تەقینەوەی گاز لە پیرانشار گیانی ژن و مێردێکی ئەستاند

21:52 - 30 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: ژن و مێردێکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی پیرانشار بەهۆیی تەقینەوەی کەپسوولی گیاز گیانیان لەدەست دا.

یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی پیرانشار بڵاوی کردەوە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی جۆزەردان ژن و مێردێکی کە تەمەنیان ٣٠ ساڵ بووە بەهۆی تەقینەوەی کەپسووڵی گازی نێوماڵ تووشی سووتانی جەستەیی هاتوون و لە ئەنجامدا گیانیان لەدەست دا.

بەرپرسی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی پیرانشار هۆکاری هاتنە ئارای ئەو رووداوەی لەبەر چاو نەگرتنی مەرجە ئیمەنییەکان و ناستاندارد بوونی کەرسە گازییەکان راگەیاندووە.

هەروەها ماوەیەک پێش ئیستا ژن و مێردێکی دیکەی خەڵکی شاری سەقز بەهۆی کەمتەرخەمییەوە تووشی رووداوی گازگرتووی بوون و لە ئەنجامدا گیانیان لەدەست دا.

ساڵانە دەیان هاووڵاتی لە وڵاتی ئێران بە هۆی ناستاندارد بوونی کەرسە گازییەکان و کەمتەرخەمیی هاووڵاتییان سەبارەت بە لەبەرچاوگرتنی مەرجە ئیمەنییەکان، دەبنە قوربانی.

هەروەها بەپێی ئاماری رێکخراوی پزیشکی قانوونیی ئێران لە ماوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا، سەرجەم ٢١ هاووڵاتیی لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەهۆی گازگرتووییەوە گیانیان لەدەست داوە.