حاشا کردن لەنەتەوەخوازی و ناسیۆنالیزم، دوو چەمکی مەترسیدار لەئەدەبیاتی \"پژاک\"دا

16:23 - 18 بانەمەڕ 2714
Unknown Author
هێرش کەریمی

سیاسەتی ناڕوون، بێ‌ بنەما، دەستەمۆ و ژێر کۆ بوون روویەکی تازە و دژ بە پرسی نەتەوەخوازی بەخۆیەوە گرتووە. رۆژێک هەتا دوا فیشەک شەڕ دەکات و رۆژێکی دیکە نامەی سۆزداری و کۆتایی شەڕ لەگەڵ سەرانی حکوومەتی ئێران ئاڵوگۆڕ دەکات، رۆژێک بیانووی جیهان پەسند دەداتە دەست ئێران و رۆژێکی دیکە لەراستای سیاسەتەکانی حکوومەتە دژبە کورد و ویلایەتی فەقێ‌دا پلانڕێژی بۆ کوردستان دەکات و پەرە بە بیری دژایەتیی کردنی کورد و نەتەوەخوازی دەدات، بەڵام ئەوەش لەحاڵێکدایە کە رۆژ نیە لاوان و خەڵکی تینووی ئازادی بە هۆی بیر و باوەڕی سیاسی، نەتەوەیی یان بەهۆی رەگەز، زمان و کولتوورەوە نەخرێنە بەندیخانە و تووشی ئازاری ئەشکەنجە، بێ رێزی و کوشتن نەبن.

\"پژاک\" لەتازەترین بڕیاری سیاسیی خۆیدا، ناسیۆنالیزم و نەتەوەخوازی کوردی دژ بە دێمۆکراسی و بە ئاستەنگ لە بەردەم دێمۆکراسیدا وەسف و پێناسە کردووە و بەوتەی خۆیان هەوڵ دەدەن ئەو لەمپەڕەی گەیشتنە بەدێمۆکراسی وەلا بنێن و بەو بڕیارە وەبیر ئەوە هاتمەوە کە سەرۆکی ئەو گرووپە (حاجی ئەجمەدی) بە بەردەوامی دەیوت کە ئێمە کێشەمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نیە، بەڵام دەبێ‌ مافی خەڵکی کورد دابین بکەین، جا ئەو مافە دەبێ‌ لە کێ‌ بستێنن و بەدژی چ لایەنێک خەبات بکەن پرسیارەکە هەر دەبێ‌ بۆ خۆیان جوابی بدەنەوە.

لەتازەترین بەیاننامەی و کۆنفرانسی خەبەریی (کودار)دا باس لەوە کراوە کە دەوڵەت ـ نەتەوە نەیتوانیوە وڵامدەر بێت و بشێوی ناوەتەوە. لەنێوان رەوتی دەوڵەت ـ نەتەوە و نەزم و ئەمنیەتیی نێودەوڵەتی پێوەندییەکی راستەوخۆ و نەپچڕاوە هەیە ئەوە راستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە لەئاستی نێودەوڵەتیدا چەندین شێواز لە دەوڵەت ـ نەتەوە بوونی هەیە و نموونە سەرکەوتووەکانی ئەو پڕۆسەیە دەکرێ‌ لەئورووپا و ئورووپای باختەری و ئەو وڵاتانەی کە بەرەو پیشەیی بوون دەڕۆن بەرچاو بکەوێ‌، دەوڵەت ـ نەتەوە لەو بەشە لە جیهاندا پەرەگرتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و زۆرترین پشکیان لەپرسە جیهانییەکاندا هەبووە و تەنانەت ئەمڕۆکە لەوان وەکوو دەوڵەتی \"پەسا مۆدێڕن\" ناو دەبردرێن و ئەو وڵاتانە زۆربەی کێشەکانیان هەر لەو رێگەیەوە چارەسەر کردووە، بەڵام لەهەمبەردا ئەو وڵاتانەی کە لەبواری پیشەیی و ئابوورییەوە داخراویان هەیە و دەرگاکانیان بەڕووی دونیای دەرەوەدا داخستووە، دۆخێکی زۆر باشیان لەبواری دەوڵەت ـ نەتەوەدا نیە و لەنێوان دەوڵەت و نەتەوەدا جیاوازی و بۆشایی درووست بووە و هەنووکە ئەو دەوڵەت و لایانانەی کە دژایەتی پڕۆسەی نەتەوەخوازی دەکەن بەناچاری لەئەدەبیاتی سیاسیی و نێودەوڵەتی خۆیاندا ناکارامەیی ئەو سیستمە دەخەنەڕوو، راستە ئەو سیستمە بۆیە ناکارامەیە چونکە خەریکە خۆی خەفە دەکات و بازنەیەکی ئاسنینی بەدەوری خۆیدا کێشاوە و هیچ پێوەندییەکەی لەگەڵ دونیای دەرەوەدا نیە، جا ئەگەر بەپێی ئەو قسانە کە نەتەوەگەرایی و ناسیۆنالیزم رێگرە لە دێمۆکراسی، ئێستا دەبوایە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا دیکتاتۆرترین وڵاتان بوونایە و هەروەها دەبوایە ئێستا رووخابان.

