تەختەگاز بۆ دواوە!- ئەفراسیاب گرامی

15:08 - 7 سەرماوەز 2714
Unknown Author
ئەفراسیاب گرامی


ب: تەنز

مەخلوقی ئێمە زۆر عەجایەبە. یانی هەر لە مەخلوقی دنیا ناچێت، راست وەک ئەوە وایە لە کاکێشانێکی دیکەوە دابەزیبێت. یانی ئەگەر بڕۆیتە سەر مانگ و بڕوانیتە خوارەوە، هەموو دنیا دەبینی لە جمووجوڵێک دایە، کەچی کورد لەو بەینەدا دەڵێی شانە زەردەواڵەن و ئاڵۆزاون. ئیتر ئاوایە و زەمانەش گۆڕاوە، ئێمەش وەکوو دنیا ئەمانەوێ بیگۆڕین، یانی گۆڕاندان؟! شتی وا ئەبیسین. ئەیچە ئابرا، بۆ نموونە، ئێمەی کورد بەپێچەوانەی خەڵکی دنیا ئەگەر بیگۆڕێن ئاوا دەیگۆڕین، یانی سەروبنی ئەکەین! یان ئەگەر سەر و بنی نەکەین لە بنەوە کونێکی تێ ئەکەین، رەنگە ئەوەش مۆد بێت کون تێکردن، ئەوسا زوو \"باتەی سێ ستارە\"یان کون تێ ئەکرد بۆ ئەوەی قاچ فێنک بێتەوە، ئەمڕۆ لە ئەورووپا سەر ئەژنۆیان ئەدڕێنن، هی وا هەیە ئەڵێ گەوزاندوویان، بێ ڕێزی نەبێت بەڵام هەر وایە، ئەوەش فیکر و بۆچونی خۆیانە و کە من هیچ دژیان نیم. بەڵام ئێمە ئەمانەش ئاوا دەگۆڕێن، یان هەڵدەگەڕێنینەوە یان وەردەگەڕێنین. دێموکراسی ئەکەین بە ژێرکراسی، رەخنە راست ئەکەین بە پێ مەڕەو و پاچ و بێڵ وەختی وا هەیە جنێو خۆشترە لە رەخنە، بەقەولی بارام بەگ: تەڵاقم کەوتبێ رەخنە لە جنێو پیس ترە\" رەنگە بە دەمیانەوە هەڵبەستبێ، زەمانەکە وای لێ هاتوە هەڵبەستن بە دەم ئەم و ئەوەوە زۆر بووە، وەختی واش هەیە هەڵبەستەیەکیش راستە و خەڵکی دیکە ئەیکات بە هی خۆی. زۆرجار نووسەر هەیە دەڵێ نیچە و هێگل و ئەفلاتوون و هەتا دوایی وای گوت، کەچی بەخوا ئەوان هەر ئاگایان لەو قسەیەش نیە. یان ئەفسانە و حەکایەتی وا دەگێڕنەوە، میر و پاشای وا دروست دەکەن، لە فیلمەکانی خاوەنشکۆ سەرسوڕهێنەرتر. هەندێک مێژوویان کردوە بە هاوینەهەوار و کەمێكیش نایەنە خواراوە. ئەڵێن پردی ئایندە، مێژووە. بەڵام نازانن زۆر پردیش رووخاوە، تازە ئیتر خەڵک پرد دروست ناکەن. بڕۆن بزانن لە کوردستان چەند پردی گەورە هەیە کە دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی پێکەوە گرێ بدات. راست وەک تڕی بن گۆم وایە. بۆیە هەمیشە ئەو رووناکبیرانەی ئێمە ئەوەندە رۆشنبیر بوون کە خەڵکیان بەشەوارە خستوە.

