جیاوازی نێوان سیاسەتی ئێوە و دوژمنایەتی ئەوان چیە؟!

22:13 - 14 گەلاوێژ 2716
Unknown Author
عارف شێخ ئەحمەدی

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بیست و دوو ڕۆڵەی کورد و سوننە مەزهەب لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن حکومەتی داگیرکەر و قەبرپەرستی شیعەوە لە سێدارەدران و سەرەڕای ئەوەی ڕاگەیاندنی بیانی و تەنانەت هێندێک لە دوژمنانی کوردیش باسی ئەو تاوانە گەوەرەی ڕێژیمی ئێرانیان دەرحەق بە ڕوڵە سوننە مەزهەبەکانی کورد کرد، کەچی زۆر حیزب و ڕێکخراوی سیاسی چوار پارچەی کوردستان کە خۆیان بە داکۆکیکار لە ماڤی تاکی کورد و ئازادیخواز و ڕێکخراوی مودێڕن دەزانن، تەنانەت حازر نەبوون هەر باسی شەهید بوونی ئەم برایانەمان بکەن.

بۆ شاهێدی مێژوو هەر کات گەریلایەکی پەژاک یان خود پێشمەرگەی حیزب و هەڵسووڕاوێکی سیاسی لایەنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕێژیمەوە حوکمی زیندانی بۆ دەردەچێت یان خود شەهید دەکرێت، سەرجەم کەناڵە تەلەویزیۆنیەکانی ئەهلی سوننەت و جەماعەتی ئێران لەوانە کەناڵی جیهانی نوور، کەلیمە و تەوحید و ویسالی حەق باسیان دەکەن و هەوڵ دەدەن دەنگی کەسوکاری ئەوان بە هەموو جیهان بگەیێنن و هیچ سنوورێک دانانێن و بە بێ فەرق و جیاوازی کاری ڕاگەیاندن دەکەن. ئەم کەناڵانە دەگەڵ ئەوەی بە فەرمی زمانحاڵی ئەهلی سوننەتی مەزڵوومی ئێرانن بە نەتەوەی کورد و بەلووچ و نەتەوەکانی دیکەوە، کەچی لە هەمان کاتیشدا سکۆی ڕای ئازادی هاوڵاتیان و هەموو چین و توێژەکانی گۆمەڵگەی ئێرانە و دەرگەیان بە ڕووی کەس دا دانەخستووە.

وەک نموونەی زیندوو، پێوەندیمان بە سەرکردایەتی چەند حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کردووە و ڕامانگەیاندووە کە بەرنامەیەکمان لە فڵان کەناڵی ئەهلی سوننەتی ئێران هەیە سەبارەت بە سیاسەتی دەوڵەتی ئێران و تیرۆری ڕێبەرانی سیاسی ئۆپۆزسیون و بەرنامەکە تیرۆری ڕێبەرانی ئێوەش لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ویلایەتی فەقێوە دەگرێتەوە و تەوەی بەرنامە مەزهەبیی نیە، کەچی دوای ئەوەی بیانووی سەیر و سەمەریان هێناوەتەوە دواتر حازر نەبوون قسە بکەن و خۆیان لە قەرە نەداوە و خۆیان لێ دزیوەتەوە، بەڵگەشمان لە لایە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین شتی وابووە یان خود نەخێر.!

کەچی سەرکردایەتی هەر هەمان حیزب حازر بووە لە کەناڵێکی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانەوە دەربکەوێت کە هەر باوەڕی بە کورد و مافەکانی ئەم نەتەوەیە نیە و زۆرتر بۆ تەنز و پێکەنین بە بۆنەی فارسی قسە کردنەکەی کابراوە لێیان گێڕاوەتەوە نەک بۆ شتی دیکە.!

لە باشووری کوردستان یەکێتی نیشتیمانی و بزووتنەوەی گۆڕان کە شەو و ڕۆژ پ.ی.د و پ.ک.ک یان لێبووەتە ڕۆستەمی زاڵ و سەردەمێکیش هەر خۆیان بوون وەک ئەوەی ڕاوی کەو بکەن سووچ و قوشبنی چیاکانیان لێ گرتبوون، باس کردنی ئێعدامی ڕۆڵەکانی ئەهلی سوننەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن بڤەیە و چۆن دەوێرن ئەربابەکەیان بتۆرێنن و توڕەیان بکەن.

پارتی دیموکراتیش وەک پیشەی خۆی تیریش بۆ ئێران بهاوێت کەوانەکەی دەشارێتەوە، چونکە کەرەج و تاران قیبلەی ئەوانیشە.

لەم لاشەوە پژاک و پ.ک.ک کە ساڵانە یادی بیابانی کەربەلا لە کوێستانی قەندیل دەکەنەوە بە مەبەستی دڵخۆش کردنی سەرۆکە عەلەوییەکان و کۆماری ئیسلامی برادەریان، کەچی نیو هێندە باسی ئەم کۆمەڵکوژییەی ڕۆڵەکانی سوننە مەزهەبی کورد لە ڕۆژهەڵاتی وەڵات ناکەن.!

سەیرەکە تەنیا لەوەدا نیە کە باسی لە سێدارەدانی زیندانیانی سوننە مەزهەبی کورد ناکەن، بەڵکوو هێندێک ڕاگەیاندن خەریکن بە درۆ و چەواشەکاری ئاماری زیندانیانی سوننە مەزهەبی کوردیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێک دەدەن و بە دەست ئانقەست یان خود لە ڕووی نەزانیەوە لەم بوارەشدا زیاتر خزمەت بە ڕێژیمی ویلایەتی فەقێ دەکەن.

لە یەکێک لە ئاژانسە هەواڵدەرییە کوردییەکان ڕاگەیێندراوە کە لە ناو ئەو کەسانەی کە لە زیندانی ڕەجایی شار ئێعدام کران چەند کەسی کوردیش هەبوون! کەس نیە لەم بە ناو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندن کارانە بپرسێت و پێیان بڵێت کە تکایە ڕاست بدوێن چونکە هەر هەموویان کورد بوون نەک تەنیا چەند کەس لەوان. بۆیە دڵنیاین و هەست دەکرێت حیزب و ڕاگەیاندنی کوردیی تەنیا لە بازنەی بەرگری و سۆزی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەرییەوە شەلەل و فەشەل نین، بەڵکوو بەداخەوە نازانن برایەتیش وەک خۆی بکەن. فارس گوتەنی دەبێ ئەو فەرموودەیەی \"ئیمامی حسەین\" یان پێ بڵێین \" اگر دین ندارید لااقل آزاده باشید\".

ئاخر خۆ ئەگەر شەهید شەهرام ئەحمەدی و هاوڕێیانی دیکەیان سوننە مەزهەب بوون و بە تاوانی چالاکی مەزهەبیی لە سێدارە دران، خۆ پێش ئەوەی سوننە مەزهەب بن هەر هەموویان ڕۆڵەی کورد بوون و لە داوێنی ئاویەر و هەورامان و لە بنەماڵەی کوردستانیدا چاویان بە ژیان هەڵێناوە، ئیتر چونکە وەک ئێوە کوردایەتیەکەیان بەهێز و مودێڕن نەبووە دەبێ ناویان نەهێنن و لە ڕاگەیاندنی ئێوەشدا سانسۆڕ بکرێن؟!

سەرکردەکانی یەکێتی نیشتیمانی کاتێک مەلایەکی شیعە دەمرێت دەبێ بە پەلە خۆیان بگەیێنە قوم و نەجەف بۆ گریان و ڕۆڕۆ کردن، کەچی بۆ ڕۆڵەکانی سوننە مەزهەبی کورد نوقەیان لێوە نایەت.!

هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کورد لە کوردستان، ئەگەر لە ئەمریکای لاتین و کوریای باکوور و چین و ماچین کرێکارێک لە دیوار بەربێتەوە ناوی دەهێنن و سروودی ئەنترناسیۆنالی بە سەردا دەخوێنن، کەچی نە تەنیا حازر نین تەنانەت لە ڕاگەیاندنی خۆیانەوە شتێک بڵێن، بەڵکوو هێندێکیان دڵگرانیش نین بەو هەواڵە، وەک ئەوەی لەبیریان چووبێت نە تەنیا خۆیان بەڵکوو هەرچی هێزی چەپی ئاوارەی ئێرانیش هەبوو، ڕۆژگارێک لە سێبەری مزگەوت و تەکیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا قسەیان بۆ خەڵک دەکرد و سفرەیان بۆ دەڕازایەوە.!

بۆیە لە کۆتایی دا دەبێ بڵێین کە بە سیاسەتی چەوت و لاواز و خاونداریەتی نەکردن لە هەموو ڕۆڵەکانی کورد بە هەر جۆرە باوەڕێکی مەزهەبی و بیروڕایەکی سیاسیەوە، نەتەنیا هیچ پێشکەوتنێک لەمەڕ دژایەتی و بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەقینەی ڕێژیمی داگیرکەری ویلایەتی فەقێی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەدەست نایەت، بەڵکوو ئەو ڕێژیمە دەخوازێت هەر جۆرێک بۆی بکرێت بە سیاسەتی شەلم کوێرم کەس نابوێرم تەواویەتی کورد بە بێ جیاوازی لە ژێر زوڵم و ستەم دا بهێڵێتەوە.

بۆیە سەرکەوتنی بزووتنەوەی کورد بە برایەتی مسۆگەر دەبێت نەک بە پێچەوانەکەیەوە.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.