بەرەو کۆتایی رێبازی تێرۆر

13:25 - 26 خەرمانان 2714
Unknown Author
ئاگری ئیسماعیل‌نه‌ژاد

رووخانی رێژیمی بەعسی عێراق لە لایەن ئەمریکا و هاوپیمانانیەوە، بابەتێکی هێنا سەر زمان و نێو رای گشتی ئەو بابەتە \"سەرهەڵدانی دەسەڵاتی دێمۆکراتیک\" لە رۆژهەڵاتی نێوەراستدا بوو.

مەبەست دەسەڵاتی دێمۆکراتیک دەسەڵاتێکە کە هەڵبژرادەی خەڵک بێت و ئاوێنەی ویست و خواستی خەڵکی وڵاتەکەی بێت. نەبوونی فەرهەنگی پێکەوە ژیان و پاوانخوازی هێندێ لایەن و پەراوێز خستنی هێندێ لایەنی‌تر و پێبەند نەبوون بە قانوون وایکرد خەونی هاتنەدی دەسەڵاتێکی دێمۆکراتیک لە عێراق زۆر کاڵ بێتەوە، بە هاتنە گۆرێی بەهاری عەرەبی و گۆڕینی دەسەڵاتی سەرەڕۆ لە هێندێ وڵاتی عەرەبی وەکوو تونس، میسر و لیبی و... دیسان باسی دێمۆکراتیزە بوونی رۆژهەڵاتی نێوەراست و باکوور ئافریکا هاتەوە گۆرێ بەڵام هێندی پێنەچوو کە لایەنگران دێمۆکراتویستی ئەو ناوچەیە تێگەیشتن کە ئەو شۆڕشە یەک لە دوای یەکانی وڵاتانی عەرەبی دێمۆکراسی و دەسەڵاتی قانونیان تێدا پەیدا نابێت.

لە میسر دەسەڵاتی ئیسلامییەکان کە پتر لە ٨٠ ساڵ بوو ئۆپۆزیسیون بوون زۆر زوو دەستیان کرد بە بەرێوە بردنی قانونەکانی خۆیان و دەیان بەرێوەبەر گشتی و وەزیریان گۆری کەسی باوەر پێکراوی خۆیان لە باتی دانا و لە تونس و لیبی و یەمەن پاش نەمانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر ئاقاری گروپ و لایەنی دەمارگرژ و چەکدار پەیدا بوو و لە سووریا ئەسەد و هاورێیانی کە ئێران و حیزبوڵان تەنانەت دەستیان لە چەکی کیمیایش دەرحەق بە خەڵکی سووریا دانەبردوو و چەند گروپی تێرۆریستی هاتنە پانتای شۆرشی خەڵکی سووریا و ویست و خواستی شۆرشیان بە لارێدا برد و وای لێهات کە هەر دەسەڵاتێکی سەرەرۆ و دیکتاتۆر لە ناوچەی باکووری ئافریکا و رۆژهەڵاتی نێوەراست لادەچێ نە تەنیا دەسەڵاتێکی دێمۆکراتیک شوێنی ناگرێتەوە بەڵکوو تێرۆر و ترس دەبێتە بەدیلی سەرەڕۆی واتە بەدیلی دیکتاتۆر دەبێت تێرۆر.

بەگشتی زۆر لایەنی دەرەکی لە هێنانە گۆرێ تێرۆر وەکوو بەدیلی دیکتاتۆریت دەستیان هەبوو بە شێوەیەک کە قاسم سولێمانی فەرماندەری سوپای قودس لە ئێران لە کۆبوونەوەی بۆ قوتابییانی خوێندنگەی حەقانی دەڵێت : ئێستا ئێمە شەڕەمان لە سنووری ئێراندا نەهێشتووە و شەڕی ئێمە لە تونس و میسر و لیبی‌یە\" ڕوونە کە وڵاتانی وەکوو عەرەبستان و قەتەریش لەو پرۆسەیەدا دەسەتیان هەبووە.

