ترسی کۆماری تێرۆر و تۆقاندن، لە ئازادیخوازان

20:35 - 19 رەشەمه 2717
Unknown Author
ئەلبورز ڕۆئین‌تەن

تێرۆر بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندن و لابردنی دژبەران و جیابیران یەکێک لە کردەوە هەرە نامرۆڤانەکانی مرۆڤ بەئەژمار دێت. ئەم کردەوە قیزەونە بەدەستی جەنایەتکاران و دیکتاتۆرانی سەردەمی کۆن و نوێ، یەکێک لە ئامرازەکانی پاوانخوازی و پاراستنی دەسەڵاتێکی مڵهوڕ وناڕەوایە.

ئەگەر چاوخشاندنێک بە مێژووی تێرۆر یا کرنۆلۆژی ڕووداوەکانی تێرۆر لەجیهاندا بکەین، کەم نموونەی وەک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکەوێتە بەرچاو کە بەو شێوەیە بە دژی دژبەرانی لە ئامرازی تیرۆر کەڵکی وەرگرتبێت، یان ئەگەر بەشێوەیەکی تر بڵێم کەمتر تێرۆر وەک چەکێک بەو شێوە سیستماتیکە لە لایەن دەوڵەتەوە بەکار هێنراوە.

تیرۆر زیاتر چەکی تاقمی مافیا و جەنایەتکاران یا گرووپی بچووکی سیاسی و ئیدئۆلۆژی بووە،هەتا سیاسەتی دەوڵەتێک، لە کۆماری ئیسلامیدا گرنگتر لە سیاسەتی پەروەردە و تەندروستی و پیشەسازی و ئاسایشی هاووڵاتییان کە کۆڵەکەکانی دەوڵەتمەدارین، تێرۆر و تۆقاندن بە مەبەستی لابردنی جیابیران وەک سیاسەتی سەرەکیی ڕێژیم بە شێوەیەکی سیستماتیک لە بەرزترین ئۆرگانی دەوڵەتییەوە تا بچووکترین دەسەڵاتی جێبەجێ کردندا بە فەرمی کاری بۆ دەکرێت.

تەنانەت بە ڕادەیەک ئەو بابەتە لە نێو کۆماری ئیسلامیدا جێی گرتووە، کە بە ئاشکرا پێشوازی لە ئازادکرانی بکەرانی کردەوە تیرۆریستییەکان دەکرێت ونە تەنیا جیاوازیەک لە نێوان تێرۆریستێک کە لە دادگاکانی جیهانیدا حوکم دراوە،لەگەل قارەمانێکی ئولەمپیک کە دەگەڕێتەوە وڵات نابینرێت، بەڵکوو بایەخی زیاتریش بە تێرۆریستەکە دەدرێت، تەنانەت بکەرانی ئەو کردەوە قیزەونانەلە پۆستە هەرە باڵاکانی سیاسی و تەشریفاتیدا زۆر بە ئاسایی دادەندرێن.

لێرەدا چەند هۆکارێک بۆ دەسئاوەڵایی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆر و ئەنجامی تێرۆر بە شێوەیەکی سیتێماتیک دەبینرێت. لەوانە دەتوانین ئاماژە بە دڕەندەیی و جەنایەتکاریی ڕێژیم هەروەها بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیلە پێناو بەرژەوەندیی ئابوورییان بۆ وەرگرتنی باجێکی زۆر لە بەرانبەر سەرپۆشدانانیان و بێدەنگی کردن بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی وڵات لە کردەوە تیرۆریستییەکانی ئێران، دەسەڵاتداری گرووپە تێرۆریستەکان لە ئاستی بەرز وەک هاوکارێکی تێرۆریستی ئێران بکەین.

بەڵام ئەوەی زیاتر لەو ڕۆژانە وەک دیاردەیەکی مەترسیدار لە هەرێمی کوردستاندا سەری هەڵداوەتەوەو نیگەرانیدروست کردووە،لە ساڵرۆژی تەقینەوەکەی شەوی یەڵدادا،ئەو دیاردە قیزەوەنەی ڕێژیم دووبارەبووەتە هۆکاری لە دەستدانی تێکۆشەران و ئازادیخوازانی دێموکرات یەک بە دوای یەکدا.

