جەوانمیر مورادی، چالاکی کرێکاری بانگهێشتی لقی ١ی دادگای ئینقلابی کرماشان کرا

13:09 - 5 رەشەمه 2720

ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕەشەمە، جەوانمیر مورادی، چالاکی کرێکاری، بانگهێشتی لقی ١ی دادگای ئینقلابی کرماشان کرا.

لقی ١ی دادگای ئینقلابی کرماشان، ئەو چالاکە کرێکارییەی بۆ ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ناوبراو، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بانگهێشت کردووە.

جەوانمیر مورادی، دەبێ ١١ی ڕەشەمە، لە لقی دادگای ئینقلابی کرماشان ئامادە بێت.

ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمە، ئەو چالاکە کرێکارییە، لە ڕێگەی بانگهێشتنامەیەکی ئێلێکترۆنیکی، لە لقی ٤ی لێپرسی، لە ناردنی دۆسیەکەی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بۆ لقی ١ی دادگای ئینقلابی کرماشان ئاگادار کراوە و هەروەها لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپەکانی دژبەری نیزام"، بێتاوان ناسراوە.

ئەو چالاکە کرێکارییە، مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپەکانی دژبەری نیزام و پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بانگهێشتی لقی ٤ی لێپرسی دادگای گشتی و ئینقلابی کرماشان کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانبار، ئەو چالاکە کرێکارییەی خەڵکی کرماشان، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی "دێزڵئاوا" ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانبار، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوونی لە یەکێک لە گرووپەکانی دژبەری نیزام" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو ئەندامەی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، لەلایەن لیباس شەخسییەکانەوە لە ڕێگەی تەلەفوونەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک لە نزیک کرماشان بانگهێشت و پاش سەردانی شوێنی پڕۆژەکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە کرێکارییە، بە دەست بەستراوی بردووبیانە ماڵەکەی خۆی و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو.