تەعزیرییەوە بۆ تەعلیقی بگۆڕدرێت".

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە لەسەر سکاڵای زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان و پۆلیسی ئیتلاعات و ئەمنییەت بە ٩١ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوو.

پێشتریش ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوە، "شارام سەفەری"، ڕۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی "ڕاوێژ پرێس"، بانگهێشتی دادگای سەرپێڵ ‌زەهاو کرابوو.