جیهان چاوەڕێی کۆماری باشووری کوردستانە/ ئەگەرەکان، ئامادەکاری و مەترسییەکان

15:15 - 28 پووشپەڕ 2714
Unknown Author
عارف باوەجانی

بە پێێ تازەترین لێدوان و تۆمەت و هەرەشەکانی مالیکی بەرامبەر بە باشوری کوردستان، و کشانەوەی وەزیرە کوردەکان لە بەغدا. لە لایەکی دیکەشەوە باس لە ئەگەری دانانی حسێن شارستانی لە شۆێنەکەی مالیکی دەکرێت، کە شارستانی لە پێش مالیکی دژایەتی کردنی خۆی بەرامبەر بە گەلی کورد دەستپێکردبوو بە دڵنیایشەوە لەو سیاسەتەی بەردەوام دەبێت.

دابەشکردنی بەرپرسایەتی لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی نۆی ئێراق، و زۆر شتی دیکەی ژێر بە ژێر بۆ هێۆرکردنەوەی کورد لە ویستە پێگەیشتووەکەی، کە نموونە ترینیان پێدانی پۆستی سەرۆککۆماری نۆی ئێراقە بۆ کورد، بەڵام بە مەرجی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچە کوردیانەی کە لە رۆژانی ١٠ / ٦ / ٢٠١٤ بۆ سەرەوە کونترۆڵیان کردون.

پاش ئەوەی کە گشت شارو ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان کەوتنەوە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هەروەها کێڵگە نەوەتییەکانی کەرکوکیش کە سەدانساڵە داگیرکەرانی کوردستان دەستیان بە سەردا گرتووە، کە ئیستا کەوتووەتەوە ژێر دەسەڵاتی خاوەنی ڕەسەنی خۆی کە کوردستانە. بەم ڕووداوە نۆیانە کە بە پەلە شەپۆل دەدەن و دێنە پێشەوە، خەریکە شک و گومانەکان لەوەی کە کورد ناتوانێ دەوڵەتی سەربەخۆیی ڕاگەینێت کەمدەکاتەوە، و دڵخۆشی بەرەو ڕاگەیاندنی ئەو دەوڵەتە نۆییە زیاتر لە ئاست جیهان و گەلی کوردیش پێشان دەدات، کەوا جیهان بە دۆست و نەیاری کوردەوە چاوەرێی کۆماری باشوری کوردستان دەکات.

بەڵام ئایا ئاسانکاری و ئامادەکارییەکان تاچەندە کراون بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم دەوڵەتە نۆییە بۆ نێۆ بنەماڵەگەورەکەی جیهان، کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتێکی بە هێز و بە توانا لە ناوچەکەدا.

هەروەها هیندێک مەترسیش بۆ تێکدانی ڕیزەکانی ماڵی کورد بە سەرپەرەستی ئێران لە ئارادایە کە لە بەشی خوارەوە ئاماژەی پێدەکەین.


پەرلەمانی کوردستان :

گرنگترین ناوەندی بڕیاردانی نۆێنەرانی گشت خەڵکی کوردستان کە پەرلەمانە، بە خۆشییەوە وەک پەرلەمانی وەڵاتێکی سەربەخۆ لە مێژە ئامادەیە، و بە تایبەت پەرلەمانی ئیستا پەرلەمانێکە کە هەموو لایەنە براوەکانی تێدا بەشدارە، و هەر بەو هۆیەشەوە ئاسانکاری زیاترکرا بۆ دروستکردنی کابینەی٨ ی هاوبەشی هەرێمی کوردستان. لەم کابینەشدا کۆسپەکانی ناو پەرلەمان وەک ناڕەزایی دەربرینی لایەنی ئوپوزوسیون لەم کاتەدا ناسکەدا کەم بووەتەوە و یەکگوتاری کورد بە هێزتر بووە. ئەمەش یەکێکە لە کۆڵەکە بنچینەییە بەهێزەکانی داهاتووی حکومەتی کۆماری باشوری کوردستان.

حکومەت و وەزیرەکان ئامادەیە:

حکومەت و وەزیرەکان ئامادەیە، کابینەی هەشتەمی هەرێمی کوردستان وەک کابینەیەکی نۆیتر و گەنجتر دامەزراوە. کە سەرۆکوەزیرانی کوردستان و جێگرەکەشی ٢ کەسایەتی ئاکادیمی گەنج و بە شارەزای سیاسەتی نێۆنەتەوەیین، لەگەڵ دەیان وەزیر شارەزا لە بوارەکانی خۆیاندا. بە شایەتی زۆربەی چاودێرانی سیاسی نێونەتەەیی سەلمێندراوە کە حکومەتی هەرێم هەرچەند حکومەتێکی تەواو سەربەخۆ نییە، و هەروەها بێکەم وکوریش نییە بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئەفریقا پێشکەوتووتر و شارەزا تربووە، رۆژانەش پێشکەوتنی زیاتری لێ بەدی دەکرێت.
سەرۆک کۆمار ئامادەیە.

