تێڕوانینێکی کورت لەمەڕ دۆخی كورد و دوژمنەكانی

14:09 - 15 گەلاوێژ 2712
Unknown Author
ئەحمەد مەكڵاوەیی
دەزگا جاسووسیەكانی ساواكی دوێنێ، میت، واواك ‌ـ ی ئەمڕۆ، و ئستیخباراتیەكان، لە داپڵۆسینی مەسەلەی كورد دا هەمیشە یەكن.

كە دەڕوانینە رابردووی نەتەوەكەمان، بە درێژایی مێژووی كورد زۆر بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هەن كە دەزگا جاسووسیەكانی حكوومەتەكانی حاكم بە سەر وڵاتانی ئێران و عێراق و توركیە و سووریەدا كە زۆرەملانە و نابەجێ وڵاتی كوردانیان یان باشتر بڵێم كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە.

سەبارەت بە داپڵۆسینی كورد و تواندنەوەی نەتەوەی كورد و ریشەكێش كردنی ئەو نەتەوە ئاشتیخوازە، هەمیشە یەك هەڵوێست بوون و هەن و سەبارەت بە چارەسەریی مەسەلەی كورد هیچ جیاوازییەكیان نیە و هاوڕازن.

چەند ڕۆژ پێش لە‌ دێرسیم توركەكان وەك زریانی كەڕ كردیانە با و بۆران و گێژەڵووكە و لە ژن و منداڵی كوردیان دا و لە بەحری مەرگیان كردن كە ئێستاش كە ئێستایە تەرمە خاو و شلكەكانیان نەدۆزرانەوە و گۆشت و ئێسكیان بوون بە خۆراكی گیانلەبەرە دەریاییەكان. با دوژمن بزانێ رۆحی ئەوانە نەمردووە و زیندوویە و دەنگی هاوار هاواری ئەوكاتیان لە چنگ دوژمن ئێستا لە جەوی ئاسمانی نیشتمانەكەمان كوردستانی خۆشەویستدا دەگەڕێ و بۆ تۆڵە ئەستاندنەوەیان نەرم نەرم بانگ لە نەوەكانی ئێستا و دواتر دەكەن وەك هەورەتریشقەش بەسەر دوژمندا لە چەخماغە دەدەن و دەشریقێن و زەندەقیان بردووە.

هەر لەو كاتانەدا بوو كە لە قەڵای دمدم سێدارەی سەحرایی و بێدادی بۆ كوردان هەڵدەدرا و بە پۆل بەرەو مەرگی نابەوەخت دەنێردران. هەر لەو هاوبیرە تەسك و جاندارمە و ژاندارمە دڵڕەشانە بوون كە پیلانی لەناوبردنی شۆڕش و حكوومەتی میری رەواندزیان داڕشت و بە وەبەرنانی سەولەیەك بۆ مەلای خەتی چییان لەو شۆڕشە پڕ شكۆیە كرد.

لە هەمووی ئەو سەردەمانەدا لێرە و لەوێ‌، لەودیو و ئەمدیو و بە سەدان و بگرە بە هەزاران كەسیان لە خەڵكی كورد خەڵتانی خۆین كرد. پێرێ لە جنووبی رۆژهەڵاتی كوردستان ، لە كانیسانان دەستیان لە جەرگی دایكی كوڕە كوردان نا و نێزەیان لە رۆحی باوك و كوڕانی نیشتمانپەروەری كورد دا و زرێباریان گریاند.

لەو كاتانەدا بوو كە دوژمنان لە سلێمانی و مەهاباد و بارزان و نەهری و زۆری شار و گوندی دیكەی كوردستان دەستووری راویان بۆ رێبەر و شۆڕشگێڕانی كورد دا و زۆر ناجوامێرانە لە چوار لاوە راویان دابەشی و زۆریان كردنە نێچیری فكری دژ بە كوردیان و خوێنیان مژین.

دوێنێ لە هەڵەبجە و سەردەشت و قامیشلوو و دیاربەكر و مووش و بتلیس و كەركووك و هەولێر و سلیمانی و قەڵادزێ و دۆڵی باڵیسان و زۆری تر ئاگریان لە جەستەی منداڵێ سەر لانكەی كوردان بەردا و ژن و منداڵ و پیر و جوانیان پێكەوە سووتاند و كردیانە (شەلم كوێرم نا پارێزم).

ئێستا ئەمڕۆ لە هەموو كۆڵان و شەقامەكانی شار و گوندەكانی كوردستاندا بەگشتی دەزگا جاسووسیەكانی میت، واواك، و ئسیتیخباراتیەكانی حكوومەتەكانی سووریە و توركیە، بە دانی دەیان و سەدان و هەزاران ئیمتیازی ناڕەوا و بێجێ بە خائینان و لە رێگای ترەوە بەر بوونە گیانی خەڵكی كوردستان و دونیای ساحیب دەسەڵاتیش وەك پێویست دەنگی لێوە نایەت و لەبەرچاوی ئەفكاری ئاشتیخوازی دونیا بە تانك و تۆپ و تەیارە و ئیدی لە ئاسمان و زەوییەوە بەربوونە گیانی تاكەكانی كورد و خەریكی قڕكردنی نەتەوەی كوردن.

هاونیشتمانانی خۆشەویست لێرە دایە كە پێویستە زیاتر لە رابردوومان ورد بینەوە و كەمێك وردتر هەڵسەنگاندن لەسەر وەزعی ئێستای نەتەوەكەمان بكەین و وەزعییەتی ئێستای باشوور و رۆژ ئاوای كوردستانمان بخەینە بەرچاوی خۆمان كە چۆن لە هەر چوار لاوە بە نهێنی و ئاشكرا خەریكی گەمارۆ دان وو دەیانهەوێ دەسكەوتەكانی نەتەوەكەمان بە تاڵان بەرن.

ئەمڕۆ پێویستە كە هەموو تاكەكانی نەتەوەی كورد بەگشتی لە كوردستان و لە هەندەرانیش بۆ پێشگیری لە وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجی دوژمنانی كورد بكەونە خۆ و لە هەر رێگایەكی گونجاوەوە پیلانەكانی دوژمنان لەقاو بدەن و لە راست پیلانی دوژمنانی كورد و كوردستان ببنە فیدایی كوردستان. ئەمڕۆ دەبینین كە دوژمنانی گەلی كورد بە تەواوی خەریكی ئاڵۆز كردنی وەزعەكەن و پیلان دەگیرن. لەلایەك ئێران هەڕەشە دەكات و لەلایەكی ترەوە توركیە بەرنامە بۆ مەسەلەی كوردی سووریە دادەڕێژی و راستەوخۆ دەستێوەردان لە كاروباری كوردەكاندا دەكەن و لەلایەك عێراق هێز بەرەو سنوورە دەسكردەكانی باشوور و رۆژئاوای كوردستان رەوانە دەكات و دەیهەوێت بە یەك تیر دوو نیشانە بپێكێ‌ و لەلایەك دڵی ئێران رازی بكات و لەلایەكی ترەوە نەهێڵێ رۆڵەكانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بە مافی ئینسانیی خۆیان بگەن نەوەكوو لە دوا رۆژدا ببنە پشتیوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە دوژمنان توورەكەی لەناوبردنیان بو دوریوە.

من وەك خۆم پێم وایە ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو كاتێك كورد پێویستی بە یەكگرتنە و پێویستە بەرامبەر بە رووداوەكانی گشت كوردستان و ناوچەكە بێخەم نەبین و دەرفەتە كە نەهێڵین چیتر دوژمنان كەڵكی خراب لە دەرفەتە ەخساوەكان وەربگرێت و ئەمجارە نۆرەی كوردە كە بەتەواوی لە رووداوەكانی ناوچەدا بە قازانجی مەسەلەی كورد نەخشی هەبێت و لە هەموو بەشەكانی كوردستاندا پشتیوانی لە یەكتر بكەن كە پشتیوانی لە یەكتر كردن زامنی سەركەوتنی زیاترە لە مەسەلەی كورددا و یەكگرتنمان زیاتر لە گەیشتنی یەكجاری بە مەسەلەی نەتەوەكەمان كە ئازادی و سەربەستیە نیزیكترمان دەكات.