تیرۆریزمی تیزاب و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی

20:32 - 25 پووشپەڕ 2715
Unknown Author
ئاگری ئیسماعیل نژاد

شەوی ٢٣ێ لەسەر ٢٤/٤ سەعات لە نێوان سەعات ١١ هەتا ١ی ئەو شەو لە شەقامی کوردستان لە بۆکان هێرش دەکرێتە سەر چەند ژن و کچ و تیزابیان پێدا دەپرژێت و لە دەرنجامی ئەو هێرشەدا ٤ کەس بریندار دەبێت.

پرسیاری یەکەم ئەوەیە ئایا ئەو هێرش کردنە لە دەرئەنجامی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە هاتۆتە گۆرێ؟

بەوەی کە لە شەوێکدا و دەرهەق بە چەند کەسی جیا و لە چەند شوێنی جیالەیەک ئەو تاوانە کراوە ڕوونە کە ئەوە ئەو تاوانە دەرنجامی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نێوان دوو کەس نەبووە بەڵام بەو واتاییە نییە کە دەرنجامی کێشە گشتییەکانی نێو کۆمەڵگا نەبێت. وەکوو ئێستا دەبینین سێ لاوی تەمەن ٢٣ ساڵ وەکوو تاوانبار دەستبەسەرکراون و دانیان بەوەداهێناوە کە تاوانەکەیان کردووە؛ لاوەکان منداڵی گەرەکێکی هەژاری شارن و ڕووداوەکە لە گەرەکێکی دەوڵەمەندنشینی شار کراوە( مەرج نییە هەموو قوربانییەکان لە چینی دەوڵەمەند بن لێرە تەنیا جوگرافیا ئابووری شار لەبەر چاوە) و لە هەمان کاتدا سەرچاوە حکوومەتییەکان باسی ئەوەیان کردووە کە لاوەکان حەبی سەرخۆشکەریان خواردووە و لە کاتی تاوانەکەدا ئاگایان لە خۆیان نەبووە.

ئەگەر داینێن ئەوە ڕاستە و هیچ فێلێکی ئەمنی نەکراوە ئەوەش خۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە چەند لاوی تەمەن ٢٣ێ ساڵان مادەی سەرخۆشکەری بەکار هێناوە و خۆی بەکارهێنانی ئەو مادەیە و دەستکەوتن و بلاوبوونەوەی بەربڵاوی لە نێوکۆمەڵگادا هەمووی دەتوانێ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و ئەمنی بێت و دەرخەریکی قەیرانێکی کۆمەڵایەتی بێت. بەڵام ئەو لێکدانەوەیە لەگەڵ ئەوەی ڕاستە و هێرشی تیزاب کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە بەڵام دەرخەری هەموو ڕاستییەکان ئەو جۆرە تاوانە نییە.

ئەگەر قوڵتر بروانین ئێمە لەگەڵ دیارەدەیەکی کۆمەلایەتی بەروڕوین کە نەتەنیا توندوتیژی لە دژی بەشێک لە کۆمەڵگایە بەڵکوو توندوتیژی لە دژی رەگەزێک کۆمەڵگایە کە وەکوو رەگەزی لاواز پێناسە دەکرێت و لەگەڵ ئەوەش ئەو توندوتیژییە تەنیا ترساندنی کەسێکی تایبەت نییە بەڵكوو تۆقاندێکی بەرینی کۆمەڵایەتیشی بەدواوەیە.

توندوتیژییەکە دەرهەق بە ژن دەکرێت و ژن لە کۆمەڵگای ئێران و کوردستانی رۆژهەڵات وەکوو ڕەگەزی لاواز یان کەمدەسەڵات پێناسە دەکرێت و لە توندوتیژییەکەدا جوانی ژن دەکرێتە ئامانج و جۆری توندوتیژەیەکە و دەرهاویشتەکانی وا دەکات ترس و خۆفێکی زۆر لە کۆمەڵگادا بڵاوبێتەوە هەر بەو هۆکارەش لە ترسێکی تاکەکەسییوە دەگۆرێت بۆ ترسێکی کۆمەڵایەتی.

