تێبینییەک لەسەر سەربەخۆ بوون یان نەبوونی کۆماری کوردستان (لە پەراوێزی وتاری بەڕێزان ئەیوب ئەیوبزادە و حەسەن ئەیوبزادە)

19:34 - 7 سەرماوەز 2712
Unknown Author
جەمیل کولاهی

هەر نەتەوەیەک بۆ ناسینی رابردوو و هەروەها ریشە و رەچەڵەکی خۆی پێویستی بە مێژوویە. مێژوو هەروەک گوتوویانە، رێ پیشاندەری داهاتوویە. ئەمە بەو مانایەیە کە هەموو بەسەرهات و نوختە گۆڕانەکان و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی رابردووی نەتەوەیەک لە مێژوودا تۆمار دەکرێن. هەر بۆیە بۆ ئەوەی کە نەوەکانی داهاتوو بتوانن کەڵکی باشی لێ وەرگرن، دەبێ بە ئەمانەتداریی تەواوەوە بنووسرێتەوە، واتە بەو جۆرەی کە هەیە و رووی داوە بۆ نەوەکانی داهاتوو باس بکرێ، نەک ئەوەی کە ئەگەر بڕگەیەکی بە دڵی نووسەر نەبوو چاو پۆشی لێ بکرێ، یان بەلاڕیدا بڕوات و برگەکانی دیکە کە لەگەڵ ئاوات و ئارەزووەکانی نووسەر دێنەوە، بە زەقی باس بکرێن و تەنانەت تێکەڵ بە خۆلیا و ئاواتەکانی نووسەر بکرێن.

تا ئێستا چەند وتاری مێژووییم لە نووسینی هێندێ نووسەری کوردی رۆژهەڵات خوێندۆتەوە کە لەسەر کۆماری کوردستان و حیزبی دامەزرێنەری کۆمار واتە حیزبی دیمۆکرات بووە. لەو وتارانەدا رێبەرانی دوای کۆماری کوردستان، بەتایبەتی شەهیدی نەمر دوکتۆر قاسملوو، بەوە تاوانبار دەکرێن کەلە دروشمی کۆمار کە سەربەخۆیی بووە، لایان داوە و ئامانجی بزوتنەوەی کوردی رۆژهەڵاتیان لە سەربەخۆیی هێناوەتە ئاستی خودموختاری.

بۆ چوونە سەر ئەم باسە لەوێوە دەست پێدەکەم کە ئایا کۆماری کوردستان حکوومەتێکی سەربەخۆ بووە یان نا، بۆ پەرژانە سەر ئەو باسەش، دوو لەو وتارانە کە لەوبارەوە نووسراون هەڵدەبژێرم و باسیان لەسەر دەکەم. ئەو دوو وتارە کە ئاماژەیان بە کۆماری کوردستان و حیزبی دیمۆکرات و دروشمی ئەو حیزبە و کۆمار کردووە بریین لە یەکەم، وتاری مامۆستا ئەیووب ئەیووبزادە لە ژێر سەردێڕی \"مێژووی ستراتیژییه‌کی شکست خواردوو\" کەلە پەراوێزی رێککەوتننامەی حدکا و کۆمەڵدا نووسراوە و دووەمین وتار لەژێر سەر دێڕی \"تەزویری بەیاننامەی دامەزراندنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان\"ە کە مامۆستا حەسەن ئەیووبزادە نووسیویە.

لەم وتارانەدا کۆنگرەی سێیەم بووەتە خاڵی لادان لە رێبازی کۆماری کوردستان و تەنانەت مامۆستا حەسەن ئیددیعا دەکا کە خودموختاری پێشنیاری ئیرەج ئەسکەندەری سکرتێری حیزبی توودەی ئێران بە دوکتۆر قاسملوو بووە و \"مامۆستا ئەیووب\"یش بەبێ هێنانی ناوی دوکتۆر قاسملوو پێداگریی لەسەر ئەو وتەیە دەکاتەوە. هەر دووی ئەو بەڕێزانە رایان وایە کەلە کۆنگرەی سێیەمەوە ئێرانچییەتی بۆتە ناسنامەی حیزبی دێمۆکرات و لە ئامانجی سەرەتایی خۆی دوور کەوتۆتەوە. لێرەدا چەند بەشی کورت لە وتارەکەی کاک حەسەن ئەیووبزادە دێنمەوە؛ \"ئەو حیزب و سازمانانەی کە دوای رووخانی کۆماری کوردستان پێک هاتوون و ئێرانیگەریی و خودموختاریخوازییان لە بەرنامەکانیاندا گونجاندووە، خوازایاری ئامانجەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد نەبوون. بەرنامەی ئەو حیزبانەی کە دوای رووخانی کۆماری کوردستان نووسراون، نوسخەی دووەمی بەرنامەی فیرقەی دێمۆکراتی ئازەربایجان بوون.

رژیمی پاشایەتیی بەپێچەوانەی رێبەرانی فیرقە و حیزبی تودە واقعی‌تر، بەڵام بە زمانێکی تژی لە قین لە رووداوەکان دواوە و نەیشاردووەتەوە کە رێبەرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، کۆماری کوردستانی سەربەخۆیان راگەیاندووە و بەو تاوانە رێبەرانی ئەو کۆمارەیان ئێعدام کردووە. بڕوانە! \"اعلامیە نیروی ستاد کوردستان\" بە ئیمزای سەرلشکر همایونی\"سەرچاوە رۆژنامەی \"کوردستان\" ژمارە ٧٤ رەشەمەی ساڵی ١٣٥٩ – خاکەلێوەی ١٣٦٠ لە ئاخری لاپەڕەی ئەم نووسراوەیەدا وێنەکەی دانراوە.

دروشمی خود موختاریخوازیی حدک لە ١٩٧١-١٩٧٣ وە بە پێشنیاری ایرج اسکندری، سکرتێری حیزبی تودەی ئێران بە د. قاسملوو و پێشنیاری کردنی بە بەشدارانی کۆنفرانسی سێیەمی حدک لە ١٩٧١ و کۆنگرەی سێیەمی حدک لە ١٩٧٣ پەسند کرا.\"

بەڕێز \"ئەیووب ئەیوبزادە\"ش لە دووتوێی وتارەکەیدا بە هەمان شێوە ئاماژە بەوە دەکا کە رێبەرانی حیزبی دێمۆکرات لەژێر کارتێکەریی حیزبی توودەدا لە دروشمی سەربەخۆیی کە دروشمی کۆمار بووە بۆ خودموختاری دابەزیون و لە کۆنگرەی سێیەمی حیزبەوە بەرەو ئەملا ئێرانچییەتی باڵی بەسەر حیزبدا کێشاوە و حدکا ئەوانەی وەک واقعبینی سیاسی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە. بۆ نموونە چاو لەو چوار پاراگرافەی خوارەوە بکە؛ \"یان ره‌نگه‌راستتر بێ بڵێین: ئه‌و رێبازه‌ی به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کورددا سه‌پێنرا، کۆتایی به‌و خەباتە مێژووییه ‌دوور و درێژه‌هێنا که‌بۆ رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان کرابوو. تا ئه‌وکاته‌ی بزووتنه‌وه‌کانی کورد له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌\"کلاسیک\"ەکانی کورده‌وه‌ رێبه‌رایه‌تی ده‌کران، هه‌موو راپه‌ڕینه‌کانی کورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و خۆ جیاکردنه‌وه‌ له‌ دەوڵەتی داگیرکه‌ری تاران بوو. شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری،سمکۆی شکاک و پێشه‌وا قازی محەمەد له‌ریزی ئه‌و سه‌رکرده‌ کلاسیکانه،‌دێنه‌ ئه‌ژمار.

ئه‌م که‌ش و هه‌وایه‌وه‌ک بیر و روانینێکی سیاسی تا کۆنگره‌ی سێهه‌می حیزبی دێمۆکراتی کوردستان درێژه‌ی هه‌بووه‌. به‌ڵام ئه‌م رێبازه‌ فیکری و سیاسییه‌ ئه‌گه‌ر تا ئێره‌ به ‌شیوه‌یه‌کی نه‌نووسراو و گه‌ڵاڵه‌نه‌کراو باڵی به‌سه‌ر بیری زۆربه‌ی ئەندامانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستاندا کێشابوو، به‌پێکهێنانی کۆنگره‌ی سێیه‌می ئه‌و حیزبه‌ ده‌رفه‌تی به‌یاسایی کردن و تیۆریزه‌ کردنیشی بۆ ره‌خسا.