یەکێک لە جەوهەرە گرنگەکانی نێو سیاسەتی ئەمرۆی کوردستان روو بە بەغداو جیهان سەرۆکەکەیەتی، کە ئەویش سەرۆکی ئیستا هەرێم و سەرۆک کۆماری داهاتووی باشوری کوردستانە. بارزانی ئەو سەرکردە بە هەڵویستەی کوردە کە لە پەرتووکی بیرەوەرییەکانی حاکمان و شارەزانی ئەمریکاو جیهان لە ئێراق بە مرۆڤێکی نەتەوەیی و جەسور لە بواری مافەکانی کوردا ئاماژەی پێکراوە. بێجگە لە ئەزموونی دەیانساڵ خەباتی پێشووتری و بەرەنگاری لەگەڵ درندەترین ڕێژیمی کورد کوژی وەک بەعس، لە پاش ساڵی٢٠٠٣ لە کاتی دروستبوونی حکومەتەکانی ئێراقی پاش سەدام وتا ئیستاش بەردەوام وەک سەرۆکی کوردستان بەرەنگاری هەر جۆرە سیاسەتێکی زیانبەخش بە خەڵکی کوردستان بووەتەوە. بە تایبەت هەمیشە مافی چارەی خۆنووسی و ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی وەبیر نەتەوەکەی هێناوەتەوە و بە ئاشکرا و بێترس و شاردنەوەش ئەو مافە ڕەوای گەلی کوردی بە گۆی جیهان و بەغداد هێناوە.
ژێرخانی ئابوری ئامادە نییە :

لە کوردستان وەک باسمان کرد زۆر پێویستی گرنگ ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتی داهاتوو. بەڵام لە هەمووی گرنگتر کە کاری باشی بۆ نەکراوە ئەویش ژێرخانی ئابوریەکەیەتی. هەر وڵاتێکیش ئاسایشی خۆراکی نەبێت ئەمنیەتی ئەو وڵاتە هەمیشە لە مەترسی کارەساتدایە. پێویستە حکومەتی هەرێم بنچینەی دروستکردنی ئەم وڵاتە بە ژێرخانی ئابوریەکەیەوە دەستپێبکات، و تەداروکاتی تەواو بۆ ئەگەری چەندین ساڵی پر لە کۆسپ و کێشەی پاش دامەزراندنی کۆماری باشوری کوردستان لە بەرچاو بگرێت.

ئاو کەنداو:

یەکێک لە بۆشایەکانی پێوەندی کوردستان بە دونیای دەرەوە نەبوونی کەنداو یا زەریای مەزنە لە کوردستاندا، کە بتوانێ پێوەندی بازرگانی و گواستنەوەی زەریایی کورد بە جیهانەوە گرێ بدات.

هەر بۆیەش زۆر پێویستە لە ئیستاوە کار بکرێت بۆ دروستکردنی بەنداو، بۆ پاشەکەوتکردنی ئاو بە مەبەستی دروستکردنی کارەبا یان دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، یا یان کشتوکاڵی ناوچەکان. ئەمەش وەک یەکێک لە پێشبینیەکان بۆ هەموو ئەگەرەکانی گەمارۆی ئاو لە لایەن وڵاتای دراوسێ لە ئەگەر پاش ڕاگەیاندنی کۆماری باشوری کوردستان بکرێت.

کشت و کاڵ :

یەکێک لەو دەستەواژەیە کە هەمیشە شەقامی کوردی وەک رەخنەیەک بە کاری دێنن بەرامبەر بە باسکردن لە سەر دروستکردنی دەوڵەتی کوردی، ئەویش (تەماتە و پەتاتەی ئێرانە)، واتە بازارەکانی کوردستان پرە لە میوەو سەوزەی ئێرانی. لە کاتێکدا کە خاکی کوردستان زۆر بە پیت و بەرەکەتە بۆ کشت وکال. بە پێێ شارەزانی بواری سامانەکانی کشت و کاڵ لە کوردستان، باس لەوە دەکەن کە خاکی کوردستان بۆ کشتوکاڵ و میوەجات، زۆر لە کوردستان زیاترەو بەشی هەناردەکردن و فرۆشتنی بە وڵاتانی دیکەش هەیە. بەڵام هەرێمی کوردستان وەک پێویست پلانی بۆ بووژانەوەی کشت و کاڵ نەبووە. کەوابێت یەکێکی دیکە لە پشتیوانیە بە هێزەکەی سەربەخۆیی کوردستان کشت وکاڵەکەیەتی. پێویستە پرۆژە و پلانی زانستی بۆ بواژنەوەی کشت وکاڵ ببێتە یەکێک لە هەنگاوە بە ۆەلەکانی سەرەتای دەوڵەتی کوردی. هەموو ئاسانکارییەک بۆ جووتیاران و خاوەن باخ و بێستانەکان بکرێت، و هەموو کەرەسەیەکی پێویست بخرێتە ئیختیاریان بۆ ئەوەی بتوانن بە دڵسۆزیەوە کارەکانیان پەرە پێبدەن. کوردستانیش بۆ هەمیشە لە تەماتەو پەتاتەی ئێران و وڵاتانی دراوسێ دوورکەوێتەوە.

