بەیاننامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە) بەبۆنەی داسەپاندنی ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر "زارا محەممەدیـ"ـدا

11:49 - 3 گەلاوێژ 2720

"زارا محەممەدی" مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی "نۆژینـ"ـی سنە بە تاوانی فێرکردنی زمانی دایکی بە منداڵانی بێبەشی کوردستان، بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

بەپێی ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خوێندن و فێرکردن بە زمانی دایکی ڕێگەپێدراوە و مافی بێ ئەملا و  ئەولای هەموو نەتەوە و کەمە نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێرانە و نەتەوە و کەمە نەتەوەکان دەتوانن بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن و بنووسن؛ بەڵام بەداخەوە ئەو ئەسڵە گرینگە لەبیر کراوە و سەرەڕای ئەوەیکە ئەو ئەسڵە جێبەجێ نەکراوە، بەڵکوو کەسانێک کە لە ڕاستای پێشخستن و پەرەپێدان بە زمانی دایکی هەوڵیان داوە، لەگەڵ سزای قورس بەرەڕوو بوونەتەوە.

لە کوێی جیهان دیتراوە کە بۆ فێرکردن و خوێندن بە زمانی دایکی ئەو جۆرە سزا قورسە دادوەرییە و نادادپەروەرانەیە، داسەپێت؟

حوکمی نادادپەروەرانەی ١٠ ساڵ زیندان بۆ زارا محەممەدی، ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین و مامۆستای زمان و وێژەی کوردی بە تاوانی "فێرکردنی زمانی دایکی و هەوڵدان بۆ پێشخستنی ئەو زمانە کە سەرەتاییترین مافێکە کە بە فەرمی ناسراوە و بەپێی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامییە، ئەو حوکمە بسەپێت.

بارودۆخی هەنووکەیی هەر مرۆڤێکی ئاگا و بەویژدان بەو قەناعەتە دەگەیەنێت لەهەمبەر ئەو سزایە هەڵوێست بگرێت. خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان سەرەڕای وەها سزایەک بە ئیرادەیەکی بەهێز لە ڕاستای جێبەجێ بوونی داخوازییە ڕەواکانیان کە هەمان بارهێنان  و فێرکردنی زمانی دایکییە، پێداگری دەکات.

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و  زیویە) حوکمی داسەپاو بەسەر زارا محەممەدی بە پێشێلکردنی مافی بنەڕەتیی خەڵکی کوردستان دەزانێت و بەپێی ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتی، بە ئەرکی خۆی دەزانێت داکۆکی لە خوێندن بە زمانی دایکی بکات و هەر جۆرە نادادپەروەرییەک لە ڕاستای بەربەرستکردنی بارهێنان و خوێندن بە زمانی دایکی مەحکووم دەکات و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی داسەپاو دژی زارا محەممەدییە.

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە)

٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٩