هه‌موو ئەو که‌ره‌سه‌ و ماتڕیاڵانەی که‌له‌و کۆنگرەیەدا بۆ ساخکردنه‌وه‌ی حیزبی دێمۆکرات به‌کارهێنرا، هاورده‌یەک بوون کەلە دەزگای فکریی و سیاسیی حیزبی توودەی ئێران بەرهەم هاتبوون. لێره‌وه‌ ئیتر ئه‌رکی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ خرایه‌ ئه‌ستۆی بزووتنه‌وه‌ی کورد.‌

به‌ڵام ستراتیژیی به ‌ئێرانی کردنی دۆزی کورد و ‌هه‌وڵدان بۆ دێمۆکراتیزه ‌کردنی ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ئێران هه‌ر به‌وه‌نده‌ کۆتایی پێنه‌هات. پێ به‌پێی سه‌پاندنی ئه‌م ستراتیژییه‌، ده‌سکه‌وتی هه‌ره‌گه‌وره‌ی مێژووی هاوچه‌رخی کوردیش تووشی ده‌سکاری، ده‌ستێوه‌ردان، شێواندن و لێڵ کردن هات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تا توانرا نکۆڵی له‌ سه‌ربه‌خۆبوونی کۆماری کوردستان کرا و \"ژێکاف\"به‌ناسیۆنالیزمی به‌رچاوته‌نگ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درا و ته‌نانه‌ت به‌ناڕه‌وا بۆ هه‌ره‌سی کۆماریش ده‌سته‌واژه‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و ئاشبه‌تاڵ بۆ که‌سایه‌تیی پێشه‌وا به‌کارهێنرا.\"

هەر وەک بینیمان کاکڵەی باسی ئەم دوو وتارە کۆماری کوردستانە و گوایا حیزبی دێمۆکرات لە کۆنگرەی سێیەمەوە لەو رێبازە لای داوە و تەنانەت بە دەستێوەرادنی حیزبی توودەی ئێران دروشمی کۆمار گۆڕدراوە. بەڵام بەپێی هەموو بەڵگەکان هیچ کەس ناتوانێ ئەو ئیددیعایە بکات کە کۆماری کوردستان سەربەخۆ بووە.

سەربەخۆیی پێناسەی خۆی هەیە، مرۆڤ بە دڵخوازی خۆی ناتوانێ رووداوە مێژووییەکان بگۆڕی و حاشا لە بەڵگەکان بکات. دیارە هەر کوردێکی نیشتمان پەروەر بە دڵەوە حەز دەکا کە خاونی وڵاتێکی سەربەخۆ بێ و چیدیکە داگیرکەر نەتوانێ مافەکانی پێشێل بکا. بەڵام ئەوە ناتوانێ ببێتە بنەما بۆ گۆڕینی راستییە میژووییەکان.

مامۆستا حەسەن ئەیوبزادە لە وتارەکەێدا بۆ سەلماندنی سەربەخۆیی کۆمار، ئاماژە بە وتاری شەهید پێشەوا دەکا، کە دەڵێ \"میللەتی کورد هەزاران بەرهەڵستی سەخت و سەهەندەی لە ری دابدەستەو دایرەی دیکتاتوری بی وچان کارشکینی ایمەیان دەکرد و لە هیچ نامردیک رانەدەوەستان اختلافات عشایری و داخلیش ئشکالی کی گورە بو بوایمە اما ئەوانە هیچکامی نەیان توانی پێش بە ایمە بگرن بە دلیکی بەهیز پایداریمان کردو ادامەمان بە فعالیتی خوماندا تا استقلال و آزادی نەتەوەی کوردمان بدست هینا.\"

مامۆستا حەسەن هەر لەو وتارەیدا ئاماژە بە بەڵگەیەکیتر دەکا، کە وێنەی بەشێکی لێرەدا هاتووە.

\"9908.jpg\"
لەم بەڵگەیەدا کە بە بەڵگە بۆ سەلماندنی سەربەخۆیی کوردستان ئاماژەی پێ کراوە، چەندین شت هەی کە جێ تێ ڕامانن، شەهید سەدری قازی نوێنەری شاری مەهاباد بوو، لە لایەکەوە دەڵێ \"دولت خودمختار کردستان\" یان \"کوردستان آزاد\" لە لایەکی دیکەوە رێبەرانی ئەو کۆمارە بە \"تجزیە قمستی از ایران\" تاوانبار دەکا!