ناڵێم، دنیایەکی سەیرمان هەیە. هەر لە خۆشییا مافی مرۆڤ پێشێل ئەکەین. یان ئیتر لە ئەوپەڕی خۆشیدا خەڵک ئەکوژین، یان ئیتر زۆۆۆۆۆر کەیفمان ساز بێت وڵات تێک ئەدەین، یانی ئێمە هەمیشە لە خۆشیاین بۆیە وڵات بەرگەمان ناگرێت. باسی مافم کرد، لەو وڵاتەی ئێمەدا هەمووکەس مافی هەیە بمرێ، بکوژرێت، تەحەدای لێ بکرێت، ماڵی بخورێت، تەنانەت ئەخلاق و کەرامەتیشی داگیر بکرێ، بەڵام مافی نیە بژیت. خراپ تێی کەوتوین، یانی \"کەر بە بارەوە لە قوڕ چەقیوە و \"بە سەوزە سەوزە\" دەر نایەت. هەندێک جاریش یەکەم پرسیار لەکەسێ کە بیهەوێ بڵێت من زمانی ئینگلیسی ئەزانم ئەوەیە پێی دەڵێن ئادەی بە ئینگلیسی \"ئەو کەرە لەو قوڕە دەربێنێ\" ئەبێتە چی؟! کابرا هەبەساو، دەڵێ وەڵا نازانم، ئەوان کەریان لە قوڕ ناچەقێ، چونکە جادەکەی قیرەتاوە. کاتی خۆی باوکم ئەگەر زۆر عاجز بوایە بەدەست خزمەکانیەوە ئەیگوت:\"ئەو بەردی ئەخست فسە فس، چوار لە ئێمەی پاڵ ئەخس | ئێمە بەردمان ئەخست وڕە وڕ | لەبەر دەم ئەوا ئەچەقیە قوڕ\". حەکایەتی ئەم رۆژگارەی ئێمەش ئاوایە. یانی رۆژگاری ئێمە هەر بەرەو دواوە ئەگەڕێتەوە. بۆ نموونە ئەمانەوێ وات خاوێن بکەینەوە، سەتلە زبڵ دائەنێین ئەڵێی رۆح بەشەرە، پاک و خاوێن، یەک ساڵ چاوت بە عەشیا ناکەوێ تێیدا، کەچی سەر ئەو شەقام و بازاڕە بە شۆفڵ و تراکتۆر زبڵ و پیسی کەوتوە و پاکی ئەکەنەوە، داخەکەم ئەو کەسەش کە پاک و خاوێنی ناو شار ئەکات لە حەیوان پیستر چاوی لێ ئەکەن. چ بکەین، وێرانین، تەختە گاز بەرەو دواوە لێێ ئەخوڕین. ئێمە دەبێ خۆمان وەک گوێز ساق بکەینەوە. یان بە تەواوەتی هەڵبدەین لە داهاتوو و یەکسەر خۆمان و کۆمەڵگاکەمان تێک بدەین، یان هەنگاوێک هەڵبێنین بۆ ئەوەی کرانەوەیە، یان هیچ نەبێت هەوڵێک بۆ چاک کردنی وەزعەکە بدەین. یان دەستی لێ نەدەین با خراپ نەبێ. ئەگەر بێدەنگیش بین، بە دڵنیاییەوە بێدەنگی یانی هیچ. لە بێدەنگی دا \"هیچ\" لە دایک ئەبێت. بەقەولی باوکم هەر \"باشە\" ئەخۆین. کاتی خۆی گوێرەکەیەکمان هەبوو، باوکم هەموو ئێوارەیەک ئەیگوت رۆڵە ئاڵف و ئاوی پێ بدەن با نەتۆپێ. خوشکەکانم ئەیانگوت باشە\". ماوەیەکی بەسەر چوو، ئێواریەک هەر زۆر ئەیباڕاند، باوکم وتی رۆڵە ئەوە چیەتی، خوشکم گوتی هیچ نیە، وتی: تەڵاقم کەوتبێ هەر \"باشە\"ی خواردوە بۆیە. ئێمەی کوردیش لە لایەن دۆست و دوژمنەوە هەر \"باشە\"مان دەرخوارد ئەدەن و سەرمان داخستوە بەشکم لە ڕێی خوا، لە ڕێی کابل مەریوان یان پیر وێنس هەنجیران، یان کاکەئەحمەو سلێمانی یان بۆ خاتر شێخەکان تەڕاتەوەن کەمێ ئەوەندەی دەمی پێ تەڕ کەین مافمان پێ بدەن\". هاتوو و زوو چوو دەورانی ئێمە، تەنیا وێرانەیەک جێ ئەمێنێ و داهاتووش بە \"...\" یانەوە.