ژمارەی پارێزگاکان بۆ ٨ پارێزگا:

لە مێژووی داگیرکاری خاکی کوردستان لە لایەن داگیرکەرانیەوە، هەمیشە هەوڵدراوە دەستکاری دیمۆگرافیای شارەکانی کوردستان بکرێت و لێێ بچووک بکرێتەوە و بخرێتە سەر شۆێنەکانی دیکە. لە لایەن وڵاتانی داگیرکەرەوە هەرگیز هەوڵنەدراوە کە بە پێی پێوەری یاسایی و زانستی ژمارەی پارێزگاکانی کوردستان زیاد بکرێت. ئیستا بە پێی شارەزایانی پێناسەی پارێزگا لە باشوری کوردستان ئەمانەی خوارەوە مەرجی پارێزگابوونیان تێدایە، دەکرێت بە پارێزگاکانی کۆماری باشوری کوردستان. ناویان بهێنرێت، کە بەشێکیان لە ئیستاداوەک پارێزگا هەن و بەشێکیشیان لە مێژ ساڵە چاوەرێن.

١ - کەرکوک ٢ هەولێر. ٣ سلێمانی ٤- هەڵەبجە- ٥ دهۆک، ٦ سۆران. ٧ ڕاپەرێن، ٨ گەرمیان.

بە بۆچوونی من پێویستە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم حکومەتە نۆیەی کوردستان، یا پێش ڕاگەیاندنەکەی، کار بۆ پاشماوەی پارێزگاکانی دیکە بکرێت، و لەگەڵ ڕاگەیاندندا ئەم وڵاتە بە ٨ پارێزگا بناسرێت. چوون ئەمەش گرنگی و گەورەیی زیاتر بە کوردستان لە ئاست جیهاندا دەدات.

مەترسییەکانی تێکدانی یەکریزی ماڵی کورد.

وەک زۆر مێژووی ڕابوردو بۆمان دەسەلمێنێت کە هەمیشە لە کات و ساتەکانی سەرکەوتنی کورددا، هەوڵدراوە هەر لە ڕێگەی کوردەوە ئەو سەرکەوتنانە بشێۆێندرێت.

ئیستاش ئەم دەسکەوتە کەم وێنەیە بووەتە هەواڵی شاشەی تەلەفزۆێنە گرنگەکانی جیهانی، و بووەتە سەرتیتلی ڕۆژنامەو سایتەکانی جیهانی، بووەتە پێخۆری شارەزایانی جیهانی کە رۆژانە شرۆڤەی لە سەر دەکەن. بەو شێوە ڕووداوەکانی ئیستای باشوری کوردستان بووەتە ڕاستییەکی حەشا هەڵنەگر کە دەرچوونی ماڵکی لە ژێر ئەم بارە زۆر دژوارە. ئیستا ئێران لە سەر هێڵە بۆ ئەوەی ئێراق بەو شێوە بهێڵێتەوە کە خۆی دەیهەوێت. ئێران چەند سینارێۆیەکی بە دەستەوەیە کە لە ئێراق کاریان پێبکرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆزەکە، و بۆ لەبەین بردنی خەونی سەربەخۆیی کوردستان.

یەکێک لە سینارێوکانی ئێران کە ئیستا پێوەیە سەرقاڵە تێکدانی یەکریزی ماڵی کوردە. ئێران بۆ ئەم مەبەستە بەپرۆژەوە هەوڵیدا ناکۆکی لە نێوان حیزبەکانی باشوری کوردستان دروستبکات، کە هەموومان دیتمان لە ماوەی ڕابوردودا لێدوانی سەیر و سەمەرە بڵاودەکرایەوە.

ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێبکەین هۆشیاری نەتەوەییە، کە دەبێت وریا بین کە لەم کاتەدا ئێران هەر جۆرە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لایەنی کوردستانی، یا هەر جۆرە سەردانێکی بۆ کوردستان لە ژێر ناوی دۆستایەتی و ڕێنمایی وپشتیوانی دوورە لە ڕاستی. بە پێچەوانەکەی مەبەستەکانی ئیران هەمووی پلانی ژەهراوییە بەدژی دەسکەوتەکانی گەلی کورد.