تیرۆریستان و گروپە رادیکاڵەکان رۆژ بە رۆژ دەسەڵاتی زیاتریان لەو وڵاتانەی کە شۆڕشیان تێدا کرابوو دەگرتە دەست و هەتا ئەوەی لە رۆژی ٩ی مانگی ٦ تێرۆریستان دەستیان بەسەر موسڵدا گرت و پاش هێرش کردنە سەر مووسڵ دەوڵەتێکان لە بەشێک لە خاکی عێراق و سوریا کە خاوەنی نەوتە دادەمەزراند و لەگەڵ ئەوەش بوون بە خاوەن ئەو چەکە پێشکەوتوانە کە پێشتر لەلایان دەوڵەتی ئەمریکاوە بۆ پاراستنی عێراق داربوو بە لەشکری عێراق.

لێرەدا دوو بابەت دەهاتە ئاراوە:

١: دەوڵەت لە عێراقدا کە بریار بوو ببێتە دەسەڵاتێکی دێمۆکراتیک نەتەنیا ئەو دەسەڵاتە نەبوو بەڵکوو هێندە لاواز بوو کە توانای پاراستنی خۆشی نەبوو
٢: تێرۆریستان لە گروپێکەوە خەونەکانیان بەرو دەوڵەت هەڵکشابوو
پاش پەلاماردانی شنگال لە ٣ی مانگی ٨ لەگەڵ ئەوەی کە ژینۆسایدێک بەبەر چاوی کۆمەڵگەی جیهانییدا ڕوویدا، دەرکەوت کە خەونی تێرۆریستان زۆر لەوە گەورەتر بە سنوورەکانیان رازی ببن و ئەوان رۆژ بە رۆژ خوازیاری بەرفراوان کردنەوەی سنووری دەسەڵاتیانن.

هەوڵی ئەمریکا بۆ ساز کردنی بەرەیەکی شەڕ بۆ دژایەتی کردن لەگەڵ گروپی تێرۆریستیی داعش و بڵاوکردنەوەی ئێستراتژی نوێ ئەمریکا بۆ شەر لەگەڵ تێرۆریستان لە رۆژی ١١ سێپتامبری ٢٠١٤دا لە راستیدا دەکرێت بە دەسپێکی سیاسەتێکی نوێی ئەو وڵاتە سەیری بکەین ئەمریکا کە لە سێ ساڵی ڕابردوو بە زۆر بیانوو راستەخۆ خۆی لە قەرەی شەڕی نێوان دێمۆکراتخوازەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست و گروپە تێرۆریستییەکان نەدەدا پاش دامەزرانی دەوڵەتێک لەلایەن تێرۆریستانی داعشەوە و پەلاماری کوردستان لەلایەن ئەو گروپەوە هاتە سەر ئەو باوەری کە دەبێت لەو شەرەدا بەشداری بکات و بەشداری ئەمریکا و بەرەی دژە تێرۆر لە شەر لەگەڵ تێرۆریستان لە عێراق و سووریا و زەختی ئەمریکا بۆ دامەزرانی دەوڵەتێکی نیشتمانی لە عێراقدا دەستپێکێکی نوێیە بۆ سەرگرتنەوەی پرۆسەی دێمۆکراسی لە رۆژهەڵاتی نێوەراست و باکووری ئافریقا و دەستپێکێک کە دە دەتوانێ هێوای ئەو زیندوو کاتەوە کە فۆرمۆلی یان دیکتاتۆر یان تێرۆر جێگەی خۆی بە دێمۆکراسی پاش دیکتاتۆر بدات و وا دەرنەکەویت کە لە ناوچەیە یان دەبێ دەسەڵاتی دیکتاتۆر بوونی هەبێت یان تێرۆر جێگەی دەگرێتەوە.

یەکەم چاوەڕوانی کە لە بەشداری ئەمریکا لەشەڕی داعش دا دەکرێت ئەوەیە کە قورسایی سیاسی لە سووریا و عێراق بەلای هێزە دێمۆکراتخوازەکاندا لاسەنگ بێت بەڵام ئایا ئەو پرۆسەیە سەرکەتوو دەبێت؟ بێگومان ئەوە پێویستی بە کات هەیە.