\" توندوتیژییەک لە پێناو جوانکاری\"

18:37 - 14 خەزەڵوەر 2714
Unknown Author
نیشتمان رۆحانی

کە لە مانگی نوامبەر نزیک دەبینەوە، بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوە و سمینارات، لەلایەن چالاکان و داکۆکیکارانی مافی ژنان دەستەواژەیەک زیاتر لەهەر پرس وبابەتێک خۆی دەنوێنی \" توندوتیژی دژ بە ژنان\" هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێنە و ویدیو و ئیستاتوسەکان رەنگدانەوەی ئەو دیاردەن و هەوڵی هوشیاری و بەرنگار بوونەوەی بۆ دەدرێ. چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و بواری مافی ژنان لە هەوڵی رێکخستن و پێکهێنانی کەمپەین دەبن بە مەبەستی راگرتن یا کەم کردنەوەی ئەو دیاردەیە.

لەم بابەتە مەبەست لە توندوتیژی، جۆرەکانی، هۆکار، ریگە چارە و هەروەها مێژووی دیار کردنی رۆژێکی تایبەت بەم دیاردەیە نییە، بەڵکوو مەبەست باس کردن لە جۆرێک جوانکاری کە دەچێتە چوارچێوەی توندوتیژییەکی بێ بەزەییانە بەرامبەر ژنان.

جوانکارییەکی بێ بەزەییانە کە ژنان بە هۆی نەریتی زاڵ بە سە کۆمەڵگە بەرامبەر خۆیان دەیانکرد و لە پێناو جوانتر دەرکەوتن زیاتر بەسەریان دەسەپێنرا. \" پێ بچوکی ژنانی چینی\" جوانکاریەکی قیزەون کە تەنها تایبەت بە کۆمەڵگەیەک بووە و چەندین سەدە ژنان بوونەتە قوربانی ئەو نەریتە لە جوانکاری.
\"23037.jpg\"

بە پێی هەندێ لە سەرچاوەکان لە ساڵانی ٩٦٠ی پێش زایین و لە سەردەمی دەسەڵاتداری پاشا\" سانگ\"، کوڕی پاشا کەنیزێکی هەبوو کە بە پێ بەستراو سەمای بۆ دەکرد و ئەویش زۆر حەزی لێ دەکرد و بە هۆی عەلاقەی بۆ پێ بچوک کەنیزەکەی ناچار دەکرد پێیەکانی ببەستێ وسەمای بۆ بکات، بەرە بەرە ئەمەش بووە نەریتێک لە لای ژنان بەتایبەتی ژنانی چینە باڵا و خانەدانەکان. زۆر جار قوربانییانی توندوتیژییەکان کەسانی بێ دەسەڵات و خوارەوەی کۆمەڵگان، بەڵام لە کۆمەڵگای چینی ئەو سەردەمە قوربانیانی سەرەکی کچانی چینە باڵاکان بوون.
\"23038.jpg\"

لە راستیدا بەستنی پێیەکان و پێ بچوک یەکێک لە پێوەرە سەرەکیەکانی جوانکاری ژنان لەو سەردەمە بوو، هەروەها یەکێک لە پێوەرەکانی جیاکاری لە نێوان ژنانی چینەباڵاکان و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا و هێمای رەسەنایەتی ژنان بوو.

رێگایەک بوە بۆ پێشگیری کردن لە لە بەلارێدا چونی ژنان، ئەم کارە دەبوە هۆی ئەوەی ژنان زیاتر لە ژێر چاوەدێری بن و کۆنترۆڵ بکرێن و نەتوانن هەڵبێن، هەروەها جۆریک لە وەفاداری بۆ هاوسەرەکانیان بوە. نەریتی کەم ئەندام کردنی ژنان هێندە سەپێنراو بوو کە ئەگەر کچێک پێیەکانی بچوک نەبوایە دەرفەتی پەیدا کردنی هاوسەری باش بۆی ئەستەم بوو.

ئەم نەریتە زیاتر پەرەی گرت تا ئەوەی سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگای چینی گرتەوە و چەندین دەستەواژەی بۆ دانرا. ( پێ سەوسەنی، پێ تەڵایی، پێ نیلوفەری).

نەهامەتی کچانی چینی لە ژێر ناوی جوانکاری، لە تەمەنی ٤ ساڵی بە بەستنی بێ بەزەییانەی پێیەکانیان دەستی پێ دەکرد. ئەوان بۆ هەتا هەتایە چێژی هەڵهاتنیان لێ ئەستێندرا.