لەگەڵ ئەوەش لەبیرمان بێت ململانێ سیاسی، فکری و ئایینی لەسەر ژنان مافی ژنان و ژیانی تاکەکەسی ژنان و ژن و کۆمەڵگا هەیە
ئەگەر باس لە سەر سەرچاوەی توندوتیژی بکەین دەبێ بلین ململانێ سیاسی ،فکری و ئایینی وایکردووە کە توندوتیژیی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی‌نێوەراست بە گشتی و ئێران بە تایبەتی لە ئاستێکی یەکجار بەرز دابێت وەکوو ڕۆژانە دەبینین گروپە توندئاژۆ دینییەکان کێبەرکێیانە لەوەی کە جۆری توندوتیژی نوێ و ترسهێنەرتر دابێنن و لەو رێگەیەوە هەم پاشەکشە بە دوژمنان و بەرهەڵستکارانیان بکەن و هەمیش خۆیان بکەنە واقعی کۆمەڵگا و خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا داسەپێنن.

لێرەدا ئەگەر بمانەوێت ڕوونتر باسەکە بکەین ئێمە لەگەڵ چەند شت بەرەو ڕووین:

١: کێشەی کۆمەلایەتی کە دەرنجامی نادادپەروەری کۆمەڵایەتی هاتۆتە گۆری کەسانێک پێیان وایە کۆمەڵگا زولمی لێکردوون دەیانەوێت بە توندترین شێوە تۆلە لەو کۆمەڵگایە بکەنەوە ئەوان هەژارن و چین یان گەرەکی دەوڵەمەندی شار بە هێمای ئەو زوڵمە دەبێنێت لە بیرمان نەچێت لە فەرهەنگی کۆماری ئیسلامیدا دەوڵەمەند بوون بە شوورەی و بە نمادی زوڵم دادەندرێت. ئەوەش بە جۆرێک رەنگدانەوەی ئەو فەرهەنگە لە نێوکۆمەڵگا دایە.

٢:کێشە مادەی سرکەر و بەکار هێنانی ئەو مادەیە و بڵاوبوونەوەی بە شێویەکی بەرین و بەردەست بوونی لە هەموو شوێن و هەموو کاتێکدا بەراست کێیە لەوە بلاوبوونەوەیەدا بەرپرسە؟!

٣: کێشەی مافی ژن و هاووشانی و یەکسانی نێوان ژن و پیاو و کلتووری نێروەجاغی لەو فەرهەنگەدا جوانی ژن وەکوو ئامێرێک بۆ ژیانی پیاوبەکار دێت و نەبوونی ئەو جوانییە بەواتای بێ‌کەلکی ژنە لە کۆمەڵگادا چوون ژن لە کۆمەڵگای نێروەجاغیدا بەشێکە لە شتوومەکەکانی پیاو کە دەبێت لە خزمەت پیاودابێت.

٤: کێشەی فکری و سیاسی لەسەر مافی ژنان واتە کێشەی چۆنێتی تێفکرین لە مافی ژنان و ململانێی لایەنە سیاسی و ئایینییەکان لەسەر ئەو بابەتە و هەبوونی ڕوانگەیەکی حکوومەتی لەسەر ژن لەلایان کۆماری ئیسلامییەوە.

٥: کێشەی نەبوونی ئەمنییەتی تاک لە کۆمەڵگا دا ئێمە دەبینین کە بۆ ئەوەی ئەمنیەتی تاک لە کۆمەڵگادا تێکچێت هەر ئەوەندە پێویستە کە چەند کەسێک حەبێکی سەرخۆشکەر بخۆن کە حەبەکەش زۆر بەردەستە و هەرزان چنگ دەکەوێت و ئەو کات بێ هیچ بەربەستێک دەتوانن وەربنە ژیانی خەڵک و ژیانییان تێکدەن.

