بەهۆی نووسینی نامە بۆ وەزیر لە سەر کارەکەیان دەرکران

15:29 - 17 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: ٤ کرێکاری پێترۆشیمیی \"جێم\" بە تاوانی نووسینی نامە بۆ وەزیری کار، لەلایەن کارفەرماکەیانەوە نان بڕاو کران.

کەمپەینی پشتیوانی لە منداڵانی کار، لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە؛ پاش ئەوەیکە عەلی ڕەبیعی وەزیری کاری کۆماری ئیسلامی سەردانی کۆمەڵەی پێترۆشیمی جێم لە تەنگستانی کرد،٤ کرێکاری ئەم ناوەندە نامەیەکیان سەبارەت بە دۆخی شپرزی گوزەران و ژیانیان ڕادەستی ناوبراو کرد.

دوابەدوای گەڕانەوەی ڕەبیعی بۆ تاران، کارفەرمای ئەم پیترۆشیمییە لە بڕیارێکی سەرسووڕهێنەردا، هەر ٤ کرێکارە واژۆکەرەکەی پێترۆشیمی دەرکرد و نانبڕی کردن.

کەماڵ شەهریاری ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاوەدانیی مەجلیس لە هەڵوێستێکدا ڕوو لە ڕەبیعی وتوویەتی: گەلۆ نووسینی نامە لەلایەن کرێکارانەوە دەبێ بەم شێوەیە وەڵام بدرێتەوە؟ گەلۆ وەزارەتی کار ئەوەندە لاواز و بێ‌توانایە؟

ناوە بە ناوە لە پێترۆشیمییەکانی ئێران بەبیانووی جۆربەجۆر کرێکاران لەسەر کارەکانیان دەردەکرێن؛ ماوەیەک پێش ئێستاش بەبیانووی زۆر بوونی هێزی ئینسانی، کۆمەڵێک لە کرێکارانی ناوچەی تایبەتی ئابووریی پێترۆشیمی و بەندەری ئیمام، و کرێکارانی پێترۆشیمیی ئیلام لەسەر کارەکانیان دەرکران.