پێش ئەوەی بچمە سەر ئەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات دەبێ چیبکەن،دەبێ ئەو مەترسییە بۆ حکوومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەسنیشان بکەین.

یەکێک لە خاڵە جەوهەری و سەرکەوتووەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمنییەت و ئاسایشی ئەو هەرێمە بوو. ئەگەر ئەو خاڵە جەوهەرییە وا لەرزۆک ببێت کە هەر ڕۆژێک لە سوچێکی ئەو هەرێمەدا ئازادیخوازێک ببێتە ئامانجی دەستی چەپەڵی تێرۆری ڕێژیمی ئێران، ئەوە یەکێک لە کوڵەکە هەر بنچینەییەکانی هەرێمی کوردستان واتە ئاسایش و ئەمنییەت نامێنێت، کە هەموومان قوربانیمان بۆ داوە، بۆیە دەبێت حکوومەتی هەرێم زیاتر لە هەموو لایەک بە دوای ئەوە بێت ڕێکارێک بۆ پێشگیری لەو تێرۆرانە بگرێتە بەر.

ئێمە وەکوو هێز و لایەنی ڕۆژهەڵاتی دەبێت باشترین ڕێگا بۆ بەرگری و پێشگیری لەو جۆرە تێرۆرانە بگرینە بەر، ئەویش وێڕای پتەو کردنی ئاسایش و ڕێکاری پێویست، دەبێ یەکڕیز و هاوئاوهەنگتر لە جاران بەشی بەرچاوی چالاکییەکانمان بگوازینەوە بۆ نێوخۆی وڵات و پایەکانی حکوومەتی داگیرکەری لە هەموو کاتێک زیاتر بکەینە ئامانج. چوونکە ناتوانین لە بەرانبەر هێرشە ناجوانمێرانەکانی دوژمن بێدەنگ دابنیشین.

دەبێ هەمووی ئەو تێرۆرانە وێڕای دێکومێنت کردنی، بە ئاگاداریی دونیا و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بگەیەنین، وێڕای ئەوەی کە دەزانین وڵامی ئەوان بەدڵی ئێمە نەبێت، یان لە ئاستی پێویستدا نەبێت، بەڵام دیسان وەک ئەرکێکی بەشی دیپلۆماسی و دیپلۆماتەکانی شۆڕش دەبێ ڕەچاو بکرێت.

لە هەموو گرنگتر دەبێ کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵات و بە هەموو چین و توێژەکانییەوە لە بەرانبەر بە ناحەق و ناجوامێر شەهیدکردنی ڕۆڵە نەبەزەکانی بێدەنگ بێت. دەبێ لە نێوخۆی وڵاتەوە بە هەموو شێوەیەکی گونجاو وەدەنگ بێن، لە هەر دەرفەت و کەلێنێک ببنە پاڵپشتی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازان بۆ ڕزگاری کۆتایی. ئێمە لە ساڵی ڕابردوودا بە چەندین جار نیشانمان دا کە دەتوانین پایەی زوڵم و زۆرداری بلەرزێنین.

ئێمە باش دەزانین هەر کردەوەیەکی تێرۆریستی و پەرەسەندنی ئەو کردەوانە لە کات و ساتی ئێستەدا کە بەرەو بەهاری تێکۆشان و خەبات دەڕۆین و لەلایەکی تر تۆکمەتر لە جاران خەریکی خۆڕێخستنەوەی خێرا و پێشکەوتوو و سەردەمیانەین،دەبینە هۆکاری ترسی لەبڕاننەهاتووی دوژمنان وهەروەها ئەمەشسستی دەسەڵاتی داگیرکاری لە بەرانبەر ئازادیخوازاندەسەلمێنێت.

هەر بۆیە وڵامدانەوەی کۆمەڵانی خەڵک لە کاتێکدا کە کۆماری تێرۆر و تۆقاندن تۆقیوە، دەتوانێت بەرەو ڕزگاریی کۆتاییمان ببات.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.