٦: کێشەی ڕوابوونی توندوتیژی واتە کۆمەڵگای ئێمە لە ژیانی رۆژانەیدا هێندە توندوتیژی دەبینێت و ژیانی رۆژانە هێندە ئاوێتەی توندوتیژی بووە کە هەم هێڵە سوورەکانی توندوتیژی چۆتە سەرێ و هەم دەرفەتی توندوتیژی لە دەرفەتی پێکەوەژیان و پێکەوە هەلکردن زیاتر بووە.

ئەگەر شۆربینەوە نێو ئەو کێشانە و نەمانەوێت خۆمانی لێنەبان بکەین ڕوونە کە کۆماری ئیسلامی وەکوو دەسەڵاتداری ئێران لە هەموو ئەو کێشەنەدا دەستی هەیە لە دوو ڕووە یا ڕاستەخۆ خوڵقێنەری کێشەکەیە، یا بەستێنی کێشەکەی ساز کردووە.

فەسادی ئیداری و پاوانخوازی دەسەڵات و سەرەرۆیی سیاسیی کۆماری ئیسلامی وایکردووە کە نادادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ئێران لەوپەری خۆیدا بێت بە شێوەیەک کە هەموو خەڵکی ئێران بۆ دابین‌کردنی تێچووی ژیانی رۆژانەی خۆیان توشی قەیرانی قوڵ بوون. و لەگەڵ ئەوەش بەردەوام لە تریبۆنە فەرمییەکان باسی ئەوە دەکرێت کە هەژاری شانازییە و دەوڵەمەندی شوورەییە و ئەگەر کەسێک دەوڵەمەند بێت ئەوە زوڵمی لەکەسێکیتر کردووە.

هەموو بوونی مافیای حکوومەتی و لاوازبوونی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی و بەکارهێنای داهاتی مادەی سرکەر بۆ ئامانجی تایبەت وایکردووە کە زۆر بە بەرینی ئەو مادەیە لە ئێران بڵاوبێتەوە و هیچ دەسەڵاتێکی ڕەوا بەڕەورووی نەبێتەوە.

لە باسی مافی ژن و هاووشانی ژن و پیاو کۆماری ئیسلامی خوێندنەوە و ڕوانگەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە و هەر لەو کاتەدا ئەو ڕوانگەیە دژی ڕوانگەی فەرهەنگی کوردستان دەرهەق بە ژنانە. لەو روانگەیەدا پێداگری لەسەر حیجابی ئاپارتایدی دەکات و دەیەوێت هەموو ژنی کۆمەلگای ئێران یەک جۆر لیباسیان لەبەر بکەن لە هەمان ڕوانگەدا ژن سەرچاوەی بیری شەیتانی و خلیسکانی پیاوە و لەهەمان کاتدا ژن رەگەزێکی لاواز و دەستەوستانە.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە رێگای \"گەشتی ئیرشاد\" و \"گروپی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر\" و دادگا کۆمەلایەتییەکان بەروە بەو ڕوانگەی خۆیان لە کۆمەڵگادا دەدا و هەر چەشنە ڕوانین و لێکدانەوە و خوێندنەوەیەکیتر لەسەر ژنان جیاواز لە ڕوانینی خۆی بە مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگا و ئیسلام دادەنێت و تەنانەت دەبینن کە لە نوێژی هەنییدا. پێشنوێژی تاران بە پانەوە دەلێت: بێ‌حیجابی بۆتە هۆی بۆمەڵەرزە لە دنیادا.

هەر لەو ڕوانگەیەشدا ژن بە رەگەزی لاواز و شەیتانی دەێتە حیساب و کۆمەڵێک داب و نەریتی بەسەردادەسەپێت. وەکوو ڕوونمان کردووە پرژاندنی تیزاب بەسەر ژناندا هەوڵی گروپێکی توندئاژۆیە، بۆ جێخستنی ڕوانگەی ئاپاراتایدی حکوومەت لەسەر ژنان لە کۆمەڵگای کوردستاندا، چوون هەموو باشدەزانین کۆمەڵگای کوردی ڕوانگەی لەسەر ژنان لەگەڵ روانگەی کۆماری ئیسلامی لەسەر ژنان زۆر جیاوازە و ناکۆکی جەوهەریان لەگەڵ یەک هەیە.

