تەقینەوەی مین لەنێو مەقەڕی سپای پاسداران لە مەریوان ٥ قوربانیی لێکەوتەوە

17:53 - 3 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی تەقینەوەی مین ٥کەس لە نێو مەقەڕێکی سپای پاسدارانی گوندێکی ناوچەی مەریوان کوژراون و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٣ی خاکەلێوە بەهۆی تەقینەوەی مین لە نێو مەقەڕی سپای پاسداران لە گوندی \"جانەوەرە\"ی مەریوان فەرماندەی مەقەڕی ئەو گوندە بەناوی\"حەسەن مەولوودی\" محەممەدعەلی گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند هاوکات لەو رووداوەدا ٤ سەربازیش بە توندی بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی شاری مەریوان کراون و بارودۆخی تەندروستیی سەربازێکیان ناجێگیر راگەیەندراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکار و چۆنیەتی ئەو تەقینەوەیە ئاشکرا نەکراوە.