رۆژێ خه‌ریکی کێشه‌ کردن بووین، کێشه‌ی گه‌نم بوو، بای ئه‌هات و گه‌نم و پووش و پڵاشی گێژ ئه‌دا و نه‌یئه‌هێشت کاره‌که‌مان به‌ره‌وه‌ پێش بچێ، کاکم بڕستی لێ بڕابوو، تاقه‌تی نه‌ماو چه‌ن جنێوێکی حه‌واڵه‌ی خوا کرد .... باوکم جگه‌ره‌که‌ی به‌ ده‌مه‌وه‌ بوو ... زۆۆر له‌سه‌ره‌خۆ گووتی خوا نه‌، رۆڵه‌ پێغه‌مه‌ر پێغه‌مه‌ر ... خوا ته‌نیا باڵه‌.

حەز ئەکەم هەر لێرەوە راست بڕۆمە سەر باسی جیاوازی باوکی من کە موسوڵمان بوو و ئیسلامی سیاسی بکەم:
باوکم چاوەرێ بوو رۆژێ لە رۆژان سەر بنێتەوە و بە ئیمانەوە بڕواتە ژێر خۆڵ و لەو دنیادا خودا زۆر گەورەیە و دەسەڵاتی بەسەر بەڕ و بەحردا ئەشکێت و خاوەنی سەماواتە و تەنیا ئەو دەتوانێ تەنافی بۆ هەڵواسێ و دادگایی بکات و حەشری بکات..

کەچی ئیسلامی سیاسی یان بەقەولی مامۆستا هەژار، رەشە موسوڵمان، پێی وایە خودا لە مەترسیدایە و دەبێ فریای بکەون ئەگینا نامێنێت و بێ ئەقڵێ بڵاو ئەبێتەوە و گەر کەسێک رەخنە بگرێ، یان پۆشتە و پەرداخ بێت، یان ئەهلی هونەر بێت، یان شاعیر بێت، یان بە کورتی وەک خەیام گوتی باوەڕێ وابێ \"کە خۆی دایناوە هەڵە و سەرپێچم، سووتانی جەهەنمی بۆچی دانا\" دەبێ ملی لە لاشە بکەنرێتەوە و پەلکێشی بکەیت و بەربارانی بکەیت و خوێنی حەڵال بکەیت و حەی یا عەلە سەلا جیهادی لە دژ رابگەیەنیت.

هەر ئەوکاتیش باوکم سڵاواتێکی بۆ ئەوانە ئەنارد کە پێیان وابوو نەورۆز حەرامە و مەڵۆیەک ریشیان ئەهێشتەوە و دەیانگوت ئەو زوڕناو دەهۆڵەی نەورۆز و ئەو هەڵپەڕکێیە نیشانەی ئاخیر زەمانە... دەجا سڵاواتەکە بمێنێ بۆ ئەوانەی کە خۆم ئەزانم.

که‌ فامم کرده‌وه‌، شارم بینی. شار و کۆڵانی درێژ و نه‌بڕاوه‌، خه‌ڵکی جۆراو جۆر. له‌ کرێکار و بازاڕی، دوکاندار، به‌تاڵچی و ماتۆڕسوار و ده‌لاک و سه‌وزی فرۆش، شاتر و عه‌ره‌بانه‌چی، عه‌تر و بۆیاخی ژنانه‌، کراس و پارچه‌ فرۆش. وه‌ک شانه‌ مێرووله‌ به‌یانیان ده‌ئاڵۆزا و ئێواران له‌ پڕێکا شه‌قامێکی چۆڵ و هۆڵ بووزی پیوه‌ ئه‌کردی. دواتر ئەم وشانەشی پێ زیاد بوو، وەک دێموکراسی و سیاسەت و بازرگانی، حزب و رێکخراو و دەوڵەت و ئایدۆلۆژی و هەموو ئەمانە. تازه‌ ئاواره‌ ببووین بۆ ئاوایی \"نێ\"، من مناڵ بووم، ده‌وڵه‌ت هه‌ندێک خه‌ساراتی ده‌دا به‌ خه‌ڵکی سه‌ر سنوور که‌ پێیان ده‌گوت \"جنگ زده‌\"، به‌لام خه‌ڵکی لای خۆمان باش نه‌یان ده‌زانی ده‌ری ببرن، ده‌یانگوت جه‌نزه‌رده‌ ئه‌ده‌ن. باوکم چوو بۆ قه‌لا ـ خه‌ڵکی ده‌ورووبه‌ر به‌ مه‌ریوان ده‌لێن قه‌لا ـ له‌وێ ره‌شتییه‌که‌ی سه‌ری پر کردبوو له‌ په‌نجاتمه‌نی و سه‌دتمه‌نه‌ی، بیرم دێ بیستمه‌نی و ده‌ تمه‌نیشی تێدا بوو، کاکم گوتی به‌ باوکم برۆ زه‌وی و ماڵی بکره‌ له‌ قه‌لا، باوکم له‌سه‌ر پشتییه‌کان دانیشتبوو و شانێکی هه‌ڵده‌ته‌کاند و ده‌یگوت \"ئم،،، بچین بۆ شار با ئیوه‌ ده‌ڵه‌ بن، کاکه‌ هه‌ی هاوار ئێمه‌ شارمان پیوه‌ نایه‌ت\".... راستیەکەی ئەوەیە ئێمەی کوردیش، دێموکراسیمان پێوە نایەت. پێناسەی وا ئەکەن لە دێموکراسی، عەیبە قەسەم خۆم لە هیچ فەرهەنگێکدا نیە.

