بەڕێوەچوونی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی ساڵی ٦٧ لە خاوەران

22:03 - 7 خەرمانان 2716
‌ئاژانسی کوردپا: ڕۆژی ڕابردوو کۆمەڵێ لە کەسوکاری زندانیانی سیاسیی ئێعدام کراوی هاوینی ١٣٦٧ی هەتاوی، بە بۆنەی ٢٨ ـه‌مین ساڵڤەگەڕی کوژراوەکانیان لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیراندا، لە گۆڕستانی خاوەرانی شاری تاران کۆبوونەوە.

هەواڵدەریی هێرانا بڵاوی کردۆتەوە کە ڕۆژی هەینی ٥ی خەرمانانی ٩٥ی هەتاوی، کۆمەڵێ لە کەسوکاری ئێعدام کراوانی هاوینی ٦٧، بە ئامادە بوون لە گۆڕستانی خاوەران و دانانی گۆڵ و خوێندنەوەی سروود و شێعر، یاد و بیرەوەری ئازیزانی ئێعدام کراوی خۆیانیان بەرز ڕاگرت.

لە دەیەی ٦٠ و بەتایبەتی هاوینی ١٣٦٧ی هەتاوی‌دا، کە بە هاوینی ڕەش ناوبانگی دەرکرد، بە هەزاران زیندانیی سیاسیی ئێران لە هەموو شارەکان و بە تایبەتی لە تاران و دەوروبەری، لە دادگایی کردنی چەند خولەکی و لە لایەن هەیئەتێکی سێ کەسییەوە کە بە هەیئەتی مەرگ ناوبانگیان دەرکرد، بە ئێعدام مەحکووم کران و دەستبەجێ بە کۆمەڵ سزای ئێعدامیان لەسەر جێبەجێ کرا و بە کۆمەڵیش لە گۆڕستانە جیاوازەکان و یەک لەوانە گۆڕستانی \"خاوەران\"، خرانە گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە.

هەر لەو سەروبەندەدا، ڕەوتی ئێعدامەکان، شارە کوردنشینەکانی ئێرانیشی گرتەوە. لە ڕێکەوتی ٥\\٦\\١٣٥٨دا، خەڵخاڵی لە دوای تەواوبوونی کەف و کوڵی کۆمەڵکوژیی پادگانی سنە، بە دووپات کردنەوەی ئەو جینایەتانە، تۆوی ڕق و نەفرەتی خۆیانی پرژانە سەر هەموو شار و دێهاتەکانی کوردستان.

لە نموونەی ئێعدامە بەکومەڵەکانی کوردستان لە دەیەی ٦٠دا، ١١ گەنجی کورد بوون کە لە ڕێکەوتی٢٣/٥/١٣٦٢دا، لە شاری سەقز لە یەک ڕۆژدا ئێعدام کران.

\"شۆعلە ئیبراهیمی، مەهین عبدۆڵڵازادە، وەحیدە وەحیدی، فاتمە جەمشیدی، محیەدین جەلالی، خالید باپیری، ڕەسول باپیری، شەمسەدین ئەحمدی، مەنسوور محەممەدی، .... لەو کەسانن کە بوونە قوربانیی بیر تەسکیی حکوومەتی ئێران و شەهید کران.

حکوومەتی ئیڕان هەر لە سەرەتای دەسەڵاتداریی خۆیەوە، لە کوردستان دەستی بە کوشتار و زوڵم و زۆر بەسەر خەڵکی کورد کرد، و تاکوو ئێستاش لە کوشتنی خەڵکی کورد لە ئێران، بە هەر شێوەیەک بۆی لوابێت نەپرینگاوەتەوە.