ئەوەش بەو واتاییە ترسی دەرنجامی پرژاندی تیزاب بەسەر ژناندا درێژکراوەی ناقانونی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامییە بۆ خۆسەپاندنی فکری بەسەر کوردستاندا واتە پاش ئەوەی هەوڵە قانونییەکان لە لایان کۆماری ئیسلامییە توشی شکست دێن و ناتوانن روانگەی ئەو رێژیمە لەسەر ژنان لە کوردستاندا بەکردەوە بکەن هەوڵەکان سەر لە کردەوەی سەرەرۆیی و ناقانونی سەر دەردێنن و ئەو کردەوانەش زۆر جار لە لایان کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە کراوە بۆ وێنە کوشتنی جیابیران لە ساڵەکانی ١٣٧٧ و ١٣٧٨ و سەرکوتی خەڵک لە پاش هەڵبژاردنی ١٣٨٨ و بەکارهێنانی \"لیباس شەخسی\" بۆ سەرکوتی بزوتنەوەی خوێندکاری و هتد..

لە بابەتی دەستەبەرکردنی ئەمنیەتی تاکدا هەموو لەسەر ئەوە ساغن کە دەوڵەت وەکوو دەسەڵاتێک کە ڕوایی بەکارهێنانی توندوتیژی پێدراوە لە بەرانبەر دەستەبەر کردنی ئەمنیەتی تاکدا بەرپرسە.

لەسەر ڕەوایی توندوتیژی دەبێ بلێن کۆماری ئیسلامی وەکوو دەسەلاتێکی پاوانخواز لە ناوچەی رۆژهەڵاتی‌نێوەراستدا و لە نێوخۆی ئێرانیش برەوبە توندوتیژی دەدا ئەو رێژیمە هەتا ئێستا لە سێ دادگای جیاواز و لەسێ وڵاتی جیاوازدا بە دەست تێدابوون لە \"تێرۆری دەوڵەتی مەحکووم\" کراوە و لە پتر لە ٥٣ تێرۆریشدا گومانلێکراوی سەرەکییە؛ کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆدا و لە رێگەی گروپگەلی بە ڕواڵەت سەرەرۆ وەکوو \"لیباس شەخسییەکان\" و گروپی \"سەعید ئیمامی\" هەتا ئێستا چەندین جار ویستی سیاسی و فکری خۆی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە و بەرەی بە ئاواتەکانی کۆمەڵگا گرتووە لەگەڵ ئەوەش مجلسی لە کۆماری ئیسلامی لە مانگی ١ ساڵی ١٣٩٤ بە پێی ئەسلی ٨ی قانونی بنەرەتی\"دەستوور\" ، قانونی \"ئەمری بەمەعرووف و نەهی لە مونکەر\" داناوە و لەگەڵ ئەوەش بە نێوی قساس دەبین لە دادگاکانی کۆماری ئیسلامییدا حوکم \"بریار\"ی \"کوێرکردن بە تیزاب\" دراوە. دەشبینین بە بریاری دادگای کەسانێک بە بەرچاوی کۆمەڵگا بەدارەوە دەکرێن و گیانیان لێدەسێندرێت.

ئەوانە و توندوتیژییەکانی نێورۆژهەڵاتی‌نێوەڕاست کە خودی کۆماری ئیسلامی خوڵقێنەری بەشێکیانە هەمووی لە ڕاستییدا سەرچاوەی ڕەوابوونی توندوتیژی لە کۆمەڵگا دایە.

لە کۆتاییدا دەبێ بلێن پژاندنی تیزاب بەسەر ژنان لە کوردستاندا ئامانجی تایبەتی فکری و دینی لە پشتە و خودی کۆماری ئیسلامیش بەرپرسی یەکەمە لەو تێرۆرەدا و تەنیا بەرپرسیش نییە، بێدەنگی رووناکبیران دەرهەق بەو بابەتە و گرێدانەوەی ئەو تاوانە بە کێشەی کۆمەڵایەتی هەڵەیەکی گەوریەیە کە تاوانەکەی ژنان و بەرەی داهاتوو کوردستان دەیدات.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە