حوکمی دوو هاووڵاتیی کورد لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ کەم کرایەوە

17:26 - 9 گەلاوێژ 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کەیوان نژاد ڕەسووڵ" کوڕی "محەممەد" خەڵکی گوندی "شیناوێ" و "باپیرە بەرزە" کوڕی "عوسمان" خەڵکی گوندی "چیانە"ی پیرانشار، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ، هەر کامیان لە چوار ساڵ بۆ ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندان کەم کرایەوە.

کەمکردنەوەی زیندانیی تەعزیریی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بە جێبەجێکردنی پەسەندکراوی مەجلیس شورای ئیسلامی سەبارەت بە کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری بووە و دۆسیەکەیان لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ جارێکی دیکە تاوتوێ دەکرێتەوە.

پووشپەڕی ساڵی ٩٨، حوکمی ٨ مانگ زیندانیی "باپیرە بەرزە" لەسەر سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات لە لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ ٤ ساڵ زیندانی زیادی کرد.

هەروەها "کەیوان نژاد ڕەسووڵ"، لە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ ٤ ساڵ زیندان کەم کرایەوە.

مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، "باپیرە بەرزە" لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری پیرانشار بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٨ مانگ زیندان مەحکووم و پاش بڕینەوەی ئەو حوکمە، بە دانانی بارمتەی ٢٢٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوەی ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمی کرابوو.

"کەیوان نژاد ڕەسووڵ"، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی شاری پیرانشار بە هەمان تۆمەت بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.