تەقینەوەی مین لە ورمێ گیانی ٢ خوشکی ئەستاند

21:54 - 2 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: دووکچە کوردی تەمەن ١٣ و ٢٠ ساڵ و خەڵکی ناوچەی \"قوچی\"ی سەربە شاری ورمێ، بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماوی کۆنە پایەگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو ناوچەیە گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا ٢ خوشک بەناوەکانی \"غەزاڵ\" تەمەن ٢٠ ساڵ و لەیلا تەمەن ١٣ ساڵ و لەکاتی چوون بۆ کوێستانەکانی ئەو ناوچەیە بوونە قوربانیی تەقینەوەی مین و گیانیان لەدەست دا.

ئەو دوو خوشکە کچی خالید و خەڵکی گوندی \"شەریف ئاوای\" سەربە شاری ورمێ بوون، کە بەهۆی تەقینەوەی مینی کۆنە پایاگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو ناوچەیە، گیانیان لەدەست دا.

لەلایەکی دیکەوەو بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا سەرجەم ١٧ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تووشی رووداوی تەقینەوەی مین بوون کە لەکۆی ئەو رێژەیە ٣ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ١٤ کەسیشیان بریندار و تووشی کەمئەندامی هاتوون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئامای راستەقینە لەو رێژەیە ش زیاتر بێت.