حزبی وا سەر هەڵئەدات خۆیان بە نوێنەری ناسیونالیزمی کورد ئەزانن، کەچی لە فەیسبوک نایەنەدەرەوە، دواتر ئاشکرا ئەبێ، ئەمە بابە هەزار ناوی هەیە لە فەیسبووک. یان حزبی وامان هەیە، قەناعەت ناکەن بە یەک، لەت و کوت ئەبن، دواییش لە \"کارل پۆپەر\" جوانتر پێناسەی دێموکراسی ئەکەن. حزبی واشمان هەیە، میراتگرێکی تەواوە و هەموو رۆژە میراتەکەی ئەباتە مەزاتخانە و هەڕاجی ئەکات و نافرۆشرێ. حزبی واشمان هەیە، ئەڵێ خوا یەکە و نابێتە دوو. هی واشمان هەیە ئێوارە خەوتن بە پێخەفی کۆمۆنیستی و بەیانیش هەستان بە پاڵتۆی ناسیونالیزمەوە. ئیتر با لێی گەڕێین کە زۆرجار ئەکەونە تەوەهومێکی زۆر سەیر، کە هەندێکیان خۆیان پێ \"ناپلئۆن\"ە و هەندێکی دیش، حەز ئەکەن جەنگی ستارەگان وەڕێ بخەن. جارێ کە داعش هاتوە هەر باسی نەکەین، چون ئەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ئەشکەوت و هەریەکەو بە خەنجێرێک و تیروکەوانێک بدەین بە شاخا و ئەگەر وەرزێ یان ساڵێک کەسێک پەیدابێ و ناوی خۆی بنێت \"جۆمۆنگ\" و بەرزاییەکانی حەمرین و هەگمەتانە و ئاراراتمان بۆ بگەڕێنێتەوە. جارێ من خەریکم ئەتەقم، لەسەر داعش هەموویان رێک کەوتون، کەچی لەسەر ئەوەی کە پێکەوەبن و پێکەوەبژین و پێکەوە وڵات بەڕێوەبەرن یان نا .. پێکەوە خەبات بکەن، رێک ناکەون و هەزار رێگا و هەزار کۆبوونەوە و هەزار بەیاننامە و درۆ و دەلەسە دەهێننەوە. ئیتر با لێی گەڕێین. کێشەی گەورە، کێشی زۆری ئەوێت. بۆیە ئەبێ، وەک رەشمار کاژێک، فڕە بدەین و خۆمان تازە بکەینەوە. قسە زۆرە و مشتو مڕ لەسەر دوانیش زۆرە.

ئێمەی کوردیش، تا سالێ تر به‌ ته‌مایه‌ر خواین، وه‌ک شێتێکمان هه‌بوو له‌ ئاوایی نێ، پێیان ده‌گووت که‌ریم کابان، ده‌مگوت کابانه‌ دنیا که‌ی ته‌واو ده‌بێ، ده‌یگوت به‌ ته‌مای خوا بین هه‌ر ته‌واو نابێ، ده‌بێ خۆمان گوی تێکه‌ین و خۆل که‌ین به‌سه‌ریا ئاوا ته‌واو ده‌بێ. بەقەولی \"ئانتۆنی نیۆلی: دنیا راگرن، ئەمەوێ دابەزم\".

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لەمەڕ ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە.