حوکمی لێدانی ٧٤ زەربە قامچیی هاووڵاتییەکی کورد جێبەجێ کرا

17:38 - 6 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژ، حوکمی لێدانی ٧٤ زەربە قامچی لە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فواد عینایەتی" لەلایەن لقی ١ی بەڕێوەبەریی سزای کەیفەریی شاری سنە جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاودۆسیەکانی فواد عینایەتی دەبێ بۆ جێبەجێکردنی لێدانی قامچی سەردانی لقی ١ی بەڕێوەبەریی سزای کەیفەریی شاری سنە بکەن، ئەگەرنا لە ئەگەری سەرپێچیکردن، حوکمی دەسبەسەرکردنیان بۆ دەردەچێت.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، لقی ١٠٤ی دادگای کەیفەریی دووی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئومیدی"، ٨ هاووڵاتی بە ناوەکانی "پوویا فەیزی" کوڕی "مەحیەدین"، "فواد قارەمانی" کوڕی "تۆفیق"، "فواد عەنایەتی" کوڕی "عەلادین"، "ئیبراهیم ئاقایی" کوڕی "عەبدولقادر"، "محەممەد شەهبازی" کوڕی "خوسرەو"، "فەرهاد تاری مواردی" کوڕی "حوسێن"، "ئەحمەد مورادی" کوڕی "عەبدوڵڵا" و "ڕەزا ڕەجایی" کوڕی "عەلی ئەکبەر" بە ٨٠ مانگ زیندان و ٥٩٢ زەربە قامچی مەحکووم کرد.

ئەو ٨ هاووڵاتییە بە "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتیی لە ڕێگای بەشداری لە کۆبوونەوەی نایاسایی" تۆمەتبار و هەر کامەیان بە ١٠مانگ زیندان و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کرابوون.

ئەو ٨ هاووڵاتییە مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٨، لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژئاوا لە شاری سنە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

لەو دۆسیەیەدا، "محەمەمد شەهبازی" خەڵکی شاری سەمیرەم سەر بە پارێزگای ئیسفەهان و "ڕەزا ڕەجایی" خەڵکی شاری ئیسفەهانن.

"فواد عەنایەتی" لەو دۆسیەیەدا بە ١٠مانگ زیندانی و لێدانی ٧٤ زەربە قامچی  مەحکووم کرابوو، مانگی ڕەزبەری ٩٨ دەسبەسەر و پاش سێ مانگ لە دەسبەسەری، مانگی بەفرانبار هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.