ئەم بچوک کردنی پێیە بەو شێوە بوو کە؛ کچان لە تەمەنی ٤ تا ٩ ساڵ کە هێشتا زۆر منداڵ بوون پێیەکانیان بە ئاوی گەرم دەماڵی و دواتر تەواوی پەنجەکانیان بۆ ناوەوە دەشکاندەوە تەنها پەنجە گەورەکە نەبێت و دواتر بە پارچەیەکی نەرم و بە هەندی گیراوەی روک و خوێنی ئاژەڵان بۆ ئەوەی شوێنی خۆی بگرێ تا قاپورە دەبەسترا، ئەمەش پێش لە گەشەی پێیەکانی دەگرت، تا ئەوەی کە پێیەکانیان لە ١٠ سانتیم زیاتر گەشەی نەدەکرد و هەر ژنێک دەیتوانی ئەو سایزی پێلاوەی لە تەمەنی ٥ ساڵی لە پێ کردوە تا کۆتایی تەمەن ئەو سایزە لە پێ بکات. هەندی جاریش ئەو بەستنە ئەوەندە توند دەبو کە ئەو کچانە پەنجەکانیان لێک جیا دەبوەوە، تەنانەت نەیان دەتوانی بە تەنیا وبە بێ یارمەتی کەسانی دیکە چەند هەنگاوێکیش بە ریگا برۆن. ئەم نەریتە زیاتر لە زستان دەکرا، لە لایەک جوڵە لەو وەرزە کەمتر بوو، لە لایەکی دیکەش بە توندی دەبەسترا بۆ ئەوەی لە سەرما بیپارێزن. ئەم جۆرە لە جوانکارییە بەردەوام ئازاری هەبوە، و زۆر لە ژنان بۆ هەتا هەتایە کەم ئەندام بوون و ئیدی هیچ کات نەیاتوانیوە بە حەزی خۆیان بە پی برۆن.
\"23039.jpg\"

تەنها چێژی ئەم جۆرە لە جوانکاری پۆشینی پێڵاوی نیلوفەری بوە کە لە ئەورێشم دروست دەکرا و بە شێوەی تایبەتی جوانکاری لە سەر دەکرا. لە دوای دوو یا سێ ساڵ لە بەستنی پێیەکان ئیدی شێوەی خۆیان دەگرت و بۆ هەتا هەتایە لە گەشە کردن دەوەستا و قەبارە و سایزی ئەو پێڵاوەی کە تا کۆتایی تەمەنیان لە پێیان دەکرد هەم ئەو سایزە بوو کە منداڵێکی بچوک لێ پێ دەکرد. واتە پێلاوەکانیان لە ٣ ئینچ گەورەتر نەبوو. \" 1inch = 2.54 centimeters\"
\"23040.jpg\"

بۆ ماوەی چەندین سەدە ژنانی کۆمەڵگای چین خۆیان دەکرد قوربانی نەریتێکی کوێرکوێرانەی بێ بنەما، تەنها لە پێناو هەبوونی پێ بچوک تا لە کۆمەڵگا و بەتایبەتی لە لایەن پیاوان خوازراو بن. لە سەدەی حەڤدە و لە لایەن \" مانچۆ\" یەکێک لە دەسەلاتدارانی ئەو سەردەمە هەوڵی نەهێشتنی ئەو دیاردەیە درا، بەڵام بە ئاکام نەگەیشت. هەرچەند دواتریش هەندێک هەوڵ دەدرا بەڵام وەکو پێویست نەبو و نەتوانرا پێش لە کەمئەندام کردنی ژنان بەمەبەستی جوانکاری بگیردری.
\"23041.jpg\"

لە گەل پێشکەوتنی کۆمەلگای مرۆڤایەتی، چیدیکە ژنان نەیان دەتوانی خۆیان بکەنە قوربانی لە پێناو نەریتێکی قیزەون و بەردەوام بوون لە نارەزایەتی تا ئەوەی کە لە سەدەی نوزدەیەم، ریفۆرمخوازانی چینی هاودەنگ لە گەڵ ژنانی قوربانی چەندین کەمپەینیان پێک هێنا بە مەبەستی نەهێشتنی یەکجاری ئەم نەریتە. هەوڵەکان بە ئاکام گەیشتن و لە ساڵی ١٩٩١ی زایینی نەریتی بەستنی پێ ژنان لە لایەن یاساوە قەدەغە کرا، ئەگەرچی ئەو دیاردەیە تا چەند ساڵ دوای ئەوە لە هەندێ لە گوندەکان هێشتا ژنانی دەکردە قوربانی بەڵام دوای چەند ساڵ بەتەواوی چوە ناو مێژووەوە و ئێستا تەنها وەک مێژوویەکی تاڵ و بەئازار بۆ ژنانی کۆمەڵگای چین باس دەکرێ. ئەمرۆکە کچانی تەمەن چوار ساڵی چینی لە پێناو جوانکاری نابنە قوربانی ودەتوانن تا کۆتایی تەمەن چێژ لە جوڵە و هەڵاتن ببەن. ئەوان ئیدی پێویست ناکات پەنجەی پێیەکانیان لە دەست بدەن لە پێناو پەیدا کردنی هاوسەری باش و وەفاداری بۆیان. بەو هیوایەی هەمو جۆرەکانی توندوتیژی خاڵیکی کۆتایی بۆ دابنرێ و نەک ژنان بەڵکو هیچ بوونەوەریک ئازاری توندوتیژی و دەستدرێژی نەچێژی و نەبێتە قوربانی.
\"23042.jpg\"

\"23043.jpg\"


ئەم بابتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.