لێرەدا چەند پرسیار دێتە ئاڕاوە؛ ئەو حکوومەتە چۆن دەتوانێ هاوکات سەربەخۆ بێ و خەڵکەکەشی لە مەجلیسی میللی ئێراندا نوێنەریان هەبێ؟ مەگەر شەهید ئەبۆلقاسمی سەدری قازی نوێنەری خەڵکی مەهاباد لە مەجلیسی میللیی ئێراندا نەبوو؟ ئاخۆ خەڵکی وڵاتێک چۆن دەتوانن لە پارلەمانی وڵاتێکی دیکەدا نوێنەریان هەبێ؟ ئەگەر کۆماری کوردستان خودموختارە چۆن بە تاوانی سەربەخۆ خوازی رێبەرانی کۆمار لە سێدارە دەدرێن؟ ئایا سەربەخۆیی خوازی ئەو تاوانە نییە کە حکومەتی پەهلەوی دەیخاتە پاڵ شەهید پێشەوا بۆ سەرکوتی؟ ئایا رێبەران و حیزب و رێکخراوەکانی ئێستای کورد سەربەخۆ خوازن کە هەموو ئۆپۆزیسیون و حکومەتی تارانیش پێیان دەڵێ جۆداییخواز؟ یان کەڵک وەرگرتن لە جوداییخوازی هەموار کردنی رێگایە بۆ سەرکوت؟

ئەو وتەیەی شەهید پێشەوا کە دەڵێ \"استقلال و آزادی کوردمان بدست هینا\" ناتوانرێ بکرێتە بنەما بۆ ئەوە کە بڵی کۆماری کوردستان سەربەخۆ بووە و هەموو ئەو نامیلکە و بەرنامانەی دوایی حیزب و رێکخراوەکان لە سەر سەربەخۆ نەبوونی کۆمار تەزویرن. چونکە فاکتگەلێکی حاشا هەڵنەگری دیکە هەن کە سەربەخۆیی کۆمار رەت دەکەنەوە.

بوونی نوێنەری مەهاباد لە مەجلیسی میللی ئێراندا نیشانەیە بۆ ئەوە کە کۆماری کوردستان سەربەخۆ نەبووە، بەڵکو کۆمارێکی خودمۆختار بووە لە چوارچێوەی سنووری ئێراندا. سەفەرەکانی شەهید پێشەوا بۆ تاران وتوێژی لە گەڵ قەوامولسەڵتەنە سەرۆک وزیری ئێران و رەزم ئاڕا سەرۆکی ستادی ئەرتەشی ئێران لە سەر مافی کورد، نیشانەی ئەو راستییەن، کە شەهید پێشەوا خەباتی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە چوارچێوەی سنووری ئێراندا کردووە.

وتوێژ لە گەڵ سەرۆک وزیر و سەرۆکی ئەرتەش ئەویش لە تاران، لە سەر چۆنییەتی جیا بوونەوە و سەربەخۆیی کوردستان نیە، بەڵکو وەرگرتنی ئیمتیازی زۆرترە بۆ کورد و هەموار کردنی رێگەی بە فەرمی ناسینی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی خاکی ئێراندا. سەربەخۆیی پێویستی بە وتووێژ لە گەڵ سەرۆکی ئەرتەش و سەرۆک وەزیر لە تاراندا نیە و ئەوانیش شۆڤێنیستتر و دیکتاتورتر لەوە بوون کە رێبەرێکی کورد بتوانێ باسی سەربەخۆیی کوردستانیان لە تاراندا لە گەڵدا بکات.

شەهید پێشەوا ئەگەر بۆ سەربەخۆیی کوردستان خەباتی بکردایا، هێرشی دەکردە سەر ئەرتەشی شا لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، کوردستانی رزگار دەکرد و سەربەخۆیی رادەگەیاند. بەڵام شەهید پێشەوا بۆ نە تەنیا ئەو کارەی نەکرد، بەڵکو لە گەڵ رژیمی شا کەوتە وتوێژەوە؟ چونکە ئەو باوەڕی بە چارەسەری کێشەی کورد لە چوارچێوەی سنووری ئێراندا هەبوو و پێوابوو بە وتووێژ دەتوانێ کێشەی کورد چارەسەر بکا. بەڵام بە داخەوە وەک رابردوو دوژمن نیازێکی دیکەی لە وتووێژ هەبوو، ئەویش بەهێزتر کردن و رێکخستنی زیاتری خۆی و دۆزینەوەی خاڵە لاوازەکانی کورد بوو، نەک چارەسەی کێشەی کورد.

تەنیا لە یەک کاتدا دەتوانین بڵین ئەو وتووێژانەی شەهید پێشەوا لە تاران بۆ سەربەخۆیی بووە، ئەویش ئەو کاتەیە کە کۆماری کوردستان لە باری هێزی سەربازییەوە لە حکوومەتی تاران بەهێزتر بووبێ و ئەوەندە قورسایی بووبێ کە حکومەتی تارانی هێنابێتە سەر مێزی وتووێژ لە سەر سەربەخۆیی کوردستان. کە ئەم گریمانەیەش لە گەڵ راستییەکانی دواتر، کە مەهاباد پێتەختی کۆمار، بە بێ تەقە لە لایەن ئەرتەشی شاوە داگیر کرایەوە و شەهید پێشەوا چووە پێشوازی ئەرتەشەوە ناگونجێ. کاتێک کۆماری کوردستان لە باری نیزامییەوە زۆر لە حکوومەتی تاران لاوازترە، سەرۆک کۆمارەکەی ناتوانێ لە تاران باس لە سەربەخۆیی کوردستان بکا، چونکە بە هیچ شێوەیەک خاونی ئەو هێزە نەبووە کە رژیمی شا پەلکێشی ئاوەها وتووێژێک بکا.

کۆماری کوردستان ئەگەرچی سەربەخۆ نەبووە، بەڵام لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا ئەوەندە دەسکەوتی هەبووە کە رەنگە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نەتوانێ لە دە ساڵدا بیبێ. ئەوە کە ئەو کۆمارە سەربەخۆ نەبووە هیچ لە گەورەیی ئەو کۆمارە کەم ناکاتەوە، چونکە ئەگەر هەر وا درێژەی هەبوایا، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەیتوانێ کیانێکی سەربەخۆ بۆ کورد دابمەزرێنێ. بەڵام هەڵە سیاسییەکان و واقعە سیاسییەکان، بوونە هۆی تێک روخانی ئەو کۆمارە ساوایە. بە هەڵە سەربەخۆ ناساندنی کۆمار و تاوانبار کردنی کەسایەتییەک وەک دۆکتور قاسملو بە لادان لە رێبازی کۆمار و دروشمەکانی کۆمار هیچ خزمەتێک بە جووڵانەوەی کورد ناکات و تەنیا مێژووی پڕ لە شانازی کورد دەشێوێنێ.

کەوابوو نە کۆماری کوردستان سەربەخۆ بووە نە حیزبی دیمۆکرات سەربەخۆ خواز تا دوایی بە وتەی ئەو بەڕێزانە لە کۆنگرەی سێهەمی حیزبەوە حدکا لە سەربەخۆۆیی خوازییەوە بۆ خۆدمۆختاری دابەزی بێ. ئەوە سرۆشتییە کە حیزبێک کە باوەڕی بە چارەسەری کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا هەبێ، لە گەڵ حیزبە ئێرانییەکانیتر وتووێژ بکا و هاوپەیمانی پێک بێنێ. (لیرەدا باسی من لە سەر چۆنییەتی ئەو هاوپەیمانییە نیە، چونکە منیش بۆخۆم رەخنەم لەسەر ئەو شێوە وتووێژ و هاوپەیمانەتییانە هەیە، بۆیە ئەوە بابەتێکی تێروتەسەلی دەوێ و لە چوارچێوەی ئەم وتارەدا ناگۆنجێ). بەڵام کاتێک دەتوانین هیوادار بە داهاتوویەکی باشتر بین کە رابردوەکەمان بە هەموو راستیەکانییەوە ببینین و قبوڵی بکەین، راستی ئەوەیە کە هیچ حیزبێکی ناسراو و جیددی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دامەزرانی کۆمارەوە تا ئەم کاتە خاوەنی دروشمی سەربەخۆیی نەبووە و لە کۆماری کوردستانەوە تا خەباتی دەیان ساڵەی حیزبەکان هیچکات باسی سەربەخۆیی کوردستان وەکوو بەرنامەی درێژخایەن لە بەرنامەو پەیڕەوی ئەو حیزبانەدا نەکراوە و هەوڵدان بۆ گۆڕینی راستییەکانی مێژوو بە دوورە لە واقیع بینی سیاسی و روانینی ئاگاهانە بۆ رابردوو کە دەتوانێ تیشک بخاتە سەر دۆخی ئێستاو چاکسازی ئەم دۆخە.