پڕۆسەی دەوڵەت ـ نەتەوە لەوڵاتێکدا پێوەندییەکی راستەوخۆشی لەگەڵ سیستمی سیاسی، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، ئیدئۆلۆژی و نەزمی ناوخۆیی و دەرەوەدا هەیە. لەبیرمان نەچێ‌ دوای رووداوە جیهانییەکان پرسی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر دەوڵەت ـ نەتەوە لەبیاڤی نێودەوڵەتیدا گرینگییەکی تایبەتی بەخۆیەوە بینی و دوای شەڕی سارد ئێمە شایەتی دەیان ئەندامی نوێ‌ بۆ ناو ئەو پڕۆسەیە بووین و ئەو وڵاتانە هەڵقوڵاوی شەڕ، ئابووری شکست خواردوو و لایەنگری چینی کرێکار بوون، بەڵام هەر لەو وڵاتانەدا بەتایبەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پرسی ناسیۆنالیزم و لەنێو ئەوانیشدا ناسیۆنالیزمی کورد دێتە بەر باس و لەهەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان دان و لێرەدایە کە وڵاتان ئەوە بە هەڕەشەیەکی ئەمنیەتیی بۆ سەر خۆیان دەزانن و لەهەوڵی پێشگری لەپەرەگرتنی ئەو بیرۆکەیە دان.

ناسیۆنالیزم بزووتنەوەیەکی ئایدۆلۆژیکە بە مەبەستی بەدەست هێنان و پاراستنی مافی چارەی خۆنووسین، یەکییەتی و شوناسی خەڵکانێک کە ژمارەیەکیان باوەڕیان بە پێکهێنانی نەتەوەیەک هەبێت، بەو پێناسەیە دەبێ‌ باوەڕ بەوە بهێنین کە ناسیۆنالیزم هەتا ئەو کاتەی شکڵ نەگرێ‌ شتێک بەناوی نەتەوەخوازی نابێت و نەتەوەخوازیش بەپێی تیورییەکانی \"ئانتۆنی دی ئیسمیت\" پێش مەرجی پێکهێنانی دەوڵەتە. بێ‌گومان ئەگەر دەوڵەت ـ نەتەوە لەلایەن لایەنێکی دیاریکراوەوە رێبەری بکرێ‌ ئەوە ناتوانی پلۆرالیسم بپارێزی و هیچ جیاوازیەک قبووڵ ناکات، بەڵام ئەگەر ئەو دەوڵەت ـ نەتەوەییە لەسەر ئەساسی جوغرافیا و سانترالیزمی دێمۆکراتیک بێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە دەتوانێ‌ ببێتە چەترێک بۆ هەموو لایەن و نەتەوە جیاوازەکان. تازە ئێمە ئەگەر کەمێک وردتر ببینەوە بۆ داهاتووی ئێران سیستمی فێدڕاڵ پێشنیار کراوە کە بەپێی دۆخی ئەو وڵاتە گونجاوترین سیستمە.

ئێستا ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو پرسیارە لەمێشکی زۆربەماندا بیچمی گرتبێ‌ بۆ چی پژاک لە دۆخە ناسکەدا دژ بە پرسی نەتەوەخوازی راوستاوە؟
ئەزموونی خەبات و تێکۆشان لەکوردستانی ئێران و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە کارێکی وایکرد کە حیزبە سەرەکییەکان بکەونە دۆخێکی زۆر نالەبار و خرانە بەر دووڕییانێک کە هەڵبژاردنی زۆر ئەستەم بوو و لەهەمان کاتدا بوو کە فەرشی سوور بۆ حیزبێکی کوردستانی تورکیە لەئێران راخرا و بەشێوەیەکی ئاشکرا دەستیان بەچالاکی کرد و ئەو حیزبە بە پێی ئیدئۆلۆژی خۆی چەند لقی بۆ بەشەکانی کوردستان دروست کرد و بەو هیوایە کە بتوانێ‌ لەرێگای ئەو لقانەییەوە شۆڕشی کورد دەستەمۆ بکات، بەڵام دوای تێپەڕینی ساڵانێک \"پژاک\" لقی کوردستانی ئێرانی ئەو حیزبە نەیتوانی وڵامی بیرورای گشتیی کوردستان و هەروەها پە.کە.کە بداتەوە و ئەوەش زۆر پرسیاری لای ئەندامەکانی ئەو حیزبە دروست کرد و وای لێهات زۆربەی سەرکردەکانی واز لەشۆڕش بێنن و قەندیل بەجێ‌ بێڵن.

لەحاڵی حازردا ناوی پارتی ژیانەوەی ئازادی کوردستان بە باشی و شوێندانەری نەکەوتۆتە بەر چاوی وڵاتان، بۆیە وێ ناچێ حیزبەکان ئامادە بن پێوەندیی لەگەڵ بگرن و دیهەوێ‌ بە دامەزراندنی \"کۆدار\" وتووێژ لەگەڵ وڵاتان و یەک لەوان ئێران دەست پێبکات و لەو رێگەیەوە بە بێ دەسکەوت بۆ کورد دانیشتن لەگەڵ ئێران بکات، لەلایەکی دیکەوە پارتی کرێکارانی کوردستان خەریکە لەگەڵ تورکیە بەئەنجام دەگات و بە پێی دوایین بڕیاری بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری ئەو پارتە، دەبێ‌ چەک دابنێن و روو لە خەباتی سیاسیی بکەن، لێرەدایە کە پەکەکە بیری لە پەژاک کردۆتەوە و دەبێ‌ بەجۆرێک لەجۆرەکان کۆتایی بەخەباتی چەکداری ئەو پارتە بهێنێ‌ و بە کوردی و کورتی هەڵیبوەشێنێتەوە، بەڵام بە حوکمی ئەوەی کە پێشتر زۆریان گەورە کردەوە ناتوانێ‌ هەر بەو ئاسانی‌یە ئەو بڕیارە بدات.

شۆڕشی کورد لەکوردستانی ئێران هەمیشە لەسەر ئەساسی مافخوازی و رزگاریخوازی و رێز گرتن لە بەرامبەرەکەی بووە و هیچکات بێ‌ رێزی بە نەتەوەی دیکە نەکردووە و رووحییەی تۆڵە سەندنەوە لەشۆڕشی کورد بەتایبەت لەدوای ساڵی ١٣٥٧دا نەبووە، بەڵام ئەگەر کەمێک بەوردی چاو بەکار و کردەوەکانی \"پژاک\" لەکوردستانی ئێران بکەین ئەو کاتەی خەباتی چەکدارییان دەکرد هەوڵیان داوە کە عەمەلیاتی تۆڵە سەندنەوە ئەنجام بدەن و کەسانێک بکووژن کە سەربازی عادی بوون و لەئاستی بڕیاردەراندا نەبوون و ئەوە شتێک بوو کە هەڵسوکەوتی پژاکی خەوشەدار کردبوو، و زیاتر وەکوو سازمانی حەماس سەیرییان دەکرد، هەر بۆیە سەرچاوە سەرەکییەکە کەوتە بیری ئەوەی کە چیدیکە لقەکەی وڵامدەر نیە و هەر چەندە دەیانویست بە دروست کردنی پەژاک ئەمریکاش فریو بدەن و ئیمتیازی لێوەربگرن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

دوای ئەو هەموو ماوەیە ئێستا دەبێ‌ خەڵکی زیاتر ئەوەیان بۆ روون ببێتەوە کە تەقەی چەکەکانی پەژاک تەنیا بۆ ئەندامگیری زیاتر و فشاری لایەنێکی دیکە بووە نە بۆ رزگاری کورد. بێگومان ئەم بڕیارەی دوایین کۆنگرەی پەژاک کۆتایی هاتن بە چالاکیەکانی ئەم پارتە پاشکۆیەیە کە ماوەیەکە هەوڵی خەڵەتاندنی خەڵکی پێ دەدرێت و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو دژایەتییەی ئەوان هەوڵێکی دیکەیە بۆ بێ بایەخکردنی دەسکەوتە نەتەوەییەکان بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان وقەتیس کردنی خەبات لەهێندێ‌ چەمکی بێ‌ پێناسە و دوور لە واقعییەت و ئەدەبیاتی حیزبێکی تایبەتی.

لەکۆتاییدا دەتوانم بڵێم شۆڕشی کورد لەکوردستانی رۆژهەڵات بەستراوە بە بڕیاری حیزبە لەمێژینە و خاوەن جێگە و پێگە کۆمەڵایەتیەکانە کە پرسی نەتەوخوازی و ناسیۆنالیزمی کوردیان کردۆتە بنەمای سیاسەتی خۆیان و لەبیریشمان نەچێ‌ هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەندامن دەوڵەتی نەتەوەیین و ئاڵا و هێمای نەتەوەیی خۆیان هەیە، تەنانەت دەوڵەتە کۆمۆنیستەکانیش بە نێوی نەتەوەکانیانەوە ناسراون.

ئەم بابەتە رانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لەمەڕ ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە.